كێ رێگربوو ئیسرائیل قاسم سلێمانی بكوژێت؟
چیرۆكی كوشتنی "باوكی پرۆژەی رۆكیتی ئێران" لەسەدەی رابردوو

جیهان

02/08/2018‌ 15157 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: تایبەت
ئامادەكردنی: حلمی رەسوڵ رەزا
لە 25ی تشرینی یەكەمی 1984، فرۆكەیەك گەیشتە فرۆكەخانەی دیمەشقی نێو دەوڵەتی‌و ژمارەیەك ئەندامانی سوپای پاسدارانی هێنابوو، لەپێشەوەیاندا ئەفسەرێك هەبوو بەناوی (حەسەن تەهرانی موقەدەم)، لەو كاتەدا تەمەنی بیست‌و پین ساڵان بوو.

حەسەن تەهرانی 13 كەسی تری لەگەڵدا بوو، بە هیوای ئەوە هاتبوون بە شێك لەئەزموونەكانی سوریایان لە دروستكردنی رۆكێتی جەنگی دەست بكەویت بۆ ئەوەی كۆپی بكەن و بەرنامەی رۆكیتی ئێرانی پێشبخەن، ئەمە لە كاتی جەنگی ئێران بوو لەگەڵ عێراق و رۆكیتە عێراقییەكان لە هەندێك شوێنی جیاوازی ئێران دەكەوتنەوە.

ئەفسەری ناوبراو داوای كرد لەخولێكدا بەشدارییان پێ بكرێت لەسەر رۆكێتی (فروغ 7 و سكۆد بـ) سۆڤییەتی، ئەمەش لەسەر بنەمای رێككەوتنی پێشوەختەی نێوان وەزیری پاسداران (محسن رەفیق دۆست) و سەرۆكی سوریا (حافز الاسد)، لەگەڵ ئەمەشدا سەرۆكی پێشووی لیبیا (معمر قەزافی) 30 رۆكێتی لەجۆری (سكۆد بـ) نارد بۆ ئیران، بۆ ئەوەی ئەو تیمە لەپاشە رۆژدا بەرنامەی رۆكێتی لەسەر بنیاد بنەن.

لە 12ی تشرینی دووەمی 2011، دانیشتوانی پایتەختی ئێران گوێیان لەتەقینەوەیەك بووە، كە سەرچاوەكەی شوێنی سوپای پاسداران بووە لە شارۆچكەی (بیدگنە)ی 50 كم دوور لە تاران. 

ئەمە زۆری نەخایاند، تا بە فەرمی راگەیانرا "باوكی پرۆژەی رۆكیتی ئێرانی" حەسەن تەهرانی موقدەم لەگەڵ 16 كەسی تردا گیانیان لەدەستداوە. 

راگەیاندنی فەرمی ئێران ئاماژەی بۆ ئەوە كرد تەقینەوەكە لەكاتی گواستەوەی كەرەستەی سەربازیدا روویداوە، بەڵام برای ئەفسەری ناوبراو دەڵێ لەئەنجامی تاقیكردنەوەی رۆكیتی دوور مەودا كوژراوە.

لەگەڵ ئەمانەشدا بۆچوونی وا پەیدا بوون، كە رەنگە دەستی دەرەكی لەو تەقینەوەیدا هەبوبێت، بەڵام ئەمە لە هیچ لایەكەوە پشتراست نەكراوەتەوە و كەسیش بەرپرسیارییەتی نەگرتووەتە ئەستۆ، لەگەڵ ئەوەشدا پەنجەی تۆمەت بۆ ئیسرائیل درێژ دەكرێت، كە لەگەڵ لێدوانێكی سەرچاوەیەكی هەواڵگری رۆژئاوا بۆ گۆڤاری "تایم"ی ئەمەریكی هاوكات بوو، بەمەش بۆچونەكان ئاماژە بۆ تێوەگلانی "مۆساد"ی ئیسرایلی دەكەن لەو پرۆسەیدا. لەدوای مانگ و نێوێكیش لە كوشتنی حەسەن تەهرانی، كۆمەڵێك كە ناویان لە خۆیان نابوو " تیپەكانی شەهید حەسەن تەهرانی موقەدەم" بەرپرسیارێتی خۆیان لە كوشتنی زانایەكی بواری كیمیای ئیسرائیل راگەیاند بە ناوی " ئیلی لولاز" لە 26ی كانونی یەكەمی 2011، ئەمەش گومانەكانی زیاتر كرد.

" پەلە بكەو بیكوژە"
پێدەچێ ئەوەی، كە نوسەری ئیسرائیلی "رۆنین بیرگمان" باسی دەكات لەكۆتا كتێبی ئەمساڵیدا لە ئەمەریكا بەناوی " پەلە بكەو بیكوژە" كە كورتەی پەندێكی ناسراوی یەهودیە " ئەوەی دێت بتكوژێت، پەلە بكەو بیكوژە" لێڵی رووداوەكەی ئێران زیاد دەكات و سەر لەنوێ پەنجەی تۆمەت بۆ ئیسرائیل دریژ دەكرێت.

لە كتێبەكەیدا، بێرگمان تیرۆر كردنی "حەسەن تەهرانی موقەدەم" دەخاتە چوارچێوەی ئەو پرۆسانەی كە مۆساد دژی كەسایەتیە ئێرانیەكان پەیڕەوی دەكات لە كۆتایی دەیەی سەدەی رابردوو و ئێستاشدا، بە گوێرەی بۆچونەكانی حەسەن تەهرانی سەركردەی پەرەپێدانی رۆكێتی ئێرانی بوە لە سوپای پاسداران، خۆی و هاورێكانی لەكاتی تەقینەوەیەكدا كوژراون كە دوكەڵەكەی زۆر بەرز بۆتەوەو لە دوورەوە بینراوە. هەروەها دەڵێ: ئەم پرۆسەیە پاش هاتنە سەر كاری (تامیر باردو) بۆ سەرۆكایەتی مۆساد بوە كە هاتۆتە جێگای (لمائیر داغان) ، باردو میتۆدی پێكانی راستەوخۆی كەسایەتیەكانی پەسەند كردوە، ئەوانەی " مەترسی بۆسەر ئیسرائیل دروست دەكەن".

لەم چوارچێوەیەدا، ئەم نوسەرە دەچێتە وردەكاری كوشتنی زاناكانی ئەتۆمیی ئێران وەك "داریوش رەزا نەجاد"، " مەسعود علی محمدی" و " مجید شهریاری"و هەوڵی نەزۆكی تیرۆركردنی زانای ئەتۆمی " فەرەیدون عباسی"، كە خۆی و هاوسەرەكەی پیش تەقینەوەی ئۆتومبیلەكەیان دەرچووبوون.

ئەم نوسەرە دەڵێ مۆساد دۆخی ترس و تۆقاندن لە نێو زانا ئێرانیەكان بڵاو دەكاتەوە لە رێگای بە ئامانج گرتنی هەندێك كەس كە مەترسی وەهاش نین بۆ سەر ئیسرائیل، بەڵام كوشتنیان دەبێتە مایەی ترس لەناو هاورێكانیاندا، بۆ نمونە دەستنیشان كردنی ئەندازیاری كیمیایی لە شوێنی "نتنز"ی ئەتۆمی " مستەفا ئەحمەد روشان" بۆ یەكەم جار پێش تیرۆركردنی لەگەل سەرۆكی پێشووی ئێراندا "محمود ئەحمەدی نەژاد" دا دەركەوتبوو كە پێكەوە سەردانی پێگە ئەتۆمیەكەیان كردبوو.

لە پرۆسەی تیرۆركردنی زاناكاندا  بێرگمان پشت بە قسەیەكی نێوان سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا "باراك ئۆباما" و بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگری ناوەندی ئەمەریكی " مایكل هایدن" دەبەستێت، كە وەڵامی سەرۆكی دایەوە دەریارەی چەندێتی " دیارە شتێك لە نتنز نییە بخرێتە ناو چاكی ئەتۆمی، ئەوەی بنیادی دەنێن لەوێ بریتیە لە زانین، بریتیە لە متمانە، لە كۆتاییدا زانین و متمانە دەبەن بۆ شوێنێكی تر و دەست دەكەن بە پیتاندنی یۆرانیۆم، ئەو زانینە جەنابی سەرۆك لە عەقڵی زاناكانیاندا هەڵگیراوە‌".

ئینجا نوسەرەكە دێتە سەر ناكۆكی نێوان سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل و سەرۆكی مۆساد دەربارەی لێدانی ئێران و باسی ئەوە دەكات سەرۆكی مۆساد پلانەكەی بە ئیدارەی ئۆباما راگەیاندوە بۆ ئەوەی كۆسپ بخرێتە بەردەم ئەو هێرشە سەربازییە. ئەم ناكۆكییەش لە ئەیلولی 2010 دا دەگاتە لووتكە بە شێوەیەك ، سەرۆك وەزیران بە "داغان" رادەگەینێت كە بڕیاری داوە وەزارەتی بەرگری و مۆساد بخاتە ژێر چاودێری "سفر + 30"، ئەمەش بەڵگەیە بۆ ئاگاداركردنەوە پێش ئەوەی بچێتە جەنگەوە لە ماوەی سی رۆژدا پێش جێبەجێكردنی. لە ئەنجامی چەند چاوپێكەوتنێكیش كە نوسەر ئەنجامی داوە لەگەل سەركردە سیاسی و ئەمنیەكانی ئیسرائیل، ئەوەی بۆ دەركەتوە كە "داغان" بەكارهێنانی هێزی چەكدار دژی ئێران رەت دەكاتەوە و پێی وایە رەنگە لە جەنگەكەدا رووداوی بێتە پێش نەتوانرێ بەرگەی بگیرێ. و لە چاوپێكەوتنیشیدا لە گەل خودی " داغان" ئەوە دەخاتە روو كە سەرۆكی مۆساد پێی وایە پەك خستنی پرۆژەی ئەتۆمی ئێران لە رێگەی سەربازیەوە هەڵەیەە چونكە ئەگەر هێرش بكەینە سەر ئێران ئەوا خامنەئی سوپاسی خودا دەكات، و پاشان هێرشەكە ئێرانیەكان یەك دەخات لە پشت پرۆژەكەوەو وا لە خامنەئی دەكات كە بڵێت پێویستمان بە دروست كردنی چەكی ئەتۆمی ەیە بۆ بەرگری كردن لە ئێران و دژی دوژمنكاری ئیسرائیل.

" بۆش قاسم سلێمانی رزگاركرد"
بیرگمان دەڵێ هەوڵی داوە وردەكاری تیرۆكردنی " عماد مغنیە" ی سەركردەی سەربازی " حزب الله" و "عباس موسەوی" ئەمینداری حزب الله و سەركردەی بزوتنەوەی حەماس (محمود المبحوح" و ئەوانەی تریش بزانێ لەناوچەكە، بەڵام لەچەند بەشێكی كتێبەكەدا هەڵەی كردوە، هەروەك لە گێڕانەوەی كەمینی (بلدە انساریە"ی باشوری لوبناندا دەردەكەوێت، و دەڵێت ئیسرائیل كەسایەتیەكی بە ئامانج گرتبوو بەناوی "خلدون حیدر" كە لە راستیدا " نعمە حیدر"ە و ناوە سەربازیەكەی "خلدون"ە و پێش ئەو رووداوە بە چوار ساڵ كوژرا بوو. هەروەها لە رووداوی تیرۆركردنی "عباس الموسوی" دا دەڵێت لە ساڵی 1991 دا روویداوە بەڵام لە راستیدا ساڵی 1992 بوە، لە باسی ناوی خێزانەكەشیدا هەلەی ئەنجامداوە بەوەی ناوی هاوسەرەكەی "ریم" بوە ئەو دەڵێ " رحاب".

لە گێرانەوەی تیرۆكردنی لێپرسراوی سەربازی حزب الله "عماد مغنیە" لە دمشق باسی ئەوە دەكات كە سەركردەی فەیلەقی قودسی پاسداران " قاسم سولەیمانی" لە رۆژی تەقینەوەكەدا لەگەڵ مغنیە بوە و پرۆسەكە لە بەیانیەوە بۆ ئێوارە دواخراوە، ئەمەش بەهۆی بڕیاری سەرۆكی پێشوتری ئەمەریكا "جۆرج بۆشی كور" لە هاوكاركرنی تیرۆری مغنیەجا مەرجی ئەوە بوە نابێ كەسی تری لەگەڵ بكوژرێت، ئەمەش سولەیمانی رزگاركرد لە مردن، كاتێ لەگەڵ مغنیەدا خەریكی گفتوگۆ بوو.

دیارە گرنگی كوشتنی سولەیمانی بە شێوەیەك بوە تا ئەو رادەیەی خاوەن پێگەكانی مۆساد پەیوەندییان بە سەرۆكی پێشووی مۆسادەوە " داغان" كردوە كاتێ لە پرسەی دایكیدا بوە، و پرسیاری ئەوەیان لێكردوە چۆنە " بەیەك بەرد دوو چۆلەكە بكوژن" ، بەڵام وەڵام لە بەرزترین دەسەڵاتی ئیسرائیلەوە لەلایەن سەرۆك وەزیرانی پێشوو "ئیهۆد ئۆلمرت" ەوە هات بە رەتكردنەوە، چونكە ئیسرائیل بەڵێنی بە سەرۆك بۆش داوە جگە لە مغنیە كەسی تر نەكوژێت.

لە چاوپێكەوتنێكی داغان لەگەڵ بێرگمان ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە " ئیسرائیل توانیویەتی بازنەی بچوكی دەوروبەری جەنەراڵی سوری محمد سلێمان ببرێت كە پۆستی راوێژكاری ئەمنی سەرۆكی سوریا بەشار ئەسەدی هەبوە و سەرپەرشتی پەیوەندییەكانی كردوە لەگەڵ عماد مغنیە، لە دمشق باشتر ناسیمان وەك ئەوەی كە لە بەیروت بوو"

بەپەلە