عەبدوڵای كوێخا موبارەك دەستی لە ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان كێشایەوە

کوردستان

18/07/2018‌ 7840 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عەبدوڵای كوێخا موبارەك، ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان و باژێرەوانی ئەو بزووتنەوەیە لە چەمچەماڵ لە نامەیەكدا دەستی لە ئەندامێتی بزووتنەوەكە كێشایەوە.

لە نامەیەكدا كە بەرواری 14ی ئەم مانگەی لەسەرە تێیدا هاتووە،  "ئەمویست بەتەواوی دەست لە بزووتنەوەی گۆڕان هەڵگرم، چونكە ئێوە بێباكن لەوەی گۆڕان بەرەو چی هەڵدێرێك دەڕوات، بێباكن لە هەوڵ و قوربانییدانی سەدان هەزار گۆرانخواز بۆ سەرخستنی گۆڕان، تەنانەت بێباكن لە فرمێسك رشتن و داواكاری ئێستای جەماوەر و دۆستانی گۆڕانیش بۆ چارەسەركردنی ئەم دۆخەی ناو گۆڕان، بەڵام بەهۆی داواكاری زۆرێك لە هەڵسوڕاوان و گۆڕانخوازان و پشتیوانیانی گۆڕان بۆ مانەوەم لەگەڵ بزوتنەوەكە نەمتوانی داواكەیان رەتبكەمەوە".

عەبدوڵای كوێخا موبارەك لە سێ خاڵدا هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەكەی ئاشكراكردووەو دەڵێت، "هۆكاری یەكەم دەست بەسەردا گرتنی دارایی و میدیایی گۆڕان لەلایەن كوڕانی كاك نەوشیروان و خراپ بەكارهێنانی ئەو دامەزراوەیە".

ئاماژەی بەوەشكردووە، "هۆكاری دووەم، بێباكی ئێوەی رێكخەری گشتی و خانەی راپەڕاندن لە چارەسەری كێشە ناوخۆییەكانی گۆڕان كە ئێوە بەشێكن لەو كێشانەو ناتوانن لە پێگەی خۆتان ببورن بۆ چارەسەر بەشێك لە نیگەرانییەكان".

هەروەها هۆكاری سێیەم كە عەبدوڵای كوێخا موبارەك لە نامەكەیدا باسی كردووە، "بێ هەڵوێستی و بێ دەنگی بەشێك لە ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی لە ئاست كێشەكان و تەنها رۆڵی تەماشاكار و بێ لایەن ئەبینین، لەكاتێكدا  هەرشكست و بەلارێدا بردنێكی برزووتنەوەی گۆڕان بەرپرسیارێتییەكەی لە ئەستۆی جڤاتی نیشتیمانییە".

عەبدوڵای كوێخا موبارەك نوسیوویەتی، "هەموو لایەك دڵنیادەكەمەوە كە تۆزقاڵێك لە بیروباوەڕم نەگۆڕاوەو لە جاران زیاتر دژی گەندەڵی و نادادی دەبم و هەرگیز هەنگاو بەرەو دواوە نانێم".
ه.م