ترسی لەدەست دەرچوونی هەیە
ئەوەی لەپشت خۆپیشاندانەكانی عێراقەوە دەگوزەرێت

عیراق

23/07/2018‌ 2750 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەگەڵ ئەوەی هەزاران هاووڵاتی عێراقی لەدژی نەبوونی خزمەتگوزاری‌و بێكاری‌و گەندەڵی خۆپیشاندان دەكەن، پرسیارەكە ئەوەیە، هەنگاوی دواتر چییە؟

چەند رۆژێكە هەزاران هاووڵاتی بە شەقامەكانی شارەكانی نەجەف و بەسر و میسان زی قار و كەربەلاو تەنانەت بەغدای پایتەختیش بڵاوبوونەتەوەو خۆپیشاندان دەكەن لەدژی بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێكاری و گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری سەرەتایی‌و دەست تێوەردانی ئێران لە كاروباری وڵات.

توڕەیی‌و توندوتیژی خۆپیشاندەرەكان وای لەهێزە ئەمنییەكان كردووە چەك و گازی فرمێسك ڕژو ئاو بەكاربێنن بەرانبەر هاووڵاتیان، بەپێی سەرچاوەكانی پۆلیس‌و نەخۆشخانەكان لە ٨ی ئەم مانگەوە ١٤ كەس كوژراون‌و سەدان كەسی تریش برینداربوون.

لەگەڵ ئەوەی عێَراق بەنیشتمانی كانە نەوتەكان دادەنرێت‌و دۆڵەمەندە بە نەوتی ڕەش، ئەو ناوچانەی باشووری عێراق هەر وەك ناوچەكانی تری بەشێوەیەكی بەرفراوان لەقاڵبێكی نا گەشەسەندودا ماوەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هاووڵاتیان بەدەست نەبوونی كارەباو نەبوونی ئاوی خواردنەوەو كۆنەكردنەوەی زبڵ‌و خاشاك دەناڵێنن.

حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران، كە حكومەتێكی شكستخواردو بەڕێوەدەبات بەڵێنی داوە ٣ ملیۆن دۆلار تەرخان بكات بۆ گەیاندنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان بەهاووڵاتیان، بەڵام لەگەڵ ئەوەش خۆپیشاندەران بەردەوامن لە خۆپیشاندان‌و بوونی توڕەییان بەرانبەر هەردوو حكومەتی عێراق‌و ئێرانی دراوسێ و هاوپەیمانی بەهێزی بەغدا ترسی ئەوەی هەیە ئەم خۆپیشاندانانە لە دەست دەربچن‌و كۆنتڕۆڵ نەكرێن.
 
ئەو خۆپیشاندانانە چۆن دەستیپێكرد؟
خۆپیشاندەران لە ٨ی ئەم مانگەوە لەبەسرە خۆپیشاندانیان ئەنجامدا دوای ئەوەی ئێران، كە ١٤٠٠مێگاوات كارابای بۆ ناوچەكە دابین دەكرد، كتوپڕ بڕی‌و كەمیكردەوە، ئەوەش بەهۆی كەڵەكەبوونی قەرزەكانی ئەو بڕە كارەبایەی تاران‌و بە بەغدای دەفرۆشێت.

ئەو بڕانی كارەبایە هاوكات بوو لەگەڵ ئەو شەپۆلی گەرمایەی ڕووی كردبووە ناوچەكە بەپلەی گەرمی ٤٨ پلەی سەدی، هاوكات حكومەتی تاران ڕەتیكردەوە لێدوان بدات لەسەر هۆكاری بڕینی كارەباكە، بەڵام شارەزایان وای بۆ دەچن، كە ئەم كارە بۆ ئەوە ئەنجام دراوە حكومەتی عێراق ناچاربكات پارەیەكی زۆر بدات لەبەرانبەر ئەو وزەیەدا، ئەو بارودۆخەش تەواو ئاڵۆز بوو كاتێك ئەمەریكا ڕەتیكردەوە بەشداربێت لەڕێكەوتنی پلانی وزەی ئەتۆمی ئێران.

سەعد جەوادن پرۆفیسۆری زانستی سیاسی لەوانستگەی ئابووری لەندەن ئاماژەی بەوەدا، كە كشانەوەی ئەمەریكا لە ڕێكەوتنی وزەی ئەتۆمی ئێران، ئابووری ئەو وڵاتەی خستووەتە ژێر مەترسی و نیگەرانییەوە، كە ئێران دەیەوێت بەحكومەتی ئەمەریكای ڕابگەیەنێت كەوا گەر ڕێگەم لێبگرێت لە دەرهێنانی نەوت، یاخود ڕێگە لە یەكێتی ئەوروپا بگرێت وەبەرهێنان لە ئێراندا بكەن ئەوە لە هەموو لایەك كێشەت بۆ دروست دەكەین- سوریا، عێراق و ناوچەكانی كەنداو.

جەواد ئاماژەی بەوەشدا كێشەكانی باشوووری عێراق قەیرانی ئاویش دەگرێتەوە دوای ئەوەی ئێران دەستیكرد بە دروست كردنی بەنداو لەسنوورەكانی خۆیدا، كە ئەمەش بووەتە كەمبوونەوەیەك زۆر لە ئاوی ڕووباڕی دیجلە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشدا، كە ڕیژەی ئاوی ڕووبارەكانی عێراق لە %٤٠ كەمی كردووە لەماوەی ئەم چەند سەدەیەی پێشوو ئەمەش بۆتە هۆی كەم بونەوەی ئاوی كشتوكاڵ لەناوچەكانی بەسرە، ئەو ناوچەیەی پێشووتر پێی دەوترا ڤێنێسی كەنداو.

خۆپیشاندەرەكان كێن؟
تائێستا خۆپیشاندانەكان لەبەشەكانی باشووری عێراق بەچڕی ئەنجامدراون، بەڵام بەهۆی هێزەكانی پارێزگاری قەدەغەی هاتوچۆوە كەمكراونەتەوە.

زەید عەلی، كە ڕاوێژكاری یاسای پێشووی نەتەوەیەكگرتووەكان بووە لە عێراق ئەوەی راگەیاند كەوا خۆپیشاندانەكان لەناوچە شیعە نشینەكان ئەنجام دراوە بەهۆی ئەو ڕێوشوێنەی دراوەتەبەر لەناوچە تازە ڕزگاركراوەكانی ژێر دەستی داعش بەهۆی  بوونی مەترسی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان ئەوە روون دەكاتەوە، كە بۆچی خۆپیشاندانەكان ناوچەكانی باكووری عێراقی نەگرتووەتەوە.

هەروەها هەموو ئەو دەنگۆیانەی ڕەتكردەوە موقتەدا سەدر سەرۆكی رەوتی سەدر لەپشت خۆپیشاندانەكانەوە بێت و ئاماژەی بەوەشدا كەوا دیارە خۆپیشاندەرەكان سەربەخۆیانە دێنە سەر شەقام و هیچ دەستێكی لەپشتەوە نییە.

داواكاری خۆپیشاندەران چییە؟
مەئمون عەباسی، شیكاری سیاسی ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و ئەفەریقای باكوور لەبارەی خۆپیشاندانەكان وتی: "توڕەیی هاووڵاتیان دژی حكومەت زۆر پێش بڕانی كارەباش بوونی هەبووە".

خۆپیشاندانەكان لەسەرەتاوە لەدژی بارودۆخی ناخۆشی ژیانیان بووە وەك چۆن پێشتر چەندان جار خۆپیشاندان ئەنجام دراوە، عەباسی وتی وت، كە وتیشی "هەواڵی ئەو خۆپیشاندانانە بووە هۆی هاندانی هاووڵاتیانی ناڕازیی ناوچە شیعە نشینەكانی تر و وای كرد بێنە سەر شەقامەكان‌و دەست بگرن بەسەر بینا حكومییەكان بە فڕۆكە خانەی نەجەفیشەوە".

ئەو داوایانەی، كە لە خۆپیشاندەران دەبیسترێت، ئەوەیە داوا لە حكومەت دەكرێت ڕێژەی هەژاری كەم بكرێتەوە و هەلی كار كردن بڕەخسێنرێت‌و دژی گەندەڵی بوەستنەوە.

هەروەها مەئمون عباسی ئاماژەی بەوەشدا، كە ئەو توڕەییەی هاووڵاتیان لەهەڵبژاردنی مانگی ٥ی عێراق دەبینرا، كاتێك كەمترین ڕێژەی بەشداری كردن لەهەڵبژاردن تۆمار كرا لەساڵی ٢٠٠٥ەوە ئەمەش ئەوە دەردەخات ، كە هاووڵاتیان متمانەیان بە حكومەت نەماوە.

هەنگاوی دواتر چییە؟
لەگەڵ ئەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی مانگی ٥ راگەیەندراوە، بەڵام هێشتا دادگای فیدراڵی قبوڵی نەكردووەو ٣١ی مانگی پێشووش كۆتا خولی پەرلەمانی پێشوو بوو چاوەڕی دەكرێت حكومەتی نوێ پێكبهێندرێت، بەڵام شارەزایان پێشبینی دەكەن ئەم شەپۆلی خۆپیشاندانە تەنانەت تا دوای پێكهێنانی حكومەتی نوێش بەردەوام بێت.

زەید عەلی ئەوەشی وت: "پێشبینی دەكرێت ئەم خۆپیشاندانانە تا دهاتوویەكی نادیار بەردەوام بێت"، هەروەها ئاماژەشی بەوەدا ئەم جۆرە خۆپیشاندانانە لە ماوەی ١٠ ساڵی پێشوودا  هەموو ساڵێك ئەنجام دەدرێت و بە بەڵێنی وەزیرەكان بۆ ئەنجام دانی چاكسازی و دروستكردنی هەلی كاری نوێ كۆتایی پێدێت، كە هەرگیز ناشهێنرێنە دی.

داهاتی ئەو نەوتی عێراق هەیەتی بۆ هەر تاكێك بەهیچ شێوەیەك گرنتی باش بوونی ژیانی تاكەكان ناكات، بەڵكو بۆ بەدەست هێنانی ئەو ئامانجە پێویستە ئابووری وڵات بەرەو پێش ببرێت‌و پشت بە داهاتی نەوت نەبەسترێت، لە ئێستاشدا عێراق پشت بەستووترین وڵاتە بە نەوتی ڕەش.

وەڕگێڕان: بیشوان كامەران