فەرماندەیەكی پۆلیسی فیدراڵی عێراق لەكەركوك دەكوژرێت

عیراق

18/07/2018‌ 1333 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لە ئاكامی تەقینەوەی بۆمبێكی چێنراو لە پارێزگای كەركووك، فەرماندەیەكی فەوج لە پۆلیسی فیدراڵ كوژرا.

ئەفسەری پۆلیس، نەقیب حامد عوبێدی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵ وتی: "ئێوارەی دوێنێ سێشەممە، بۆمبێكی چێنراو بەهێزێكی پۆلیسی فیدراڵدا تەقییەوە لەوكاتەی سەرقاڵی ئەنجامدانی پشكنین بوون لەقەزای داقوق (٤٥ كیلۆمەتر باشووری شاری كەركوك)".

حامد عوبێدی وتیشی: "لە ئاكامی تەقینەوەكەدا، فەرماندەی فەوجی یەك لە لیوای ١٦ی پۆلیسی فیدراڵ كوژرا، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ناوەكەی بكات".

كۆتایی ساڵی رابردوو هێزە عێراقییەكان بە پاڵپشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش و دوای سێ ساڵ لە شەڕێكی سەخت دژی رێكخراوی داعش تەواوی ئەو رووبەرەیان كۆنتڕۆڵكردەوە، كە بە یەك لەسەر سێی خاكی عێراق هەژمار دەكرا كە داعش لە هاوینی ٢٠١٤ كۆنتڕۆڵی كردبوو.

هـ ـ ح