لەسەدا 30ی ماددەی هۆشبەر لەڕێگەی ئێرانەوە بەئەوروپا دەگات

جیهان

19/07/2018‌ 472 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەسەدوڵڵا هادینەژاد جێگری سەرۆكی ناوەندی نێودەوڵەتی ئێران بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر رایگەیاند، لەسەدا 30ی ئەو ماددە هۆشبەرەی، كە لەئەفغانستان بەرهەمدەهێنرێت لەڕێگەی ئێرانەوە دەچێت بۆ ئەوروپا.

ئەسەدوڵڵا هادینەژاد بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ راشیگەیاند، كاتێك هێزەكانی هاوپەیمانی لەئەفغانستان بوون، 200 تۆن ماددەی هۆشبەر لەو وڵاتەدا بەرهەم دەهات، بەڵام دوای دەرچوونی ئەو هێزانە ئەو بڕە بەرزبووەوە بۆ شەش هەزار تۆن، لەماوەی 13 ساڵدا رێژەی بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەر لەئەفغانستان نزیكەی 30 هێندە زیادیكردووە.

جێگری سەرۆكی ناوەندی نێودەوڵەتی ئێران بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر باسی لەوەكرد، كە بڕی ئەو ماددە هۆشبەرەی لەئێستادا لەئەفغانستان بەرهەمدەهێنرێت نزیكەی نۆ هەزار تۆنە.

هاوكات جێگری سەرۆكی ناوەندی نێودەوڵەتی ئێران بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر، راگەیاند "ئامانجی سەرەكی بازاڕی ماددەی هۆشبەر وڵاتانی ئەوروپایە، هێزە ئەمنییەكانی ئێران و ئەفغانستان بەهاریكاری رێگریانكردووە لەكاروانەكانی گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر، بەڵام نەتواندراوە رێگە لەگواستنەوەی قاچاخی بگیرێت، كە بەڕێگای نهێنی‌و بەكۆڵەپشت ئەنجام دەدرێت".

هـ ـ ح