ڕەخنەکان لە بزووتنەوەی گۆڕان!

بیروڕا

20/07/2018‌ 2426 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 
ئەوەی تێبینی دەکەم، رەخنەکان لە بزووتنەوەی گۆڕان، رەخنەگەلێکی داماو و پووچە، لەبەرئەوە نا، بزووتنەوەکە لەسەروو رەخنەوەیە، لەبەرئەوەش نا، کە بزووتنەوەکە پێرفێکتە و شایستەی رەخنە لێگرتن نییە، بەڵکو لەبەرئەوەی رەخنەکان قووڵ نیین، لە یبرکردنەوەیەکی قووڵەوە نەهاتووە، لەوەوە نەهاتووە، کە خودی زۆربەی پەیامەکانی بزووتنەوەکە هەمان پەیامی دەسەڵاتخوازییە. ئەم بزووتنەوەیە، لەو رۆژەوە، کە دەرکەوت هەموو گۆڕانکارییەکان دەبەستێتەوە بەوەی بگات بە دەسەڵات‌وبچێتە جێگەی ئەو ئیدارە فاشیی و حیزبییەی پارتی و یەکێتی، بێ ئەوەی هیچ گۆڕانکارییەک دروستبکات لە بیرکردنەوە و عەقڵیەتی خەڵکیدا، بێ ئەوەی هیچ رەخنەیەکی لەو پارادیمییە هەبێت، کە باڵیکیشاوە بەسەر عەقڵیەتی زۆربەی کۆمەڵگەدا، کە پارادیمێکی فاشییانە و دواکەوتووانەیە، تووشی شکستی فکریی و فکرخنکاندن بووە وەک پارتی ویەکێتی.


لە راستیدا گۆڕانکارییەکان بە دەستکاری عەقڵیەت و بیرکردنەوەی خەڵکی دەکرێت، بە دەستکاریکردنی ئەو پارادیمیەی، کە بیرکردنەوەی زۆربەی زۆری کۆمەڵگەی بە زۆریک لە رۆشنیبرانیشەوە لە قاڵبداوە. گۆڕانکاری بە ئازادکردنی بیر و ئەندێشەی تاک و کۆمەڵگە دەکرێت، بە زەوینەخۆشکردن بۆ ئازادی و یەکسانی و مافی مرۆڤ دەکرێت، نەک بە دەرکردنی فەرمانی ئیداریی بۆ ئازدی و یەکسانی و دادپەروەریی؛نەک بەوەی ئەم پۆست بگرێتەدەست یان ئەو پۆست بگرێتەدەست.


هەموو ئەو رەخنانەی لەسەر ماڵ و موڵک و پارە و سەروەت و سامانی بزووتنەوەکە هەیە، راستن، بەڵام بە گەڕانەوەیان بۆ خانەی راپەڕاندن یان گەڕانەوەیان بۆ رێخەری گشتی بزووتنەوەکە، هیچ لە مەسەلەکان ناگۆڕێت و بزووزتنەوەکە رزگارنکات لەو دۆخی فکرییە خنکاوەی تێیکەوتووە.


رەخنەگرن لە ئەددای رێکخەری گشتی ئێستای بزوتنەوەکە، یان گۆڕینی رێکخەری گشتی بۆ کەسێکی دیکە، شتێکی ئەوتۆ لە مەسەلە سەرەکییەکە ناگۆڕێت.


بەڕای من ئەوەی جێگەی رەخنەیە لە بزووتنەوەی گۆڕان، ئەوەیە، کە لە زۆر مەسەلەدا وەک دەسەڵدارانی پارتی و یەکێتی بیردەکەنەوە، هەموو گۆڕانکارییەکانیان خستۆتە بۆتەی گەمەی هەڵبژاردن و پەرلەمانتاریزمییەوە، ئەمانیش بە هەمان شێوەی پارتی ویەکێتی وا بیردەکەنەوە، کە هەتا ژمارەی پەرلەمانتارەکانییان زۆربێت ئەوە بە گۆڕانکاریی دەزان. کە لە راستیدا ژمارەی ٥٠ زائید یەکیش بهێنن مادام ناتوانن دیموکراتیەت بکەن بە کولتوور و گشتگیریی بکەن، مادام نەتوانن پەروەردە نادیموکراتییەکە بگۆڕان بۆ پەروەردەیەکی دیموکراتییانە، ئابووری بکەن بە ئابووریەکی دیموکراتیانە و تەوزیع بکەن بە تەوزیعیکی دادپەروەرانە، کێشەی جێندەر بە فەراهەمکردنی یەکسانی ژن و پیاو چارەسەربکەن، پەروەردەی نادیموکراتیانەی ناو خێزان بگۆڕن بۆ پەروەردەیەکی دیموکراتییانە، دژایەتی تەواوی تووندوتیژیی بکەن، مەسەلەی تەندروستی و بیمەی تەندروستیی بگۆرن بۆ تەندروستییکی سەردەمیانە و سیستماتیک، هیچ جۆرە گۆڕانکاریەکیان بۆ ناکرێت و تەنها لەوەدا خولدەخۆن و تووشی سەرەگێژە دەبن و خەڵکیش تووشی سەرەگێژە دەکەن، کە بە دوای دەسەڵات و گرتنەدەستی دەسەڵاتەوە بن و هیچی تر.


کێشەی بزووتنەوەکە، ئەوەیە، کە خۆیان بۆ جیاناکرێتەوە لە دەسەڵات، خۆ جیاکردنەوەیان لە دەسەڵات بەوە نابێت، کە رەخنەبگرن لە گەندەڵی و دزیی و جەردەیی، بەڵکو بەوە دەبێت، زۆر بە ڕوونی رەخنە لەو عەقڵیەتە دواکەوتووە سواوە بگرن، کە پارتی و یەکێتی گرتویانە بەدەستیانەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی هەموو کۆمەڵگە. جگە لەمانەش بزووتنەوەی گۆڕان پەرچەکرداریان بەرامبەر بە خۆسوورکردنەوە و خۆتووڕەکردنی پارتی یەکێتی بە واتای رادیکالیەت و شۆرشگێڕێتی نایەت، رادیکالیەت و شۆڕشگێڕێتی بە پێداگرتن دێت لەسەر گۆڕناکاری بۆ کولتوورە باوەکان، چ کولتووری پەروەردە و چ کولتووری تووندوتیژیی ناو خێزانەکان، چ کولتوورە کۆمەڵایەتییە باوەکان، کە لە ئەنجامی ئەم کولتوورە باوانەدا کۆمەڵگە داڕزاوە و ساڵانە سەدان ژن دەکوژرێن، سەدان پیاو دەکوژرێن لەسەر مەسلەی خێڵەکی و تۆڵەسەندنەوە، بێ ئەوەی بزووتنەوەی گۆڕان هەڵوێستێکی رادیکلانە و عەقڵانیەتی لەسەریان هەبێت.بە رای من گۆڕانکاری تەنها بە رەخنەگرتن نابێت بەڵکو بە بەرپاکردنی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی و سیاسیی و ئابووریی دەکرێت. ئایا بزووتنەوەی گۆڕان هیچ کات قسەی لەسەر ئەم شۆرشە کردووە؟ جا بۆی بکرێت یان نا ئەوە مەسەلەیەکی ترە، هەوڵ و خەبات وتێکۆشان بۆ شۆڕشێکی وا جیاوازە لەوەی بۆی دەکرێت یان بۆی ناکرێت، قسەکردن لەسەر شۆڕشێک، کە کۆی عەقڵیەت و کولتووری بیرکردنەوەی تاک و کۆمەڵگە بگۆڕێت بۆ عەقڵیەت و بیرکردنەوەیەکی مەدەنیانە و مۆدێرن و، بتوانێت وەرچەرخانێک دروستبکات تەنها کاری بزووتنەوەی گۆڕان نییە، بۆیە لە حاڵەتیکی وادا دڵنیام کە تەنهاباڵ نابێت ئەگەر خۆی رزگاربکات لەو عەقڵیەتە فاشییانەی پارتی ویەکێتی کە هەمیشە هەموو کۆمەڵگە بە موڵکی خۆیان دەزانن، بە داخەوە ئەم بزووتنەوەیش هەمان بیرکردنەوەی هەیە و دەیەوێت کۆمەڵگە کۆنترۆڵبکات.

بەپەلە