شارپرێس:
ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی به‌شار ئه‌سه‌دی سه‌رۆكی سوریا چووه ساڵی 18هه‌مه‌وه، له‌ئێستاشدا ئه‌گه‌ره‌كانی مانه‌وه‌ی ناوبراو له‌پۆستی سه‌رۆكایه‌تی سوریا، تا دێت به‌هێزتر ده‌بێت.
له‌گه‌ڵ كۆبوونه‌وه‌ی لوتكه‌ی نێوان دۆناڵد ته‌ره‌مپ-ی سه‌رۆكی ئه‌مریكا، ڤلادیمێر پۆتن-ی سه‌رۆكی ڕوسیا، ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی به‌شار ئه‌سه‌دیش پێی نایه ساڵی 18هه‌مه‌وه، زۆرێك له‌چاودێرانی سیاسی وایده‌بینن ده‌رئه‌نجامی ڕێككه‌وتنی تره‌مپ‌و پۆتن، به‌سودی به‌شار ئه‌سه‌د‌و مانه‌وه‌ی له‌ده‌سه‌ڵات دواییدێت.
ساڵی 2000 به‌شار ئه‌سه‌د له‌پاش مردنی حافز ئه‌سه‌دی باوكی بووه سه‌رۆكی سوریا، كه ئه‌وكات ئه‌و ڕووداوه به "به‌هاری دیمه‌شق" ناوبرا، به‌وه‌ی سوریا بوه‌ته خاوه‌نی سه‌رۆكێكی گه‌نج، سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونی به‌شار ئه‌سه‌دی كوڕ وه‌ك سه‌رۆكی نوێی سوریا خۆی له‌ئه‌نجامدانی كۆمه‌ڵێك گۆرانكاریی‌و بڕیاری نوێ‌دا بینییه‌وه، به‌ڵام هه‌رزوو پاشه‌كشێی له‌بڕیاره‌كانی كرد، ئه‌و وڵاته به‌هۆی به‌شار ئه‌سه‌ده‌وه له‌گه‌ڵ وڵاتانی ده‌وروبه‌ر‌و ناوچه‌كه كه‌وته ململانێوه.
ئێستا له‌پاش حه‌وت ساڵ له‌سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشی سوریا كه به‌هۆیه‌وه تا ئێستا زیاتر له‌ملیۆنێك هاوڵاتی ئه‌و وڵاته كوژراون، 12 ملیۆنیش ئاواره‌بوون، چاودێران پێیان وایه ڕووسیا و ئێران به‌شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ، ئه‌مریكاش به‌شێوه‌ی ناڕاسته‌وخۆ له‌پشت مانه‌وه‌ی ئه‌سه‌ده‌وه‌ن، ئه‌وه‌ش پاش ئه‌وه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د ژێرخانی ئابوریی وڵاته‌كه‌ی به‌ته‌واوی داڕوخاند، كه زیانه‌كانی حه‌وت ساڵ له‌شه‌ڕی نێوخۆیی ئه‌و وڵاته به 400 ملیار دۆلار خه‌مڵێندراوه.
ڕ . ج