توركیا گرووپێكی چەكداری لەكەركوك دروستدەكات
600 كەسن و لەسەر سنووری ئیبراهیم خەلیل مەشقیان پێكراوە

کوردستان

18/07/2018‌ 1776 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
توركیا 600 ئەندامی بەرەی توركمانی لەكەركوك پڕچەك دەكات‌و موچەی مانگانەیان بۆ دەبڕێتەوە، بە وتەی بەرپرسانی یەكێتی نیشتمانی زانیاری تەواو لەسەر ئەو پرسە دراوە بەحكومەتی عێراق بۆ ئیجرائاتكردن لەسەری، بەڵام بەرەی توركومانی ڕەتیدەكاتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی، كە ئەمڕۆ چوار شەممە هەفتەنامەی ئاژانس بڵاویكردووەتەوە، توركیا هێزێكی 600 كەسی بۆ بەرەی توركمانی لەكەركوك دروستكردووە، هێزەكە پڕچەك كراون و 200 چەكداریان لەبنكەیەكی سەربازی لەسلۆپیی توركیا مەشقیان پێ كراوە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، توركیا پاڵپشتیی تەواوی ماددی هێزەكە دەكات و پڕچەكی كردوون و لە ناوچە توركمانییەكانی كەركوك دانراون، موچەی مانگانەی چەكدارانی هێزەكە لە لایەن توركیاوە دابین دەكرێت و لە 400 دۆلارەوە دەست پێ دەكات تاوەكو 800 دۆلار بە پێی پلەی سەربازیی ناو هێزەكە.

خالید شوانی، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی بە ״ئاژانس״ی وت: ״ئەو مەسەلەیە گەیەنراوەتە حكومەتی عێراق و ئیستخباراتی عێراق بۆ ئەوەی لە ئاستی باڵادا لێكۆڵینەوەی لەسەر بكرێت، تەواوی زانیارییەكان بە حكومەتی عێراق دراوە.״

دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و ئاشكراكردنی دەرئەنجامەكانی، هێزێكی بەرەی توركمانی لە كەركوك گەمارۆی نووسینگەی كۆمیسیۆنی عێراق و سندووقەكانی دەنگدانیان دا، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە كە بەرەی توركمانی لە ناو كەكوكدا خاوەنی هێزی چەكداری تایبەت بە خۆیەتی.

ئەڵماس فازڵ، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك بە ״ئاژانس״ی ڕاگەیاند: ״هەموو ئەندامانی بەرەی توركمانی لە توركیا كۆبونەوە دەكەن و ئەوامریان لەوێوەیە، بەشێكی زۆریان ملیشیایەكی چەكداریی مەترسیدارن بۆ داهاتووی كەركوك.״

ناوبراو وتیشی: ״ئەگەر دەستوور جێبەجێ بكرێت، دەبێت ئەوانە موحاسەبە بكرێن و سزا بدرێن، ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگا دەبێت هەویەی تایبەتی چەكی پێ بێت، بەڵام ئەندامانی ئەو بەرەیە گەمارۆی كۆمیسیۆنیان دا و ویستیان لە پێگەی یەكێتیی بدەن.״

بەڵام بەرەی توركمانی ئەو زانیاریانە ڕەت دەكاتەوە و ئاشكرای دەكەن هیچ هێزێكیان نییە پارێزگارییان لێ بكات.

هەروەها ئایدن مەعروف، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی بەرەی توركمانی بە ״ئاژانس״ی وت: ״بەرەی توركمانی نە هێزی درووست كردووە و نە خاوەنی هێزی چەكدارە، هیچ هێزێكیشمان نییە بۆ پارێزگاریكردن لە خۆمان یان هێزێك سەر بە بەرەی توركمانی بێت.״

پێشتر ئەرشەد ساڵحی، سەرۆكی بەرەی توركومانیی عێراق داوای درووستكردنی هێزێكی تایبەت بە توركمانەكانی كردبوو كە لە عێراق بتوانن پارێزگاری لە خۆیان بكەن.

هـ ـ ح