مۆتەكەی‌ ساختەكاری‌‌و كەمی‌ بەشداری‌ خەڵك
هەڵبژاردنێكی‌ چارەنووسساز بۆ لایەنەكانی‌ دەرەوەی‌ دەسەڵات لەهەرێم

کوردستان

27/07/2018‌ 10248 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
راپۆرتی: هونەر حەمەرەشید
لایەنەكانی‌ دەرەوەی‌ دەسەڵات لەهەرێمی‌ كوردستان ئەنجامی‌ هەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ عێراقیان بۆ یەكلانەبووەتەوە كاتێك دەچنە هەڵبژاردنێكی‌ دیكەوە، بەڵام ئەمجارە چارەنوسساز.

بڕیارە رۆژی‌ 30ی‌ ئەیلولی‌ داهاتوو هەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان ئەنجام بدرێت، بەهەموو پێوەرێك بەتایبەتی‌ بۆ لایەنەكانی‌ دەرەوەی‌ دەسەڵات هەڵبژاردنێكە كە قەبارەی‌ راستەقینەی‌ خۆیان بۆ دەردەخات.

بزووتنەوەی‌ گۆڕان‌و یەكگرتووی‌ ئیسلامی‌‌و كۆمەڵی‌ ئیسلامی‌‌و هاوپەیمانی‌ بۆ دیموكراسی‌ دادپەروەری‌، ئەو لایەنانەن، لەدەرەوەی‌ دەسەڵاتن‌و ئێستا ناڕازین لەئەنجامی‌ ئەو هەڵبژاردنەی‌ پەرلەمانی‌ عێراق لە 12ی‌ ئایاری‌ رابردوو بەرێوەچوو، ئەوان پێیان وایە "ساختەكاریی گەورە" لەسیستەمی‌ دەنگدانی‌ ئەلكترۆنیدا كراوە، بۆیە سووربوون لەسەر ژماردنەوەی‌ دەستی‌ دەنگەكان.

لەدوای‌ ئەژماركردنەوەی‌ دەستی‌ بەشێك لەدەنگەكانیش، ئێستا ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن، ئەنجامی‌ هەڵبژاردنەكە گۆڕانكارییەكی‌ ئەوتۆی‌ بەسەردا نەیەت، بەڵام ئەو لایەنانە سوورن لەسەر ئەوەی‌ "ساختەكاری‌"یان لێكراوەو ئەوەی‌ راگەیەندراوە دەنگی‌ راستەقینەی‌ خۆیان نییە.

ئەبوبەكر كاروانی‌، یەكێك لەسەركردەكانی‌ یەكگرتووی‌ ئیسلامی‌ بۆ "نیقاش" وتی‌: "ئەو هەڵبژاردنە بۆ ئەو چوار لایەنەی‌ دەرەوەی‌ دەسەڵات لەهەرێم گرنگە، بەشێوەیەك دەبێتە هۆی‌ یەكلاكردنەوەی‌ چارەنووسیان".

ئەو سەركردەیەی‌ یەكگرتوو نایشارێتەوە، لەهەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ عێراق بەهەر شێوەیەك بێت ئەو لایەنانە "شكست"یان هێناوەو وتیشی‌: "دەبێت ئەم لایەنانە بەمیكانیزم‌و بەرنامەی‌ نوێوە بچنە هەڵبژاردنی‌ پەرلەمان، بۆ ئەوەش دەبێت كاری‌ پێكەوەیی بكەن".

جگە بیانووی‌ "ساختەكاری‌" رێژەی‌ بەشداری‌ خەڵكی‌ لەهەڵبژاردن، بەهۆكارێكی‌ تر بۆ "شكست"ی‌ لایەنەكانی‌ دەرەوەی‌ دەسەڵات لەهەرێمی‌ كوردستان دەزانرێت، ترس زۆرە لەهەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ كوردستانیش ئەوە دووبارە بێتەوە.

بەپێی ئامارەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، لە‌هەڵبژاردنی رۆژی 12ی ئایار، رێژەی بەشداری لەسەرتاسەری عێراق 44.52% بووە، لە‌هەر سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان-یش بەشێوەیەك بووە، هەولێر 43%، سلێمانی 50%، دهۆك 51%  بووە.

كاروانی‌ لەو بارەوە دەڵێت: "ئەگەر ئەو لایەنانە، كۆتایی بەو بۆشاییە نەهێنن كە لەنێوان ئەوان‌و خەڵك دروست بووە، دوورنییە، جارێكی‌ تر رووبەڕووی‌ هەمان كێشەی‌ هەڵبژاردنی‌ عێراق ببنەوە، كە ئەوەش گەورەترین زیان دەبێت بۆ رێژەی‌ دەنگەكانیان‌و كەمكردنی‌ زیاتر".

هەروەها بەگوێرەی‌ لێدوانی‌ بەرپرسانی‌ ئەو لایەنانە، ئەو رێژەی‌ بەشدارییە لەهەڵبژاردن كەمەو ترسی‌ دووبارەبوونەوەشی‌ لەهەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان هەیە، بەمەبەستی‌ گێڕانەوەی‌ خەڵكیش بۆ سەر سندوقەكانی‌ دەنگدان، ئەو لایەنانە هیچ بەرنامەیەكی‌ دیاریكراویان نییە.

بەڵێن ئیسماعیل ئەندامی‌ ژووری‌ هەڵبژاردنی‌ بزووتنەوەی‌ گۆڕان بۆ "نیقاش" دەڵێت "رێژەی‌ بەشداریكردنی‌ خەڵك لەهەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ عێراق زۆر كەمبووە، ئەگەریش هەیە بۆ هەڵبژاردنی‌ هەرێم دووبارەبێتەوە، كە هۆكارێك دەبێت بۆ كەمبوونەوەی‌ دەنگی‌ لایەنەكان بەگشتی‌".

لەبارەی‌ ئەوەی‌ ئەو لایەنانەی‌ چیان كردووە، بۆ ئەوەی‌ خەڵكی‌ بگەڕێننەوە بۆ سەر سندوقەكانی‌ دەنگدان؟ بەڵێن ئیسماعیل دەڵێت: "هێشتا زووە قسە لەسەر ئەوە بكەین، ئێمە لەبزووتنەوەی‌ گۆڕان كار دەكەین، بۆ ئەوەی‌ خەڵكی‌ بچنە سەر سندوقەكانی‌ دەنگدان‌و زۆرترین بەشداریش هەبێت".

هاوكات لایەنەكان نایشارنەوە، كە كەمی‌ بەشداری‌ خەڵك زیانی‌ زۆریان لێدەدات، بەشێوەیەك جگە لەوەی‌ رێژەی‌ دەنگەكانیان كەمدەكات، كەمی‌ بەشداری‌ هۆكارێكیش دەبێت، بۆ ئەوەی‌ لەو رێگەیەوە ئەنجامدانی‌ "ساختەكاری‌" بۆ لایەنەكانی‌ دەسەڵات ئامادەبێت.

هاوپەیمانی‌ بۆ دیموكراسی‌‌و دادپەروەری‌ یەكێكە لەو لایەنە ناڕازییانەی‌ هەرێم، كە لەهەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ عێراق زۆرترین كاریكرد بۆ ئەوەی‌ زۆرترین خەڵك بچنە سەر سندوقەكانی‌ دەنگدان، ترسی‌ خۆی‌ ناشارێتەوە، جارێكی‌ تر كەمی‌ بەشداری‌ خەڵك زیانیان پێبگەیەنێت.

رێبوار كەریم مەحمود وتەبێژی‌ هاوپەیمانی‌ بۆ دیموكراسی‌‌و دادپەروەری‌ بۆ "نیقاش" وتی‌: "كەمی‌ بەشداری‌ خەڵك لەهەڵبژاردنی‌ عێراق هۆكارێك بوو بۆ دەنگی‌ لایەنەكانی‌ دەرەوەی‌ دەسەڵات لەهەرێم، ئەگەر بێت‌و لەهەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان ئەوە چارەسەرنەكرێت، ئەوە هەمان رێژە دووبارەبێتەوە".

رێبوار وتیشی‌: "ئەو پرسە تەنیا بەهاوپەیمانی‌، یان لایەنێكی‌ دیاریكراو چارەسەرناكرێت، بەڵكو دەبێت هەموو لایەنەكان بەپێكەوەیی كاری‌ لەسەر بكەن، چونكە پەیوەندی‌ بەچارەنووسی‌ هەموو لایەنەكانەوە هەیە".

هەرچەندە لایەنە ناڕازییەكان ترسێكی‌ زۆریان لە ئەنجامدانی‌ "ساختەكاری‌"‌و كەمی‌ بەشداری‌ خەڵكیان لەهەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان هەیە، بەڵام هەموو ئەو هەوڵانەی‌ دراون بۆ ئەوەی‌ ئەو چوار لایەنە بەیەك لیست بەشداری‌ بكەن، تائێستا سەركەوتوو نەبوون.

رێبوار كەریم لەو بارەوە دەڵێت: "هەوڵی‌ زۆر هەبووە بۆ ئەوەی‌ لەگەڵ سێ‌ لایەنەكەی‌ تر هاوپەیمانی‌ دروست بكەین، بەڵام نەگەیشتووین بەرێككەوتن‌و ئەو پرسە بۆ دوای‌ هەڵبژاردن هەڵگیراوە".

وتەبێژی‌ هاوپەیمانی‌ دەشڵێت: "دەبوو ئەو لایەنانە بەهەر نرخێك بووە بەیەك هاوپەیمانی‌ بچنە هەڵبژاردن، چونكە ئەوە تاكە رێگە دەبوو، بۆ ئەوەی‌ هەم متمانە بۆ خەڵك بگێڕنەوە بچنە سەر سندوقەكانی‌ دەنگدان، هەم بەپێكەوەیی كار بۆ رووبەڕووبوونەوەی‌ هەوڵەكانی‌ "ساختەكاری‌" بكەن.

ئەبوبەكر كاروانی‌ دان بەوەدا دەنێت، ئەو لایەنانە متمانەیان بەیەك نەبووەو نەبوونی‌ ئەو متمانەیەش بووەتە هۆی‌ ئەوەی‌ نەتوانن ئەو هاوپەیمانییە دروستبكەن، كە ئەوە زیانی‌ زۆریان لێدەدات‌و لەهەڵبژاردنیش ئەنجامەكەی‌ دەبینن.

كاروانی‌ باس لەوەش دەكات، كە ئەو لایەنەنانە دەتوانن لەدوای‌ هەڵبژاردن قەرەبووی‌ ئەوە بكەنەوەو كار بكەن بۆ ئەوەی‌ لەفراكسیۆنێكی‌ هاوبەش دروستبكەن، بۆ ئەوەی‌ لەو رێگەیەوە بتوانن رووبەڕووی‌ ئەو لایەنانە ببنەوە لەدەسەڵاتن.

هۆشداریش دەدات بەوەی‌ ئەم هەڵبژاردنە دوا دەرفەت دەبێت بۆیان، چونكە ئەگەر لەم هەڵبژاردنە نەگەن بەدەسەڵات، قەیرانی‌ سیاسی‌ "راستەقینە" دروست دەبێت، بەهۆی‌ ئەوەی‌ "ئەو لایەنانەی‌ هەرێمیان تووشی‌ قەیران كردووە، هەر لەدەسەڵات دەمێننەو چیتر هیچ لایەنێكی‌ ئۆپۆزسیۆنیش متمانەی‌ ئەوەی‌ نابێت، ببێتە جێگرەوەی‌ دەسەڵات، بەو شێوەیەش قەیرانەكان بەردەوام دەبن".

هێزە سیاسییەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان بۆ ئەمساڵ دوو گرەوی‌ گەورەیان لەپێش بوو، گرەوی‌ یەكەم هەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ عێراق‌و دووەمیش ئەوەی‌ كوردستانە.

لەجەولەی‌ یەكەمدا یارییەكە بۆ بەرژەوەندی‌ هەردوو هێزە باڵادەستەكە (پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان، یەكێتیی نیشتیمانی‌ كوردستان) كۆتایی هات، هەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ عێراق تاقیكردنەوەیەكی‌ سەركەوتوو بوو بۆ ئەو دوو هێزە، پاشەكشەو شكستێكی‌ گەورەش بوو بۆ هێزەكانی‌ دیكە.

هێزە نەیارەكانی‌ دەسەڵات شكستەكەیان لەدەرەوەی‌ چاوەڕوانی‌ خۆیان بوو، بەجۆرێك كورسییەكانیان بەنزیكەیی بۆ نیوە كەمی‌ كرد، لەهەڵبژاردنی‌ 2014 بزوتنەوەی‌ گۆڕان 9 كورسی‌ پەرلەمانی‌ عێراقی‌ بەدەستهێنابوو، بەڵام ئەمجارە بۆ 5 كورسی‌ كەمبووەوە، یەكگرتووی‌ ئیسلامی‌ لەچوار كورسییەوە بۆ 2 كەمبووەوە، كۆمەڵی‌ ئیسلامیش لە 3 كورسییەوە بوو بەدوو كورسی‌.

هاوپەیمانی‌ بۆ دیموكراسی‌‌و دادپەروەری‌ كە بەرهەم ساڵی‌ سەركردەی‌ دیاری‌ پێشووی‌ یەكێتی‌ رێبەرایەتی‌ دەكات، هەرچەندە گرەوی‌ لەسەر ژمارەیەكی‌ زۆر دەكرد، بەڵام لەیەكەم ئەزموونی‌ هەڵبژاردندا تەنیا دوو كورسی‌ بەدەستهێنا، نەوەی‌ نوێ-ش كە دیسانەوە هێزێكی‌ نوێیەو هیچ كام لەبەرەی‌ دەسەڵات‌و دەرەوەی‌ دەسەڵات نایانەوێ‌ لەسەر خۆیان حیسابی‌ بكەن، لەیەكەم ئەزموونی‌ هەڵبژاردندا بووە خاوەنی‌ چوار كورسی‌.

ئەمجارە هەردوو بەرەكە لەململانێیەكی‌ یەكلاكەرەوەدان، حیزبە دەسەڵاتدارەكان دەیانەوێت لەو سەركەوتنەیان پاشەكشە نەكەن‌و حیزبەكانی‌ دەرەوەی‌ دەسەڵاتیش بەهیوای‌ هەستانەوە بەختی‌ خۆیان تاقیدەكەنەوە.