وتەبێژی یەپەگە: بە دڵنیاییەوە عەفرین رزگاردەكەین

کوردستان

20/07/2018‌ 2219 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نوری مەحمود، وتەبێژی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) رایگەیاند، رزگاركردنی عەفرین بۆ ئەوان پێوەر و ئامانجی سەرەكییە، وتیشی، "بە دڵنیاییەوە عەفرین رزگار دەكەین".

نوری مەحمود، بە ئاژانسی هەواڵی فورات نیوز-ی راگەیاند، لەگەڵ دەستپێكردنی شەڕی ناوخۆیی سوریا گەلی رۆژئاوا بە تایبەتی كورد لەسەر هێڵی سێیەم جوڵایەوە و یەپەگە لەو كاتەدا وەك هێزێكی شۆڕشگێڕ بۆ پاراستنی بەهاكانی كۆمەڵگە و رێكردنەوە بەڕووی سیستمێكی ئەڵتەرناتیڤدا دامەزرا.

ئاماژەی بەوەشكرد، ساڵی 2011 بۆ ماوەیەك گەڕەك و شەقامەكانیان پاراستووە، هەر كە شۆڕش بەرەوپێشچوو، رژێمی خۆی بە دیموكراتیك نەكرد و هێزەكانی رژێم ئیتر توانای پاراستنی گەلیان نەما، پێویستی بە رێكخستنی نوێی پاراستن زۆر زیادیكرد، یەپەگە لەسەر بنەمای ئەو پێویستییە و پێویستیی پاراستنی دەستكەوتەكان و بەهاكانی شۆڕشی كۆمەڵایەتیی، بۆ نەهێشتنی لەمپەرەكانی بەردەم سیستمی ئەڵتەرناتیڤ و دامەزراندنی سیستمێكی دیموكراتیك و ئازاد لەلایەن گەنجانی گەلەوە، خۆی رێكخست و دامەزرا.

نوری مەحمود ئەوەشی خستەڕوو، لەو ناوچانەدا كە لەلایەن یەپەگەوە دەپارێزران پرۆژەی چارەسەری خرانەڕوو، بەڵام كاتێك مرۆڤ سەرنجی ئەو ناوچانە بدات، كە یەپەگەی لێ نەبوو ئەوە دەبینین، كە تیرۆر، چەتەگەری و خزمەتكاری بۆ هەندێك دەوڵەت لە گۆڕێدا بوو، لەبریی پاراستن و بونیادنانی سوریا، لەو ناوچانەدا سوریا فرۆشرا، كۆمەڵكوژیی گەل ئەنجامدرا.

نوری مەحمود لەبارەی عەفرینەوە وتی، "دەوڵەتی توركیا بۆ ئەوەی عەفرین داگیربكات چەندین ساڵ ئامادەكاریی كرد و لە بەردەوامیی قسەكانیدا، دەوڵەتی تورك سوپاكەی لە عەزاز و دواتر لە ئیدلب جێگیركرد، بۆ ئەوەی هێرش بكاتە سەر باكووری سوریا و عەفرین ئامادەكاریی زۆری كردبوو، شەڕی عەفرین تەنها شەڕ نەبوو لە دژی سوپای توركیا، سوپای توركیا بەهۆی بێدەنگیی جیهانییەوە دەستی بە هێرشەكەی كرد. ئێمە ئەوەمان بینی، كە ئامانجی سەرەكیی لەو هێرشەدا تیرۆركاری، كۆمەڵكوژی و گۆڕینی دیموگرافیا و باری دانیشتوانە".

وتەبێژی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) زیاتی وتی، :هێزەكانی یەپەگە و یەپەژە تاوەكو ئێستاش لە عەفرین چالاكی ئەنجام دەدەن، ئێمە ناتوانین بڵێن، ئەمڕۆ عەفرین بە تەواوی لەلایەن تیرۆریستانی داعش، سوپای توركیا و چەتەكانی بەرەی نوسرەوە داگیركراوە، عەفرین ئێستا بەرەیەكی شەڕە، بە بەردەوامی و هەموو كاتێك ئامادەكاریمان هەیە بۆ رزگاركردنی عەفرین، واتە ئامادەكاریی یەپەگە و یەپەژە و گەلی عەفرین هەیە، داگیركەر هەرگیز ناتوانێت لە عەفرین بە ئاسانی جموجوڵ بكات. ناتوانن بحەسێنەوە و تیادا ئارام بگرن، ئێمە بە دڵنیایەوە عەفرین رزگار دەكەین و گەلەكەشمان دەگەڕێتەوە خاك و وار و ماڵی خۆی".
ه.م