سەعد حەدیسی: خۆپیشاندانەكانی عێراق نابنە فشار بۆ خێراكردنی پێكهێنانی حكومەتی نوێ

عیراق

20/07/2018‌ 675 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وتەبێژی حكومەتی عێراق رایگەیاند، سەرۆك وەزیری عێراق كەوتووەتە تاوتوێكردن و هەڵسەنگاندنی داواكانی خۆپیشاندەران، بەڵام باسی لەوە نەكرد كە ئەو تاوتوێكردن و هەڵسەنگاندنانە لەسەر چ بنچینەیەكن.

سەعد حەدیسی، وتەبێژی حكومەتی عێراق بە دەنگی ئەمەریكا-ی راگەیاندووە، "خۆپیشاندان كردن شتێكی ئاساییە و ئەوەی ئێستا لە عێراقدا ڕوودەدات زیاد لە پێویست گەورە كراوە".

ئاماژەی بەوەشكردووە، "كار لەسەر جێبەجێكردنی داواكانی خۆپیشاندەران دەكرێت، ئەو داوایانەی ڕاستن و ڕەواییان هەیە، ڕێوشوێنی تایبەت گیراونەتەبەر و بڕیاری گونجاویش دراون بۆ بەجێگەیاندنی داواكانی خەڵك".

سەعد حەدیسی وتیشی، حەیدەر عەبادی كەوتووەتە تاوتوێكردن و هەڵسەنگاندنی داواكانی خۆپیشاندەران، بەڵام هیچ باسی لەوەنەكرد كە ئەو تاوتوێكردن و هەڵسەنگاندنانە لەسەر چ بنچینەیەكن.

حەدیسی ئەوەشی خستووەتەڕوو، هەرچەندە ئێستا حكومەتی عێراق بووەتە حكومەتێكی كاربەڕێكەر، بەڵام تەواوی دەسەڵاتی هەیە بەو شێوەیەی لە دەستوردا بۆی دیاریكراوە و دەسەڵاتی هەموو خەرجییەكیشی هەیە بەپێی هاوسەنگی دارایی فێدراڵی و خۆپیشاندانەكانی عێراق نابنە فشار بۆ خێراكردنی پێكهێنانی حكومەتی نوێ.

ئەمڕۆ هەینی خۆپیشاندانی فراوان لە بەغداو بەسرەو دیوانیە بەڕێوەچوو، بەهۆیەوە خۆپیشاندەرێك كوژرا، ئەوەش بەپێی ئاژانسی فرانس پرێس

نزیكەی دوو هەفتەیە خۆپیشاندان و ناڕەزایی لە چەند پارێزگایەكی باشووری عێراق دەستیپێكردووە، خۆپیشاندەران داوای دابینكردنی پێداویستییە سەرەتاییەكانیان دەكەن.
ه.م