شاندی پارتی‌و یەكێتی بۆ پێكهێنانی حكومەتی عێراق لەبەغدان

عیراق

19/07/2018‌ 562 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شاندی پارتی دیموكرات‌و یەكێتی نیشتمانی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق لەبەغدان‌و بڕیارە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان كۆبوونەوە بكەن.

شاندی پارتی‌و یەكێتی رۆژی چوار شەممە چوونە بەغدا، كە ئامانجی سەرەكی چوونی شاندەكە بۆ بەشداریكردن بوو لەكۆبوونەوەی سەرۆكایەتی كۆمار لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان.

بەپێی زانیارییەكانی شارپرێس، بڕیارە شاندەكەی پارتی‌و یەكێتی بمێننەوەو ئەمڕۆ پێنج شەممە چەند كۆبوونەوەیەك لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان كۆبوونەوە بكەن.

هەر بەپێی زانیارییەكان، شاندەكەی پارتی‌و یەكێتی بەمەبەستی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق كۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان دەكەن.

مەلا بەختیار كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی، كە ئەندامی شاندەكە بوو، رایگەیاند، لەگەڵ پارتی بەشاندێكی هاوبەش لەبەغداین‌و گفتوگۆ دەكەن بۆ پێكهێنانی حكومەت.

مەلا بەختیار راشیگەیاند، كە ئێمە وەك لایەنی كوردی كۆمەڵێك مەرج‌و داواكارییمان هەیە لەلایەنە عێراقییەكان بۆ بەشداریكردن لەحكومەت، دەبێت ئەو لایەنەی حكومەت پێكدەهێنێت، ئەوە داواكارییەكانمان جێبەجێبكات.

لە 12ی ئایاری رابردووەوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەرێوەچووەو تائێستا حكومەتی نوێ پێكنەهێنراوە، بەڵام هەوڵەكان هەرچەند بۆ پێكهێنانی حكومەت چڕكراونەتەوە، نەگەیشتووە بەهیچ ئەنجامێك.

هـ ـ ح