ئێران بەتیرۆركردنی چالاكوانە سیاسییەكەی رۆژهەڵاتی كوردستان تۆمەتبار دەكرێت

کوردستان

18/07/2018‌ 442 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئیقبال مورادی، چالاكوانی سیاسی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، لە سنووری شارۆچكەی پێنجوێن تیرۆركرا و تەرمەكەی دۆزرایەوە.

تەرمی ئیقبال مورادی لەسنووری شارۆچكەی پێنجوێنی سەر بەپارێزگای سلێمانی شەوی رابردوو دۆزرایەوەو ئەمڕۆ چوار شەممە لەمەراسمێكدا بەخاك سپێرا.

ئیقبال مورادی، چالاكوانی سیاسی و ئەندامی كۆمەڵەی مافی مرۆڤی كوردستانە و خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە، بەڵام بەهۆی فشارەكانی دەسەڵاتداری ئێرانەوە، ماوەی چەند ساڵێكە نیشتەجێی شارۆچكەی پێنجوێنە.

لەكاتی بەرێوەچوونی، مەراسیمی بەخاكسپاردنی چالاكوانانی بەشداربووی مەراسیمەكەو كەسوكاریان جەختیان كردەوە، كە ناوبراو هیچ كێشەیەكی كۆمەڵایەتی نەبووەو لایەنی ئێرانی بەهۆی بەشداری لەچالاكییە سیاسییەكان تیرۆریان كردووە.

ناوبراو باوكی زانیاری مورادی‌و مامی لوقمانی مورادییە، كە دوو گیراوی سیاسی كوردن لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و سزای سێدارە دراون، كە ئەوەش گومانەكانی تیرۆركردنەكەی لەلایەن ئێرانەوە زیاتر كردووە.

هـ ـ ح