دەرباز محەمەد: خەڵكانی ئەجێندادار هەوڵی قۆستنەوەی ناڕەزایەتییەكان دەدەن

عیراق

20/07/2018‌ 899 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، هۆكاری سەرهەڵدانی نارەزایەتی و خۆپیشاندانەكانی عێراق نەبوونی خزمەتگوزاری و خراپی دۆخی كارەبایە، بەڵام خەڵكانی ئەجێندا داریش هەوڵی قۆستنەوەی نارەزایەتیەكان دەدەن.

دەرباز محەمەد، وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق بەدەنگی ئەمەریكا-ی راگەیاند، "نەتوانراوە لە رابردوودا سێكتەری كارەبا باش بكرێت و كەمترین بڕی كارەبا بەهاوڵاتیان دراوە، بۆیە خەڵك ناحەقی نیە خۆپیشاندان ئەنجام بدات".

ئاماژەی بەوەشكردووە، "كۆمەڵێ بەڵگەش دەستكەوتوون، خەڵكی ئەجێندا دار تێكەڵ بە خۆپیشاندانەكان بوون، ئەو خەڵكانە بەبێ هۆكار چوونەتە نێو خۆپیشاندەران و كار بۆ جێبەجێكردنی ئەجێندا تایبەتیەكانیان دەكەن".

دەرباز محەمەد جەختیشیكردەوە، "بەتێروانینی حكومەتی عێراق خۆپیشاندان رەوایە، بەو مەرجەی زەرەر بە ماڵی حكومەت و خەڵك نەگات، چونكە خۆپیشاندان بۆ چاككردنە نەك تێكدان".
سەبارەت بە ناسنامەی ئەو گروپانەی ئەجێندا دارن و خۆیان خزاندۆتە نێو خۆپیشاندانەكان، وەزیری كۆچ و كۆچبەران رایگەیاند، "خەڵكانێك هەن بەشێك نین لە ناڕەزایەتییەكان، بەڵام قەرەباڵغیەكان بۆ ئاگر كردنەوە و بارەگا سوتاندن دەقۆزنەوە، وتیشی، ئەو خەڵكانە دەیانەوێت خۆپیشاندانەكان ئیستغلال بكەن."

دەرباز محەمەد ئەوەشی خستەڕوو، "حكومەتی عێراق وا بیری لە خۆپیشاندانەكان نەكردووەتەوە كە دەستیان لە پشتەوە بێت، چونكە هۆكاری ناڕەزایەتییەكان روونە كە نەبوونی خزمەتگوزارییە".
ه.م