پەکەکە بەڵینی کۆتایی هێنان بەداگیرکاری تورکیا دەدات

کوردستان

19/07/2018‌ 4557 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
کۆمیتەی بەڕێوبەریی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە، ڕایدەگەێنێت "لە شەشەمین ساڵی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستاندا، کۆتایی بە داگیرکاریی دەهێنین".
ئەمڕۆ ١٩ی تەموز، شەشەمین ساڵیادی شۆڕسی ڕۆژئاوای کوردستانە و بەوبۆنەیەوە کۆمیتەی بەڕێوبەریی پەکەکە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
کۆمیتەی بەڕێوبەریی پەکەکە لە سەرەتای ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی داوە، کە هەڵوێستی گەلی کورد لە مانگرتن تا مردنی ١٤ی تەموزی ١٩٨٢ وە تا شۆڕشی ١٩ی تەموزی ٢٠١٢ نەگۆڕاوە و ناگۆڕێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هەروەها شەشەمین ساڵیادی شۆڕسی ڕۆژئاوا لە عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە و لە گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان و هێزە ئازادیخوازەکان و هەموو مرۆڤایەتی پیرۆزکراوە، هەروەها یادی هەموو شەهیدانی کۆبانێ و بەرخۆدانی عەفرین کراوەتەوە.
دەقی راگەیاندراوەکەی پەکەکە..
وەک دەزاندرێت شۆڕسی ١٩ی تەموز وەک پارچەیەک لە شۆڕشی کوردستان و سوریا هاتە ئاراوە، لەسەر بنەمای مۆدێرنەی دیموکرات لە کوردستانێکی ئازاد و سوریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی دیموکرات ڕێگای شۆڕشی ڕووناککردەوە، سەرەتا برایەتیی لە نێوان گەلی عەرەب و هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشخست و پاشان گەلی کوردی بەرەو شۆڕشێکی دیموکرات برد، هەروەها ئەو شۆڕشە لەدژی چەتەکانی داعش و هەوڵەکان بۆ داگیرکردنی باب، جەرابلوس و عەفرین بەرخۆدانی کرد و بوو بە پێشەکوتووترین هێز بۆ پێکهێنانی یەکێتی لە سوریایەکی دیموکرات، سیستمی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی لە ڕۆژئاوای کوردستان و باکوری سوریا خوڵقاند و ڕێگای بۆ پێکهاتنی نەتەوەی دیموکرات خۆشکرد.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هەروەها هاتووە: شۆڕسی ڕۆژئاوا ئەوەندەی کە شۆڕشێکە بۆ کۆمەڵگایەکی دیموکرات و ئازاد، شۆڕشی ئازادی ژنانیشە، ژنان لە هەموو ڕووەکانەوە پێشەنگایەتیی ئەو شۆڕشەیان کرد، بۆیە هەموو هێزە سۆسیالیستەکان، دیموکراتەکان و شۆڕشگێڕەکان لە سەرتاسەری جیهانەوە ڕوویان تێکرد.
پەکەکە ڕاشیگەیاندووە: گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا بە گیانێکی ئازادەوە لە بەرامبەری هەموو هێرشێکی داگیرکارانەدا وەستاون، لەگەڵ ئەوەی هەزاران شەهیدیان داوە بەرداوامییان بە تێکۆشانی ئازادی داوە و بوون بە نموونەیەک بۆ هەموو مرۆڤایەتی، بەتایبەتی بەرخۆدانی ژنان بە پێشەنگایەتیی یەپەژە کاریگەریی کردە سەر هەموو جیهان و بوو بۆ ورەیەک بۆیان.
لەبارەی کاریگەرییەکانی ئەو شۆڕشەوە پەکەکە ڕایگەیاندووە: شۆڕشی ١٩ی تەموز هەروەها بەتایبەتی کاریگەری کردە سەر کۆمەڵگای تورکیا، گەنجانی شۆڕشگێڕی تورکیا بەرەو ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێکەوتن، بۆیەشە شۆڕشگێڕانی تورکیا لە ٢٠ی تەموزی ٢٠١٥ لە پرسوس گردبوونەوە بۆ ئەوەی پشتگیریی شۆڕشی ڕۆژئاوا بکەن، هاوپەیمانیی میت و داعش کۆمەڵکوژیی لەدژیان پێکهێنا، لە ساڵیادی ئەو کۆمەکوژییەدا یادی ئەو شەهیدانە دەکەینەوە و کۆمەڵکوژییەکە بە توندی شەرمەزاردەکەین.
لەکۆتایی ڕاگەیەندراوی پەکەکەدا هاتووە: لە حەوتەمین ساڵی شۆڕشی ڕۆژئاوادا، تێکۆشان بۆ ڕزگارکردنی عەفرین لە چنگی فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە بەرفراوانتردەکەینەوە و کۆتایی بە داگیرکاری دەهێنین، هەروەها لە سەر هێڵی کۆمۆنی دیموکراتی و تاکی ئازاد بە پێشەنگایەتیی گەنجان و ژنان بۆ دامەزراندنی نەتەوەی دیموکرات بەردەوام دەبین لە تێکۆشان.
هـ ـ ر