پارتی لەسەر هەژمارنەكردنی دەستی دەنگەكانی شنگال سكاڵای تۆمار دەكات

عیراق

19/07/2018‌ 587 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پارتی بەفەرمی سكاڵای لەدژی هەموو ئەو كەسانە تۆماركردووە، كە بوونە هۆكاری هەژمارنەكردنەوەی دەستی دەنگەكانی شنگال.

قادر قاچاغ بەرپرسی لقی پارتی لەشنگال رایگەیاند، وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان دوای ئەوەی دەنگی خەڵكی شنگال، كە 120 سندووق بوون لە‌لایەن تیمی دادوەرانی كۆمسیۆنەوە نەهاتنە هەژماركردن بەدەست و ڕەتیانكردەوە، گبەفەرمی سكاڵامان تۆمار كرد لەسەر ئەو كەسانەی، كە بەغدا داینابوون وەكو كارمەند بۆ قوفڵلێدان لە‌سندووقەكان و تۆمارەكان و ئێستاش چاوەڕوان دەكەین ئەوانەی بەرپرسن لەهەژمارنەكردنی دەنگەكان، ڕێكاری یاسایی بەرامبەریان بگیرێتە بەر".

قادر قاچاغ بۆ پێگەی فەرمی حیزبەكەی راشیگەیاند "هەژمارنەكردنی دەنگی شنگالییەكان بە ئەنقەست بوو بۆ ئەوەی نەكەوێتە سەر دەنگەكانی موسڵ و پارتی نەبێتە یەكەم لەو پارێزگایە، هەر لە‌سەرەتاوە دیارە بەرنامەیەكیان هەبووە وا گومان دەكەین، چونكە سەرەتا كارتی بایۆمەتریان دابەش نەكرد و دواتریش ماوەی سێ ڕۆژ جیاكردنەوەی دەنگەكان نەكرا پاشان، كە لیژنە لە بەغدا هات لەگەڵ دادوەری ئێمە سەیرمان كرد قوفل و تۆمار لەسەر سندووقەكان نییە و دیاربوو بەئەنقەست وا كرابوو بۆ ئەوەی دەنگەكان بسوتێت‌و ئاوارە دەنگ نەدەن، چونكە تەنیا یەك دوو سندووق نەبوو وایان لێ كرابوو".

پێگەی فەرمی پارتی ئەوەشی بڵاوكردووەتەوە، كە دوای بەدەستهەژماركردنەوەی دەنگەكانی پارێزگای كەركوك و سلێمانی‌و هەولێر ڕۆژی 14 -7-2018 تیمی دادوەرانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق گەیشتنە شاری دهۆك‌و دوای دوو ڕۆژ كارەكانیان بەكۆتا هێنا، بەڵام دەنگی ئاوارەكانیان ڕەت كردەوە، كە زۆربەی دەنگی خەڵكی شنگال بوون‌و ئەژمارنەكران.

هـ ـ ح