پارتی‌و یەكێتی بەبێ‌ لایەنە ناڕازییەكان گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان دەكەن

عیراق

19/07/2018‌ 1414 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شاندی هاوبەشی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە سەرۆكایەتی فازڵ میرانی و مەلا بەختیار بەشداری كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانی عێراق بوون، ئەوەش بەبێ‌ بەشداری لایەنە ناڕازییەكانی هەرێمی كوردستان.

شاندی هاوبەشی پارتی و یەكێتی بەسەرۆكایەتی فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی و مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی رۆژی چوار شەممە سەردانی بەغدایان كرد.

شاندە هاوبەشەكەی هەردوو حیزب لەگەڵ سەرۆك كۆماری عێراقی فیدراڵ كۆبوونەوە، كە لەكۆبوونەوەكە زۆربەی لایەنە سیاسییەكانی عێراق لەوێ بەشدار بوون، بەبێ‌ بەشداری لایەنە ناڕازییەكانی هەرێم.

لایەنە ناڕازییەكانی هەرێم لەبزووتنەوەی گۆڕان‌و یەكگرتووی ئیسلامی‌و كۆمەڵی ئیسلامی‌و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری پێكهاتوون، كە لەئەنجامی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری رابردوو ناڕازین.

ئەو لایەنانە بەهۆی ناڕازی بوونیان ئامادەنین، بەشداری گفتوگۆی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق بكەن، كە پێشتر پارتی‌و یەكێتی رایانگەیاندبوو، هەوڵ دەدەن، ئەو لایەنانەش بەرنە بەغداو بەشداری گفتوگۆكان بكەن.

دوای كۆبوونەوەكەی سەرۆكایەتی كۆمارو لایەنە سیاسییەكانیش لەشەوی رابردوو، مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بۆ میدیاكان دوا و باسی لەوە كرد، كە یەكێتی و پارتی بە هاوبەشی هاتوونەتە بەغدا و لەهەفتەی داهاتوو، پڕۆژەیەكی هاوبەش دەنووسرێت لەبارەی پرسی ئابووری و ناوچە جێناكۆكەكان‌و زۆر بواری دیكەی كوردستان پێوەست بە عێراق و دواتریش مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی كۆدەبنەوە و رەوایەتی بە پڕۆژەكە دەدات.

لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەش، كە لەسەر داوای سەرۆككۆمار رێكخرابوو، مەلا بەختیار رایگەیاند هەموو لایەنە سیاسییەكان تێڕوانینیكی نوێیان بۆ عێراق هەبوو، باسی خۆپیشاندانیش كرا و چۆنیەتی رێگەچارەی رەوای خۆپیشاندانی عێراق خرایە ڕوو.

مەلا بەختیار ئاشكرای كرد كە لە كۆبوونەوەكەدا باسی ئەوە كرا، كە دادگای باڵای فیدراڵ بە زوویی بڕیار لە ئەنجامی هەڵبژاردنی عێراق بدات، بۆ ئەوەی بتوانرێ كۆبوونەوەی پەرلەمان بكرێ.

لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی عێراق، مەلا بەختیار نایشارێتەوە، كە هێشتا رێككەوتنی شیعەكان نەكراوە و سوونەكانیش خۆیان كۆنەكردووەتەوە، تەنیا كورد بە تایبەت پارتی و یەكێتی بە هاوبەشی پڕۆژەیەكیان هەیە و ئێمە خۆمان كۆكردووەتەوە و لە ئێستادا بەیەكەوە هاتووین و لە داهاتوویشدا هەر بەیەكەوە دێین.

هـ ـ ح