ترەمپ: زیادكردنی رێژەی سوود لەلایەن بانكی ناوەندییەوە زیانی بە ئابووری ئەمەریكا گەیاندووە

جیهان

20/07/2018‌ 626 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا دووبارە رەخنەی لە بانكی ناوەندی وڵاتەكەی گرت و رایگەیاند، زیادكردنی رێژەی سوود لەلایەن بانكی ناوەندییەوە زیانی بە ئابووری ئەمریكا گەیاندووە.

دۆناڵد ترەمپ لە تویتێكدا لەهەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویكردەوە، "چین و یەكێتی ئەورووپا و ئەوانی دیكە رێژەی سوو كەمدەكەنەوە، سەرەڕای بەهێزبوونی بەردەوامی بەهای دۆلار، بەڵام ئەمریكا رێژەی سوو بەرزدەكاتەوە و ركابەرایەتی خۆی لەدەست دەدات، وەكو ھەموو جارێك ھەلومەرجی یەكسان ناڕەخسێنرێت".

پێشتر دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێكیدا بۆ كەناڵی CNBCی ئەمریكا رایگەیاندبوو، خۆشحاڵ نییە بە زیادكردنی رێژەی وەرگرتنی سوو لەلایەن بانكی ناوەندی ئەمریكاوە.

ئاماژەی بەوەشكردبوو، "هەركاتێك لە بواری ئابووری و بۆرسە بەرز ببینەوە ئەوا دووبارە هەوڵ دەدەن رێژەی سوو وەرگرتن زیاد بكەن، لەمبارەیەوە خۆشحاڵ نیم بەڵام رێگە بەوان (بانكی ناوەندی ئەمریكا) دەدەم باشترین لە ئەو شتەی بیری لێ دەكەنەوە ئەنجامی بدەن".
ه.م