له‌پاش چوار ساڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتی ئاماده‌ ده‌كات

کوردستان

19/07/2018‌ 1913 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە ھەموو وەزارەتەکان ڕاسپێردراون کە ئامادەکاری بکەن بۆ بودجەی ساڵی داهاتوو، بەرپرسێکی وەزارەتی پەروەردەش ئاشکرای کرد، ئەگەر بودجە دابنرێت مامۆستاش دادەمەزرێنن.

دواینجار كه‌ هه‌رێمی كوردستان بودجه‌ی گشتی داڕشت چوار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر بوو، به‌ڵام به‌هۆی شه‌ری داعش‌و قه‌ریرانی داراییه‌وه‌ چوارساڵه‌ هه‌رێم به‌بێ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتی كاره‌كانی ڕایده‌كات، به‌ڵام مەریوان بەگۆک بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی پەروەردە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاندوه‌، "ھەموو وەزارەتەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەلایەن داراییەوە ئاگادار کراوینەتەوە بودجەی ساڵی ٢٠١٩ ئامادە بکەین و پێداویستی و خەرجی و گرێبەست و دامەزراندن، ھەمووی دیاری بکرێت، تا لە حکوومەتی داھاتووی ھەرێمی کوردستان کە دوای ھەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلوولی داھاتوو کابینە نوێ دەستبەکار دەبێت، کاری لەسەر بکات".

مەریوان بەگۆک ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، "یەکێک لە مەرجەکانی ئامادەکردنی پڕۆژەبودجەی ھەرێمی کوردستان دامەزراندنە، نەک تەنیا بۆ وەزارەتی پەروەردە، بەڵکو بو ھەموو وەزارەتەکانی دیکەش، ئەویش بە پێی پێویستیی وەزارەتەکان، ئێمە دەبێ تا مانگی ئاب بودجەی خۆمان ئامادە بکەین، ڕادەستی وەزارەتی دارایی و ئابووری بکەین".


ڕ . ج