كێشە بەكێشە دەسپێردرێت
بۆمبێكی‌ تەوقیتكراو بۆ خولی‌ داهاتووی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان ئامادەیە

کوردستان

04/08/2018‌ 4961 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
سڕكردنی‌ سەرۆكایەتی‌ هەرێم‌و گواستنەوەی‌ ئەو گرێیە بۆ خولی‌ داهاتووی‌ پەرلەمان، هەناردەی‌ كێشەیەكی‌ كۆنی‌ كرد بۆ قۆناغێكی‌ سیاسیی‌‌و هاوكێشەی‌ پەیوەندی‌ سیاسی‌ نێوان حزبەكانی‌ سەرەو خواركردەوە.

رۆژی‌ 11ی‌ مانگی‌ تەمووز بۆ جارێكی‌ تر پەرلەمانی‌ كوردستان دەستی‌ برد بۆ هەستیارترین پرسی هەرێم كاتێك بە پڕۆژەیاسایەك دامەزراوەی‌ سەرۆكایەتی‌ هەرێمی‌ سڕكرد بۆ ئەوەی‌ لە سەرەتای‌ خولی‌ داهاتووی‌ پەرلەمان چارەنوسی یەكلایی بكرێتەوە كە بڕیارە لەمانگی‌ ئەیلولی‌ داهاتوو هەڵبژاردنی‌ بۆ بكرێت.

هەڵدانی‌ تۆپی‌ ئەو كێشەیە بۆ گۆڕەپانی خولی‌ داهاتوو لەكاتێكدایە كە لەپاش كۆتاییهاتنی‌ ویلایەتی‌ یاسایی مەسعود بارزانی-ەوە لە ساڵی‌ 2015 لایەنە سیاسییەكان نەیانتوانیوە لەنێو پەرلەمان‌و دەرەوەیدا دەرچەیەكی‌ سیاسی‌‌و یاسایی بۆ ئەو كێشەیە بدۆزنەوەو كاریگەرییەكەشی پێچەوانە بووە كە بەهۆیەوە بۆ نزیكەی‌ دووساڵ خودی‌ ئەو پەرلەمانە پەكخرا. 

ئەمجارەیان فراكسیۆنی‌ گۆڕان قردێلەی‌ دەستپێكی‌ مشتومڕێگی‌ تری‌ بڕی‌ لەسەر پرسی سەرۆكایەتی‌ هەرێم كاتێك پڕۆژەیاسایەكی‌ پێشكەشكرد بۆ سڕكردنی‌ دامەزاروەی‌ سەرۆكایەتی‌ هەرێم لەكاتێكدا خۆی‌ پێشتر لەپێشینەی‌ ئەو لایەنانە بوو كە داوای‌ كەمكردنەوەی‌ دەسەڵاتەكانی‌ سەرۆكی‌ هەرێمی‌ دەكرد كە لەساڵی‌ 2005ەوە مەسعو بارزانی‌ سەرۆكی‌ پارتی‌ تێدا جێگر بوو تا ئەو كاتەی‌ لەكۆتایی 2017 دەستی‌ لەكاركێشایەوە.

ئەوەی‌ وایكرد كە ئەو گرێیە زیاتر بەرەو ئاڵۆزی‌ بڕوات نزیكبوونەوەی‌ وادەی‌ ئەنجامدانی‌ هەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان بوو كە بەپێی‌ یاسای هەڵبژاردنەكان پێویستە هاوكات هەڵبژاردنی‌ سەرۆكایەتی‌ هەرێمیش ئەنجامبدرێت.

بەهار مەحمود پەرلەمانتاری‌ كوردستان لەفراكسیۆنی‌ گۆڕان بۆ "نیقاش" وتی‌ "بۆ ئێمە باشتر بوو سەرۆكایەتی‌ هەرێم هەڵپەسێردرێت، چونكە ئەگەر هەڵبژاردن بۆ سەرۆكاتی‌ هەرێم بكرایە چوار ساڵی‌ تر پڕۆژەكەمان جێبەجێنەدەكرا بۆ هەڵبژاردنی‌ سەرۆك لەپەرلەمانەوەو سیتسمی‌ حوكمرانیشیمان بۆ نەدەكرا بەپەرلەمانی‌".

لەكۆتایی ساڵی‌ رابردوو بەیاسایەك لەپاش دەستلەكاركێشانەوەی‌ مەسعود بارزانی‌ دەسەڵاتەكانی‌ سەرۆكی‌ هەرێم بەسەر پەرلەمان‌و حكومەت‌و دەسەڵاتی‌ دادوەرییدا دابەشكران تا كۆتایی ئەم خولە.

پاڵنەری‌ پاڵپشتیكەرانی‌ یاسای‌ سڕكردنی‌ دەستەی‌ سەرۆكایەتی‌ هەرێم‌و بەردەوامی‌ دابەشكردنی‌ دەسەڵاتەكانی‌ بۆ رێگریی‌ بووە لەدروستبوونی‌ بۆشایی یاسایی، چونكە بەپێی‌ یاسا دەبێت سەرۆك وادەی‌ هەڵبژاردنی‌ پەرلەمان دیاریبكات‌و پاڵێوراویش بۆ  پێكهێنانی‌ حكومەت رابسپێرێت.

لەساڵی‌ (2013)ەوە گرێی‌ یاسایی ویلایەتی‌ سەرۆكی‌ هەرێم چەقی‌ ململانێی‌ نێوان لایەنە سیاسییەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان بووە، هەموو رێگای‌ ئاڵۆزییەكان دەچووەنە سەر ئەو پۆستە كە یەكەمجار لەساڵی‌ 2005ەوە داندرا.

كێشەكە لەوەدایە بەتەنیا ئەو یاسایە نوێیەی‌ پەرلەمان ناتوانێت رێگاچارە بۆ ئەو پرسە بدۆزێتەوە كە لەبنەڕەتدا دەسەڵاتەكانی‌ سەرۆكی‌ هەرێم  كێشە رەسەنەكە بووە لەنێوان پارتی‌ كە ئەو پۆستە بەپشكی‌ خۆی‌ دەزانێت لەگەڵ لایەنەكانی‌ تردا كە لەساڵی‌ 2015 چوار پڕۆژە یاسایان بۆ هەمواری‌ یاسای‌ سەرۆكایەتی‌ هەرێم پێشكەش كرد بۆ كەمكردنەوە ئەو دەسەڵاتانە.

پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان چارەسەری‌ پرسی سەرۆكایەتی‌ هەرێم لەرێگەی‌ یاسای نوێكەی‌ پەرلەمانەوە دەبەستێتەوە بەنوسینەوەی‌ دەستورو باڵانسی هێز لەپەرلەمانی‌ داهاتوودا كە ئەوەش ئەوەندەی‌ تر ئەگەری‌ چارەسەری‌ ئەو پرسەی‌ لەخودی‌ داهاتوو ئەستەم كردووە.

وشیار سیوەیلی بەرپرسی پەیوەندیە دەرەكییەكانی‌ پارتی‌ بە "نیقاش"ی وت "گرنگە پرسی سەرۆكایەتی‌ هەرێم لەدەستوردا بڕیاری‌ لەسەر بدرێت جگەلەوەش بەلای‌ پارتیەوە سەرۆكایەتی‌ هەرێم دامەزراوەیەكی‌ گرنگەو سەرۆكی‌ هەرێمیش پایەیەكی‌ پێویستی‌ سومبولی‌ هەرێمە كە دەبێت بمێنێتەوە".

سیوەیلی پێیوایە سازانی‌ لایەنە سیاسیەكان لەخولی‌ داهاتوو گرنگە بۆ یەكلاییكردنەوەی‌ ئەوپرسەو ئەگەر ئەوەش نەكرا لەنێو پەرلەمان بەپێی‌ سەنگ كورسی لایەنەكان بەدەنگدان یەكلایی بكرێتەوە.

بۆچونی‌ پارتی‌ بۆ خولی‌ داهاتوو ئەڵقەیەكی‌ تری‌ كێشەكە دەبێت، چونكە لەلایەك دەستور لەساڵی‌ 2009وە نەتوانراوە سازانی‌ لەسەر بكرێت، لەیەلاكی‌ تریشەوە پەیوەندی‌ ئاڵۆزی‌ ئێستای‌ نێوان لایەنە سیاسییەكان بەشی ئەوە ناكات سازان لەسەر پرسێكی‌ هەستیاری‌ وەك سەرۆكایەتی‌ هەرێم بكەن.

لەباری‌ پەسەندكردنی‌ دەستوریشدا كێشەیەكی‌ تر بۆ پرسەكە زیاد دەكات كە توانای‌ مەسعود بارزانی‌ دەبێت بۆ خۆپاڵاوتنی‌ بۆ دوو ویلایەتی‌ تری‌ هەشت ساڵی‌ پۆسی‌ سەرۆكی‌ هەرێم كە ئێستا بەپێی‌ یاسای‌ سەرۆكایەتی‌ مافی‌ نەماوەو پێشتریش ئەو خۆپاڵاوتنە گرێیەكی‌ تری‌ سیاسی‌ پرسەكە بوو.

وروژاندنی‌ پرسی‌ سەرۆكایەتی‌ هەرێم‌و دەركردنی‌ یاسایەك بەپێشنیاری‌ گۆڕان دەركەوتنی‌ سەرەتای‌ گۆڕانكارییەكی‌ نوێش بوو لە هاوكێشەی‌ سیاسیدا. 

بەر لەماوەیەكی‌ كورت لەو پڕۆژەیەی‌ گۆڕان، پارتیش پڕۆژەیەكی‌ هاوشێوەی‌ پێشكەش بەپەرلەمان كردو خوێندنەوەی‌ یەكەمی‌ بۆ كرا كە تەنیا جیاوازییان ئەوە بوو لەپڕۆژەكەی‌ پارتیدا چارەسەری‌ پرسی سەرۆكایەتی‌ هەرێم بەسترابووەوە بە پەسەندكردنی‌ دەستورەوە.

ئەوە یەكەمجار بوو لەدوای‌ ساڵی‌ 2015ەوە گۆڕان‌و پارتی‌ پڕۆژەی‌ هاوشێوە بۆ یەك پرسی‌ هەستیاری‌ لەوجۆرە لەپەرلەمان پێشكەش بكەن كە پێشتر خاڵی‌ سەرەكی‌ ناكۆكییان بوو كە رەنگە پاڵنەرەكانی‌ گۆڕان دووسەرە بوبێت.

خراپی‌ پەیوەندی‌ نێوان گۆڕان‌و یەكێتی‌ بەهۆی‌ پەككەوتنی‌ رێكەوتنی‌ نێوانیان‌و تۆمەتباركردنی‌ پارتەكەی‌ تاڵەبانی‌ بەئەنجامدانی‌ ساختەكاریی‌ لەهەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ عێراقدا پەیوەندییەكانیانی‌ گەیاندنە ئاستی‌ راگرتن.

ئەوە جگە لەوەی‌ بەنەمانی‌ پۆستی‌ سەرۆكی‌ هەرێم بۆ ئەم خولە ئەگەر هەیە كێشە بۆ وەرگرتنی‌ پۆستی‌ سەركۆماریش دروست بێت لەلایەن یەكێتیەوە كە پێشتر بەپێی‌ سازانی‌ نێوان دوو حزبە دەسەڵاتدارەكەی‌  هەرێم دابەش كرابوون.

لەسەرەتا ئەمانگەشدا مەحمود محەمەد وتەبێژی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان لە كۆنگرەیەكی‌ رۆژنامەوانیدا لەهەولێر بەرونی‌ ئاماژەی‌ بەوەدا كە پارتەكەی‌ داوای‌ پۆستی‌ سەركۆمار دەكات.

دلێر ماوەتی‌ سەرۆكی‌ فراكسیۆنی‌ یەكێتی‌ لەپەرلەمانی‌ كوردستان بە"نیقاش"ی وت "پرۆژەكەی‌ پارتی‌‌و گۆڕان بۆ سڕكردنی‌ سەرۆكایەتی‌ هەرێم یەك پڕۆژەن، ئەو هەنگاوەی‌ گۆڕانیش تاهێندێك لەپارتی‌ نزیك كردەوە، لەوانەشە گۆڕان وایان بیركردبێتەوە كە ئەگەر سەرۆكی‌ هەرێم نەمێنێت سەركۆماریش بۆ یەكێتی‌ نامێنێت كە لێی‌ عاجزن، یان مەیلی ئەوەشیان هەبوو بێت لەحكومەتی‌ ئایندەی‌ هەرێمدا بەشداری‌ دەسەڵات بكەنەوە"

ئەوپرسە تەنیا لەیەك گۆشەوە گۆڕانكاریی‌ لەهاوكێشەی‌ پەیوەندی‌ نێوان لایەنەكان نەكرد، بەڵكو بۆ یەكەمجار لەماوەی‌ چوار ساڵی‌ رابردوودا كەلێنی‌ خستە نێوان ئەو هێزانەشەوە كە لەسەر ئەوپرسە هاوپەیمان بوون.

پەرلەمانتارانی‌ كۆمەڵی‌ ئیسلامی‌ كوردستان بەر لەپێشنیاركردنی‌ تاوتوێی‌ پڕۆژە یاساكەی‌ گۆڕان ئیمزاكانیان لەسەری‌ رەشكردەوە ئەوەش وەك ناڕەزایەتی‌ دەربڕینێك بۆ تەواوی‌ بیرۆكەكە، هەرچەندە پێشتر هەردوولا هاورابوون لەسەر هەمواری‌ یاسای‌ سەرۆكایەتی‌ هەرێم‌و یەكی‌ پڕۆژەیەكیشیان بۆی‌ هەبوو.

مەڕوان گەڵاڵی‌ سەرۆكی‌ فراكسیۆنی‌ كۆمەڵی‌ ئیسلامی‌ بە"نیقاش"ی وت "لە بنەڕەتدا لەگەڵ پڕۆژەكە نەبووین‌و دەبوو گرنگی‌ پڕۆژەی‌ هەمواری‌ یاسای‌ سەرۆكایەتی‌ هەرێم بدرایە، یاساكەی‌ گۆڕان جیاوازە لەپڕۆژەی‌ هەمواری‌ یاسای‌ سەرۆكایەتی‌".

گەڵاڵی‌ دەشڵێت "گومان هەیە لەگۆِرانی‌ هەڵوێستەكان، چونكە پێش پڕۆژەكەی‌ گۆڕان پارتیش پڕۆژەیەكی‌ هاوشێوەیان هەبوو، لەسیاسەتیشدا وایە لە قۆناغێكدا هاوڕاین و لەقۆناغێكی‌ تردا جیاوازین".

لەوانەیە هەڵوەشاندنەوەی‌ كێشەی‌ سەرۆكایەتی‌ هەرێم لەچنینی‌ قورستربێت، ئاماژەكان بۆ ئەوەن ئەو پرسە تەنیا لایەنی‌ یاسایی نییەو كارەكتەرە سیاسییەكان‌و ململانێی‌ حیزبی‌و بەرژوەندی‌ ئاڵۆزتری‌ كردووە.

د. شۆرش حەسەن پسپۆری‌ یاسای دەستوریی‌و مامۆستا لەكۆلێژی‌ یاسای‌ زانكۆی‌ سلێمانی‌ پرسی‌ سەرۆكایەتی‌ هەرێم بە گەورەتر لەوە دەزانێت  كە بە یاسایەك چارەسەربكرێت لەپەرمان بەبێ بوونی‌ دەستور و كێشەی‌ سەرۆكایەتی‌ هەرێم كەسیە نەك یاسایی‌و "لە هەرێم یاساكان بۆ كەس‌و حزب‌و بنەماڵەكان دادەنرێت‌و بەهەمان هۆكاریش هەموار دەكرێنەوە".

د شۆرش حەسەن بە"نیقاش"ی‌ وت "سڕكردنی‌ سەرۆكایەتی‌ هەرێم‌و دابەشكردنی‌ دەسەڵاتەكانی‌ وای كردووە سیستمی‌ حوكمڕانی‌ كردووەتە سیستمێكی‌ نامۆ كە نە سەرۆكایەتیە نە پەرلەمانی نە تیكەڵەو  دەبێت سەرۆكێكی‌ بێ دەسەڵات یان بەدەسەڵات هەبێت دادوەربێت لەنێوان پەرلەمان‌و حكومەتدا".

دواخستنی‌ كێشەی‌ سەرۆكایەتی‌ هەرێم لەهەرێم كوردستان لەقۆناغێكەوە بۆ قۆناغێكی‌ تر بەچارەسەرێكی‌ كاتییەوە ئاماژەیە بۆ ئەوەی‌ ناكۆكی‌ كەڵەكەبووی‌ سیاسی لەسەر ئەو پۆستە لەماوەی‌ 27 ساڵی‌ رابردوودا بەئاسانی‌ چارەسەر نابێت.   

ساڵی‌ 1992 یەكەم هەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ لەكوردستان ئەنجامدرا، لەگەڵ ئەو هەڵبژاردنەشدا بڕیاربوو هەڵبژاردن بۆ پۆستی‌ سەرۆكی‌ هەرێم بەڕێوە بچێت كە ئەوكات ناوی‌ پۆستەكە بریتی‌ بوو لە"رابەری‌ بزوتنەوەی‌ رزگاریخوازیی كوردستان"، هەرچەندە دواتر ئەنجامەكانی‌ ئەو پۆستە هەڵوەشێنرایەوە.

مەحمود عوسمان یەكێك بوو لەو چوار كاندیدەی‌ لەیەكەم هەڵبژاردندا ركابەرایەتی‌ دەكرد، ئەو بە"نیقاش"ی وت "ئەو كاتەش بەهۆی‌ نەسازانی‌ جەلال تاڵەبانی‌ (سكرتێری‌ گشتی‌ كۆچكردووی‌ یەكێتی‌)‌و مەسعود بارزانیەوە نەیانتوانی‌ لەسەر ئەو پۆستە بگەنە رێكەوتن‌و پڕنەكرایەوە، كێشە لەپۆستی‌ سەرۆكی‌ هەرێمدا نییە، كێشە ناكۆكی‌ نێوان حزبەكانە".