تەقینەوەكانی كەركوك لەرێگەی بۆمبی دەستی‌و چێنراو ئەنجامدراوە

کوردستان

19/07/2018‌ 491 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ژمارەیەك هاووڵاتی لەنێویاندا منداڵ هەیە لەكەركوك برینداربوون، ئەوەش بەهۆی ژمارەیەك تەقینەوەوە لە ناوچە جیاوازەكانی ئەو شارە.

دوبەدوای سەعات نۆی شەوی رابردوو لەچەند شوێنێكی شاری كەركوك، لەرێی بۆمب و جۆرە چەكی جیاواز ژمارەیەك تەقینەوە روویداو بەپێی ئامارە سەرەتایییەكان، تەنیا بریندار و زیانی ماددی لێكەوتووەتەوە.

پێگەی كەركوك ناو لەزاری عەقید ئەفراسیاو كامیل، وتەبێژی فەرماندەیی پۆلیسی كەركوك لەبارەی تەقینەوەكانەوە بڵاویكردەوە، كە “كۆمەڵێك تەقینەوە بووە، تائێستا روون نییە چەند تەقینەوەیە، بەڵام سێ ئۆتۆمبێلی نەناسراو رومانەن هەڵداوە بۆ ترساندنی خەڵك".

بەپێی سەرچاوە ئەمنییەكان، ئەمشەو 9 تەقینەوەی جیاواز رویانداوە، بەڵام هیچیان بەئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژكراو نەبووە، بەڵكو بۆمبی چێنراو و رومانە بوون.

هەروەها سەرچاوەیەك لەهێزە ئەمنییەكانی كەركوك وتی: سێ لە تەقینەوەكان لەرێگای بەغدا رویانداوە و دوانیان لە نزیك مزگەوتی حاجی سەبرییە، یەكێكی دیكەش لە نزیك خواردەمەنی زبێد، كە بەهۆیەوە هاووڵاتییەك برینداربووە.

هەروەها سێ تەقینەوەی تر لەشەقامی سەرەكی گەڕەكی حساباتی كەركوك بووە، بەوتەی سەرچاوەكە چوار كەس برینداربوون.

سەرچاوەكە وتیشی: "سێ تەقینەوەی تر لە گەڕەكی شۆرجە بووە، بەبێ ئەوەی زیانی گیانی لێبكەوێتەوە و چەند گولە هاوەنێكیش لەنزیك نەخۆشخانەی منداڵان كەوتووەتەوە خوارەوە".

هاوكات بەپێی ئامارە سەرەتایییەكان، لەئەنجامی هەموو تەقینەوەكاندا 11 كەس برینداربوون و هیچ گیانلەدەستدانێك تۆمارنەكراوە، زیانی ماددیش هەبووە.

بەپێی سەرچاوەیەكی تایبەتیش بۆ (كەركوك ناو)، دوو رومانە یەكێكیان لە نزیك و ئەویتریان لەناو باخچەی نەخۆشخانەی منداڵان تەقیوەتەوە، بەهۆیەوە دوو منداڵ و دایكیان برینداربوون، لەگەڵ دوو هاووڵاتی دیكە، كە بۆ سەردانی نەخۆش لە نەخۆشخانەكە بوون.

دوابەدوای تەقینەوەكان، هێزە ئەمنییەكان لە كەركوك خرانە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، لە ئێستادا هەڵمەتی پشكنین دەستیپێكردووە.

تەقینەوەكان هاوكاتە لەگەڵ ئۆپەراسیۆنی هێزە سەربازییەكان لەدەوروبەری كەركوك، دوای ئەوەی لە چەند هەفتەی رابردوودا چەندین روداوی جیاواز رویاندا.

لە دوایین تەقینەوەدا لەكەركوك، 1ی ئەم مانگە بەهۆی ئۆتۆمبیلێكی بۆمبڕێژكراو و بۆمبێكەوە، هاوڵاتییەك كوژراو و چەند كەسێكی تر برینداربون.

دۆسییەی ئەمنی ناو شاری كەركوك، لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017وە لەلایەن دژەتیرۆری عێراقییەوە بە هاوكاری پۆلیس بەرێوەدەبرێت، دەوروبەری پارێزگاكەش بە دەست هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵی و حەشدی شەعبیەوەیە.

هـ ـ ح