زیندووبوونەوەی شەڕی سارد.. میسر وەك خاڵی بەریەككەوتنی نێوان ئەمەریكاو روسیا

جیهان

01/08/2018‌ 4761 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: تایبەت
وەرگێڕان‌و ئامادەكردنی حلمی رەسوڵ رەزا
لەكاتێكدا خاڵی ململانێكانی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و روسیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر سوریا و ئێرانە، كەچی سەرۆكی روسیا ڤلادێمێر پۆتین بەلەسەرخۆ دەیەوێت میر بەلای خۆیدا كێش بكات. 

هەروەك هەندێك نووسەری بواری ستراتیجی ئاماژە بە وینەیەكی مەترسیدار ئەكەن، كە تیایدا رەنگە ئەمەریكا شەریكێكی ستراتیجی (میسر) لە بەرژەوەندی روسیا لە دەست بدات.

ئەم قسەیە زۆر دەكرێ و كراوە، بەتایبەتی ئەوانەی كە یارمەتیەكانی ئەمەریكا بۆ میسر بە مەرج رەتدەكەنەوە و پێیان وایە دەبێ بە هەستیاریەوە مامەڵە بكرێت، چونكە سەرۆك عبد الفتاح السیسی بڕوای وا نیە كە دەتوانێ پشت بە ئەمەریكا ببەستێت بەهۆی ناجێگیریەكانی ناوچەكەوە كە لەم ساڵانەی دواییدا هاتونەتە گۆڕێ، هەروەها ئەم بیردۆزە هۆشداری دەدات لەوەی كە قاهیرە دەستی كردوە بە هەنگاو نان و نزیك بونەوە لە روسیا، لە كۆتاییدشدا ئەمەریكا شەریكێكی گرنگ لە ناوچەكە لە دەست دەدات.

ئەوەی لەم بیردۆزە دەخوێنرێتەوە ئەوەیە، پێدەچێ سەرۆكی میسر یاری جەنگی سارد زیندو بكاتەوە كە لە رابردوودا تاقیكراوەتەوە و سەلمێنراوە كە ئەمەریكاو روسیا پێكەوە خەریك دەكات، سەرەرای ئەمە، پێدەچێ عبدالفتاح السیسی تا رادەیەكی زۆر كاریگەر بێت بە سەرۆكی روسیا بەوەی كە هەردوو كیان ئەفسەری هەواڵگری بونەو بڕوایان بەبەكارهێنانی هێز هەیە بۆ یەكلایكردنەوەی كێشەكان. بەڵام گومان دەكرێ دامەزراوەی سەربازی مصر ئامادەیی تێدا بێت بەوەی وەلائی لە رۆژئاواوە بەرەو روسیا وەرچەرخێنێ، گومانێكی تریش ئەوەیە ئایا مصر هەمان گرنگی ماوە كە لە پێشدا وەك هاوپەیمانێكی سەربازی بوە بۆ ئەمەریكا.

ئەوەی دەبینرێ پەیوەندییەكانی نێوان مصر روسیا لەماوەی ئەم ساڵانەی دواییدا زۆر بە خێرا پەرەی سەندوە و زۆر لەوە فراوانترە كە بە هاوكاری سێ گۆشەی مصر روسیا ئەمەریكا بزانرێ، دیارە مصر نایەوێ ئەمەریكا لە دەست بدات بە قەدەر ئەوەی دەیەوێ پشتگیری و پاڵپشتی روسیا بۆ خۆی بەدەست بهێنێ و جێگای یارمەتیەكانی ئەمەریكای پێ پڕبكاتەوە، پاشان مصر لە دوای شۆرشەوە بەرەو سیاسەتێكی دەرەكی سەربەخۆ رۆشت و لەو نێوەندەشدا یاری بە پاڵپشتی كەرانی خۆی دەكردو لەناوخۆیاندا پێكی دەدان بۆ نمونە ئەو رووداوانەی كە لە نێوان سعودیە و ئیماراتدا روویاندا، و هەمان ئەو پلانەیە كە جەمال عبد الناصر ئەنجامیدا پێش ئەوەی هاوپەیمانی ئاشكرا ببەستێت لەگەڵ یەكێتی سۆڤیەتی پێشوو لەدوای جەنگی " سوێس" لە ساڵی 1956. بە مانایەكی تر، مصر نایەوێ پشت بە روسیا ببەستێت زیاتر لە ئەمەریكا، هەروەها السیسی دەیەوێ پەیوەندیە بەرگری و بازرگانیەكانی لەگەڵ ئەڵمانیا و فەرەنسا فراوانتر بكات بە تەواوەتی، هەروەك ئەوەی لەگەڵ روسیا كردویەتی.

لەلایەكی ترەوە پۆتین بە بێ مەرج پشتگیری لە السیسی ناكات هەروەك هەندێك پێیان وایە، ئەمە جگە لەوەی السیسی بە هەموو شتێكی پۆتین و پێشنیارەكانی رازی نییە و تاكو ئێستاش پۆتین دەستپێكردنەوەی سەرجەم گەشتە بازرگانیەكانی بۆ مصر دەست پێنەكردۆتەوە كە لە تەقینەوەكەی ساڵی 2015 ەوە وەستا بوو، ئەو كاتەی فرۆكەیەكی روسی لە هاوینەهەواری شرم الشیخ كرایە ئامانج. راستە لەم دواییەدا پۆتین رەزامەنجی دەربڕی بە گەشتە ئاسمانیەكان بەرەو قاهیرە بەڵام رێگەی نەداوە بە دەستپێكردنەوە بۆ ئەو فرۆكەخانانەی كە بەسەر دەریای سوردا دەروانن، كە شوێنی سەرەكیە بۆ گەشتیارە روسیەكان و بە ژمارەیەكی زۆر رویان تێدەكرد. هەرچی السیسیە تاكو ئێستا وەڵامێكی روون و ئاشكرای نیە بۆ داواكاری روسیا بەبەكارهێنانی فرۆكەخانە سەربازیەكانی- ئەمەش پیدەچێ نەیەوێ زیان بە پەیوەندییەكانی بگەیەنێت لەگەڵ دامەزراوەی سەربازی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا.

بەڵام چی دەبێت، ئەگەر بەهەر هۆكارێك بێت پەیوەندی سەربازی نێوان مصر و ئەمەریكا تێكچوو، سەرۆكی مصریش پەنای بۆ رێككەوتنێكی ئاشكرا برد لەگەل روسیا. ئەمە لە رووكەشدا بە پاشەكشەیەكی تری ئەمەریكا دادەنرێت لە ناوچەكەدا، بەڵام لە رووی كرداریەوە، كاریگەری ئەمە لەسەر بەرژەوەندیەكانی ئەمەریكا زۆر كەمترە كە لە پێشدا وەك ئەوەی لە پێشدا پێشبینی دەكرا. 

بەهۆی ئەو رووداوە ناوخۆییانەی مصرەوە كە لەم چەند ساڵانەی دوایدا پێیدا گوزەری كرد، ئەوا لە ئەمرۆدا توانای كەمترە كە وەكو یاریكەرێكی هەرێمی رۆڵی هەبوو، سەرەرای ئەوەی سوپایەكی زۆر بەهێزیشی هەبوو، بۆ نمونە لە ئێستادا هەردوو سوپای ئوردنی و ئیماراتی توانایەكی زۆر بەهێزیان هەیەو وەكو هێزێكی كاریگەر لە ناوچەكەدا دەبینرێن و زیاتر لە سوپای مصر توانای هەماهەنگییان هەیە لەگەڵ سوپای ئەمەریكیدا.

جگە لە "لیبیا" كە گرنگیەكی زۆری بۆ ئەورپیەكان و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا هەیە، دەبینین مصر نایەوێ لە دەرەوەی سنوری خۆی هێز بڵاو بكاتەوە، هەرچەندە روەو كەنداو ئەوەی كردوە بەهۆی گرنگیە ئابوریەكەی، بەڵام لە هەمان كاتدا دەولەتانی تری عەرەبی و باكوری ئەفرقیا لە بوارەكانی گەشەسەندنی مرۆییدا كەوتونەتە پێش مصر، و پێدەچێ ئیدارەی نوێی سەرۆك ترەمپ بڕوایان وا بێت مصر "بەردی سوچێكە" لە پرۆسەی ئاشتی نێوان (ئیسرائیل- فەلەستین)، بەڵام نە سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل نە سەرۆكی دەسەڵاتی فەلەستین ناچنە ژێر كاریگەری داواكاری سەرۆكی مصرەوە.

ئەگەر بێینە سەر پەیماننامەی ئاشتی نێوان " مصر-ئیسرائیل" ئەوا لەسەر زەویدا پتەوە، پەیوەندیەكانی نێوان هەردوولا لەسەر ئاستی فەرمی گەرمە، لەسەر ئاستی جەماوەری ساردە و پشت بە هاندانی ئەمەریكاو خۆتێهەڵقورتاندنی نابەستێت. بە گشتی مصر بەردەوام دەبێت لە رێگە پێدانی كەشتیەكانی ئەمەریكا لە كەناڵی سوێسەوە بەرانبەر بڕێك پارەی باش لەلایەن دەریاوانی ئەمەریكاوە. هەروەها ئەگەر مصر نیشتنەوەی و هەستانی فرۆكە سەربازیە ئەمەریكیەكان قەدەغە بكات بەڵام ئەمەش وەكو جاران نرخی نیە بەهۆی بەردەوام بوونی ئەمەریكا لە بەهێزكردنی شوێنی تری وەكو دەولەتی "قەتەر".. لە كۆتاییدا، قورسە ئەگەر بمانەوێ نرخی راستەقینەی هاوكاری نێوان مصر ئەمەریكا بزانین لە بواری روبەروبونەوەی تیرۆردا، چونكە لە بەرژەوەندی مصر خۆیدایە بەشداری پرۆسەكانی دژی تیرۆر بكات بەبێ ئەوەی بروانێتە ئاستی پەیوەندییەكانی لەگەل ئەمەریكادا.

ئەوەی مەترسیە بۆ ئەمەریكا، خۆی لە لەدەستدانی مصر وەكو هاوپەیمانێك نابینێتەوە، بەڵكو خۆی لە هەڵدێرانی ئەم دەوڵەتە 100 ملێۆنیە دەبینێتتەوە كە بكەوێتە چارەنوسێكی نادیار یاخود ببێتە دەوڵەتێكی شكستخواردوو بەهۆی خراپی حوكمڕانی و گەشەی خێرای ژمارەی دانیشتوان و شڕی دۆخە ئابوریەكەی. ئەمەش لە راستیدا دەبێتە جێگای داخێكی گەورە، چونكە مصرێكی بەهێز دەتوانێت ببێتە سەرچاوەی جێگیری و ئارامی بۆ رژهەڵاتی ناوەراست. بەڵام ململانێ مۆسكو بۆ راكێشانی مصر بەلای خۆیدا لە هەرەس هێنان نایپارێزێت.. لەهەمان كاتدا مصر دیاریەكی ستراتیجی نییە كە ئەمەریكا یان روسیا بەدەستی بهێنن، بەڵكو پێویستی بە چارەسەركردن هەیە لە رێگای دیبلۆماسیەتێكی وردەوە و لەكاتی پێویستیشدا لە رێگای دیبلۆماسیەتێكی ناچاریەوە.