یەكێتی پێیباشە لایەنەكانی هەرێم بەیەكگرتوویی بچنەوە بەغدا

عیراق

18/07/2018‌ 347 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەكۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی باس لەسەردانی شاندی حیزبەكە بۆ لای لایەنەكان كراوە، ئەوەش بەقسەی رێواز فایەق ئەندامی سەركردایەتی حیزبەكە.

هەر بەقسەی رێواز فایەق سەركرایەتی یەكێتی پێی باش بووە كورد بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی لەبەغدا بە یەك دەنگ و بەیەكەوە بچن گفتوگۆی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان بكەن.

ئەمە لەكاتێكدایە رۆژی سێ‌ شەممە كۆبوونەوەی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی لەسلێمانی بەرێوەچوو، كە رێواز فایەق ئەندامی سەركردایەتی حیزبەكە بۆ پێگەی فەرمی یەكێتی "PUKmedia" رایگەیاندووە "لەكۆبوونەوەی سەركردایەتی دا باس لە ئامادەكارییەكانی دەزگای هەڵبژاردن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش كراو تێیدا لەلایەن لێپرسراوی دەزگای هەڵبژاردنەوە راپۆرتێك پێشكەشكراو ئەندامانی سەركردایەتیش پشتیوانی خۆیان بۆ بەردەوامی كارەكانی دەزگای هەڵبژاردن نیشاندا".

هەروەها راشیگەیاند "گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی ناوچەكەو كاریگەرییەكانی بارودۆخی ئێستای عێراق لەسەر هەرێمی كوردستان كراو پێشنیارەكان خرانەڕوو".

هەر لەو بارەیەوە ئارێز عەبدوڵڵا ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی رایگەیاند: "وەك یەكێتی پرۆژەی خۆمان هەیە بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق و لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان هەوڵدەدەین بە پرۆژەیەك بچینە بەغداو لەگەڵ لایەنەكان گفتوگۆ بكەین".

هـ ـ ح