هەواڵی ساختە خۆپیشاندانەكانی عێراق دەتەنێت
عەبادی لای خومەینی نییەو ترەمپ باسی ناڕەزاییەكان نەكردووە‌و سعودیەش كارەبای نەناردووە

عیراق

28/07/2018‌ 2173 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
دەربڕینی ناڕەزایی لەدژی خراپی خزمەتگوزاری‌و گەندەڵی بووە دەرفەتێك بۆ بڵاوبوونەوەی دەیان هەواڵی ساختە، بڕینی‌ ئینتەرنێتیش بووە هۆكارێك بۆ ئەوەی‌ خەڵكێكی‌ زۆر باوەڕ بەهەواڵە ساختەكان بكەن.

رۆژی 14ی ئەم مانگە حكومەتی عێراق بەتەواوی خزمەتگوزاری ئینتەرنێتی لە وڵات بڕی، ئەویش دوای پەرەسەندنی ئەو ناڕەزاییانەی لە 8ی ئەم مانگەدا لە پارێزگای بەسرە دەستیانپێكرد‌و سەرەتا سنوورداربوون‌و بەرپرسان پێیان وابوو ناڕەزایی رۆتینیین‌و هەموو هاوینێك روودەدەن، بەڵام ناڕەزاییەكان پەلیان هاویشت بۆ زۆربەی پارێزگاكانی باشوور‌و بەغداش.

بڕینی ئینتەرنێت لە رووداوێكی گرنگی وەك خۆپیشاندانەكاندا نیگەرانی دانیشتووانی لێكەوتەوە، چونكە عێراقییەكان تاڕادەیەكی زۆر پشت بە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەبەستن بەتایبەتیش فەیسبوك بۆ دەستكەوتنی هەواڵ، بۆیە خۆیان لەبەردەم شاشەی تەلەفزیۆنەكاندا بینیەوە بۆ زانینی هەواڵی خۆپیشاندانەكان، بەڵام رووماڵی خراپی زۆربەی كەناڵەكانی تەلەفزیۆنی ناوخۆ نەبووە جێی رەزامەندییان، بۆیە هەر كە دوای دوو رۆژ خزمەتگوزاری ئینتەرنێت بەخاوی گەڕایەوە، پەنایان بۆ بەرنامەكانی شكاندنی قەدەغەی سەر سایتەكان برد، بەڵام لێكەوتەكانی بڕینی ئینتەرنێت گەورەتر بوون.

تینوێتی عێراقییەكان بۆ بینینی وێنە‌و گرتەی ڤیدیۆیی خۆپیشاندانەكان‌و بڵاوكردنەوەیان لە پەیجە تایبەتییەكانیاندا، وای لە دەیان پەیج كرد لەرێی وێنە‌و گرتەی ڤیدیۆیی كۆنەوە هەواڵی ساختە بڵاوبكەنەوە، ئەمە جگە لە داڕشتنی هەواڵی هەڵبەستراو بە مۆركی سیاسییەوە كە هەندێكیان لەدژی ئێران‌و هەندێكی دیكەشیان لە بەرژەوەندی دەوڵەتانی كەنداو بوون‌و بەپێچەوانەشەوە.

"نیقاش" هەر لە دەستپێكی ناڕەزاییەكانەوە تێبینی ژمارەیەك هەواڵی ساختەی كرد كە بەهەزاران عێراقی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ئاڵوگۆڕیان دەكردن‌و مشتومڕی توندیشیان دروستكرد كە بەدەرنەبوو لە گوتاری رق‌و كینە یاخود بنیاتنانی بۆچوونی نوێ لەسەر بنەمای ئەو هەواڵە ساختانە.

لە نێو ئەو هەواڵە ساختانەشدا لێدوانێكی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا هەبوو كە تێیدا هاتبوو "بە پەلە.. دۆناڵد ترەمپ: چاودێری خۆپیشاندانەكانی باشووری عێراق دەكەین"، دوای چەند سەعاتێكی كەمیش لە بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هەواڵێكی دیكە بڵاوبووەوە كە دەڵێت: "ویلایەتە یەكگرتووەكان دوو فیرقەی سەربازی رەوانەی عێراق دەكات‌و لە فڕۆكەخانەی بەغدا دابەزیون" لەگەڵ گرتەیەكی ڤیدیۆیی فڕۆكەكانی ئەمریكا كە دەركەوت ڤیدیۆكە كۆنە‌و هی چەند ساڵێك لەمەوبەرە.

 

سعودیە كارەبای بۆ عێراق نەناردووە
لەگەڵ گەرمبوونی مشتومڕیش سەبارەت بە خۆپیشاندانەكان كە سەرەتا داوای دابینكردنی وزەی كارەبا‌و خزمەتگوزارییان دەكرد، عێراقییەكان دابەشبوون بۆ دوو گرووپ، یەكەمیان ئێرانی تۆمەتباردەكرد بەوەی لەپشت قەیرانەكەوەیە، ئەویش دوای ئەوەی ئێران بڕینی چەند هێڵێكی گواستنەوەی وزەی بۆ عێراق راگەیاند، چونكە حكومەتی عێراق چەند مانگێك بوو شایستەی دارایی ئەو گرێبەستەی نەدابوو كە لەگەڵی ئیمزاكراوە، هەرچی گرووپی دووەمیشە ئەوا سعودیە‌و دەوڵەتانی كەنداو تۆمەتبار دەكات بەوەی لەپشت خۆپیشاندانەكان‌و هاندانی شەقامی عێراقییەوەن.

لەسەروبەندی ئەم مشتومڕەدا هەواڵێكی ساختە لە پەیجێكی نەناسراوی فەیسبوكدا بڵاوكرایەوە بەناوی "هەواڵەكانی سعودیە" كە دەڵێت"بە پەلە:  دیوانی ئەمیری بە راسپاردەی خاوەنشكۆ شا سەلمان كوڕی عەبدولعەزیز فەرمانێكی دەركرد بۆ راكێشانی هێڵی كارەبا‌و ئاو بۆ ناوچەكانی باشووری عێراق كە خەڵكی ئەو ناوچانە بەدەست كەمی كارەبا‌و ئاوی شیاو بۆ خواردنەوە دەناڵێنن‌و بەپێی فەرمانی خاوەنشكۆش دەستبەجێ دەست بە جێبەجێكردنی دەكرێت" هەواڵەكەش بەخێرایی لە چەند پەیجێكی عێراقی لە فەیسبوكدا بڵاوبووەوە.

حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانیش لە هەواڵی ساختە دەربازی نەبوو، چونكە وێنەیەكی خومەینی سەركردەی شۆڕشی ئێران لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوبووەوە كە چەند كەسێك لە چواردەوری دانیشتوون، پەیجەكان بڵاویان كردەوە كە یەكێك لەو كەسانەی لە تەنیشت خومەینییەوە دانیشتووە، حەیدەر عەبادیە‌و كۆمێنتێكیشیان بۆ نووسیبوو كە دەڵێت: "عەبادی یەكێكە لە خوێندكارەكانی خومەینی ئیتر چۆن ئومێدی چاكسازی بخوازین، برایان ئێران لەگەڵ هەموو حزبە گەندەڵەكانی حكومەتەكەتانە".

دوای لێكۆڵینەوەش لە وێنەكە، دەركەوت هی كۆبوونەوەیەكی خومەینییە لەگەڵ چەند ئەندامێكی "سوپای پاسدارانی ئێران" لە حەفتاكانی سەدەی رابردوودا.

دوای چەند رۆژێكیش لە ناڕەزاییەكان هەندێك پێكدادان لەنێوان هێزە ئەمنییەكان‌و خۆپیشاندەران لە بەسرە‌و بەغدا روویاندا، عێراقییەكان تەنیا شتیان لەو بارەیەوە دەبیست، بەڵام وەك هەمیشە بەدوای وێنە‌و گرتەی ڤیدیۆییدا دەگەڕان، تا وێنەی ئەندامێكی هێزە ئەمنییەكانی عێراق بڵاوبووەوە كە رووی چەكەكەی كردووەتە كەسێكی بێ چەكی پاڵكەوتوو لەسەر زەوی، دواتریش دەركەوت ئەو وێنەیە كۆنە‌و مێژووەكەی بۆ ساڵی 2014 دەگەڕێتەوە كە تێیدا چەند ئەندامێكی هێزە ئەمنییەكان لە ئاهەنگی دەرچوونی ژمارەیەك لە هێزە ئەمنییەكاندا لە پارێزگای كەربەلا ئەركێكی راهێنان ئەنجام دەدەن.

بەڵام ئەو هەواڵە هەڵبەستراوە مەترسیدارەی كاریگەری نەرێنی لەسەر یەكڕیزی نیشتمانی هەبوو بریتی بوو لەو هەواڵەی دەڵێت: "ئەو هێزە ئەمنییانەی لە خۆپیشاندەرانیان داوە لە ئەفسەرانی سوننەی موسڵ‌و ئەنبار بوون‌و هەوڵیان داوە تۆڵە لە خۆپیشاندەرانی شیعە بكەنەوە"، كەس سەرچاوەی هەواڵەكە نازانێت‌و حكومەتیش لێدوانی لەوبارەیەوە نەدا.

عەلی روبەیعی نەقیب لە كەرتی پۆلیسی بەری رەسافە ئەو هەواڵانەی رەتكردەوە‌و بە "نیقاش"ی وت: " بەداخەوە، ئەم هەواڵە جۆرێك لە رق‌و كینەی لەدژمان دروستكرد، ئەو ئەندامانەی هێزە ئەمنییەكان كە لە نزیك خۆپیشاندەران بوون دانیشتووی هەمان ئەو شارانەن، لە هەر پارێزگایەكیشدا هێزی پۆلیسی خۆجێی‌و هێزی نەهێشتنی ئاژاوەگێڕی هەیە، مەحاڵە هێز لە دەرەوەی پارێزگاكان بۆ ئەنجامدانی ئەو ئەركە بهێنرێت".

بە سەدان عێراقی هاوسۆزی خۆپیشاندەران هەر بە بڵاوكردنەوەی هەواڵەكان لە پەیجەكانیان نەوەستان، بەڵكو وێنە‌و گرتەی ڤیدیۆییشیان بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن‌و پەیجە گشتییەكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نارد كە هەندێكیان راستەقینەبوون‌و هەندێكی دیكەشیان راستەقینە نەبوون، پەیجی "نیقاش" لە فەیسبوك ژمارەیەك لەو نامانەی بەدەست گەیشتووە كە دەركەوت هەندێكیان هەڵبەستراو‌و كۆنن‌و مێژووەكەیان بۆ ساڵانی رابردوو دەگەڕێتەوە.

داخوازی كودەتای سەربازی
دوای تێپەڕبوونی دوو هەفتە بەسەر ناڕەزاییەكان‌و ئەو لێدان‌و دەستگیركردنانە رووبەڕووی هەندێك لە خۆپیشاندەران بوونەوە، هەواڵێكی هەڵبەستراو بڵاوبووەوە كە گوایە لێدوانی جەنەڕاڵ تاڵب شەغاتی فەرماندەی دەزگای دژەتیرۆرە لەبارەی ئەو هێرشانەی كراونەتە سەر خۆپیشاندەران‌و تێیدا وتوویەتی: "ئەمە شەڕی ئێمە نییە‌و دەستمان بەخۆینی رۆڵەكانمان سوور ناكەین لەپێناو بەرپرسە گەندەڵەكاندا".

هەواڵەكە لە زاری چەند سەرچاوەیەكی نەناسراوەوە ئەوەشی گواستەوە كە جەنەڕاڵ تاڵب شەغاتی رازی نەبووە هێزەكانی دەزگای دژەتیرۆر بنێرێت بۆ سەركوتكردنی خۆپیشاندەران‌و داواشی لە حكومەت كردووە گوێ لە دەنگی گەل بگرێت بەرلەوەی كار لە كار بترازێت"، دواتریش دەركەوت هەواڵەكە درۆیە، بەڵام بە هەزاران عێراقی باوەڕیان پێكرد، ئەویش بەهۆی ئەو ئاستە جەماوەرییەی هێزەكانی دژەتیرۆر هەیانە بەتایبەتی ئەو كاتەی شەڕیان لەدژی توندڕەوان دەكرد.

ئەم هەواڵە بۆچوونی نوێی لەنێو عێراقییەكاندا هێنایە ئاراوە، چونكە هەندێكیان پێیان وابوو چیتر خۆپیشاندان لەگەڵ حكومەتدا سوودی نەماوە‌و چارەسەر كودەتایەكی سەربازییە كە دەزگای دژەتیرۆر رێبەرایەتی بكات، ئەم بۆچوونەش بە پشتبەستن بە لێدوانێكی ساختەی فەرماندەی ئەو هێزانە بنیاتنرابوو.

بڕینی ئینتەرنێت هۆكارێكی بڵاوبوونەوەی هەواڵی ساختەیە
حەیدەر حەمزوز چالاكوانی مەدەنی‌و سەرۆكی تۆڕی "ئەنسەم" بۆ سۆشیال میدیا بە "نیقاش"ی وت: "بڕینی ئینتەرنێت پێشێلكردنی ئازادی رادەربڕینە‌و بڕیارەكەی حكومەت بۆ بڕینی ئینتەرنێت لەكاتی خۆپیشاندانەكاندا بڕیارێكی دروست نەبوو، چونكە یامەرتیدەر بوو بۆ بڵاوبوونەوەی هەواڵی درۆ، هەروەها یارمەتیدەریش بوو لە  سەختی تێگەیاندنی رایگشتی بەوەی ئەو هەواڵانە ساختەن، ئەویش بەهۆی پچڕانی ئینتەرنێتەوە".

سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی دەیان هەواڵی ساختەش لەكاتی خۆپیشاندانەكاندا، حەمزوز دەڵێت: "دەوڵەتی عێراق سەرەڕای ئەوەی خاوەنی تۆڕی میدیای عێراقییە كە توانایەكی دارایی‌و كارگێڕی گەورەی هەیە، نەیتوانی سەكۆیەكی ئەلیكترۆنی بۆ دژایەتیكردنی هەواڵی ساختە دابمەزرێنێت، پێویستمان بەو دامەزراوانەیە كە راستییەكان بگوازنەوە لەبری قەدەغەكردنی ئینتەرنێت، هەروەك بنبڕكردنی هەواڵی ساختە پێویستی بە بڵاوكردنەوەی رۆشنبیرییەكی كۆمەڵگەییە لەبارەی دڵنیابوونەوە لە سەرچاوەی هەواڵەكان كە بەداخەوە ئەوەش لە عێراقدا نییە".

تا ئەمڕۆش خزمەتگوزاری ئینتەرنێت خاوە، چونكە هێشتا حكومەت رێی لە دەیان سایتی ئەلیكترۆنی‌و تۆڕی كۆمەڵایەتی وەك واتساپ‌و  ڤایبەر گرتووە كە ئەوەش عێراقییەكانی ناچار كردووە بەرنامەی فلتەرشكێن بەكاربهێنن‌و ئەوەش وەك عیماد كەریم شارەزای دیجیتاڵی دەڵێت، شتێكی مەترسیدارە.

عیماد لە لێدوانێكیدا بە "نیقاش"ی وت: "بەرنامەكانی فلتەرشكاندن كە ئێستا عێراقییەكان لە مۆبایل‌و كۆمپیوتەرەكانیاندا بۆ بەدەستهێنانی ئینتەرنێت بەكاریان دەهێنن، زۆر مەترسیدارن، بەتایبەتی ئەوانەی كە بەخۆڕایین، چونكە ئەو بەرنامانە هەڕەشەن بۆسەر تایبەتمەندی بەكارهێنەرانیان بەتایبەتی كە پشت بەوە دەبەستن وا پیشانی ئامێرەكانی قەدەغەكردن بدەن كە بەكارهێنەر لە دەرەوەی عێراق نیشتەجێیە، هەروەك ئەو بەرنامانە دەتوانن بەئاسانی بگەنە زانیاریییە كەسییەكان".

بەپەلە