خانەوادەكەی شاهانە دەژین.. وردەكاری ژیانی ئوسامە بن لادن لەزاری دایكییەوە

کوردستان

06/08/2018‌ 10349 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: تایبەت
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا
رۆژنامەی "گاردیان"ی بەریتانی چاوپێكەوتنێكی درێژی ئەنجامداوە لەگەڵ "علیائ الغانم"، دایكی ئوسامە بن لادن، سەركردەی كوژراوی "القاعدە"، لەكۆشكەكەی لە شاری "جدە"ی سعودیە، ئەمەش پاش 17 ساڵ دێت لە هێرشەكانی 11ی ئەیلولی 2001.

پەیامنێری رۆژنامەكە (مارتن تشالۆف) دەپرسێا، چی دەبێت ئەگەر خێزانی بن لادن، كە یەكێكن لە خێزانە دیارو كاریگەرەكانی سعودیە لەمیراتی كوڕەكەیان هەڵبێن و دەڵێت ئوسامە: "كوڕی گەورەی دایكی" ئێستاش خۆشەویستە لەلای‌و دەشڵێت: "ژیانم زۆر سەخت بوو لەبەرئەوەی زۆر دوور بو لێم".

لەكاتی چاوپێكەوتنەكەدا ئەوانەی ئامادەبوون بریتی بوون لە (دایكی ئوسامە ، علیائی تەمەن 70 ساڵ، هەردوو كوڕەكەی ئەحمەد و حەسەن، هاوسەری دووەمی محەمەد العتاس)، لەژوورێكی فراوانی كۆشكێكی دەگمەنی شاری جەدە، كە بەشوێنی سەرەكی بنەماڵەی بن لادن دادەنرێت.

رەزامەندی سعودیە
پەیامنێرەكە دەڵێت: "دایكی ئوسامە بۆ ماوەیەكی درێژ، رەتی دەكردەوە قسە لەسەر كوڕەكەی بكات، هەروەها ئەندامانی تری خێزانەكەشیان هەمان بۆچوونیان هەبوو، بەڵام ئەم سەركردایەتییە نوێیەی شانشین لەژێر سێبەری شازادەی جێنشین "محەمەد بن سلمان"، رەزامەندییان دەربڕی بۆ ئەوەی چاوپێكەوتن لەگەڵ دایكی ئوسامەدا بكەن.

دایكی ئوسامە وتی: پاش ئەوەی چووە زانكۆی الملك عبد العزیز گۆڕانكاری زۆری بەسەردا هات، بووە گەنجێكی جیاواز، یەكێك  لەوانەی كاریگەر بوون لەسەری "عبدالله عزام" بوو، یەكێك لەئەندامانی كۆمەڵەی "اخوان مسلمین"، كە لە دوایدا لەسعودیە دوورخرانەوە. 

ئەوەشی وت: لەدواییدا "عزام" بووە باوكی رۆحی و پیشەواو نزیكی ئوسامە، هەروەها لەتەمەنی بیست ساڵی بەدواوە لەلایەن چەند كەسێكەوە مێشكی كوڕەكەمیان شوشتەوەو هەرچەندە رێنماییم دەكرد بۆ ئەوەی لەوانە دووركەوێتەوە، بەڵام سودی نەبوو.

داگیركردنی سۆڤییەت
پاشان حەسەنی برای ئاماژەی بۆ ئەوە كرد "ئوسامە" لەهەشتاكانی سەدەی رابردوو چوو بۆ ئەفغانسان بۆ جەنگان لەگەڵ داگیركاری سۆڤییەت بۆ سەر خاكی موسڵمانان، لەوێ جێگای رێزی هەموو لایەك بوو. 

خێزانەكەشیان هەست بە شانازی دەكەن و حكومەتی سعودیەش وەكو خانەدانێك هەڵسوكەوتی لەگەڵ دەكەن و وێنەیەكیان وەكو موجاهید بۆ تەرخان كردووە، هەروەها خێزانی ئوسامە بۆ دواجار سەردانیان كردووە لە ئەفغانستان لە ساڵی 1999 لە سەربازییەكدا نزیك شاری قەندەهارو لەوێ كوڕەكەیان میوانداریەكی گەورەی بۆ رێكخستون.

سەبارەت بەمیراتی ئوسامە، رۆژنامەكە دەڵێت: "مەترسی گەورەی بۆ خێزانەكەیان دروست كردووەو تا ئێستا لە ژێر چاودێریدان و لێپرسراوە گەورەكان دەیانەوێت هەواڵیان دەستكەوێ و رەنگە ئەوەیان لەسەر بسەپێ بەوەی دەستی لەهێرشەكانی سەر ئەمەریكا هەبووە.

رۆژنامەكە لەوەش دەدوێت، كە رەخنەگران لە شانشین تا ماوەیەكی درێژ پێیان وابووە دەوڵەت پاڵپشتی لێكردووە و ژمارەیەك لە خێزانی قوربانیانی نیویۆرك رێورەسمی یاساییان لەو بارەیەوە گرتووەتەبەر دژی شانشین، بەوەی 15 كەس لەكۆی 19 جێبەجێكار خەڵكی ئەو وڵاتە بوون. 

لەهەمان كاتدا رۆژنامەكە چاوپێكەوتنێكی لەحوزیرانی ساڵی رابردوو ئەنجامداوە بەئامادەبوونی نوێنەرێكی شانشین‌و وەرگێڕێك، بەڵام نوێنەرەكە هیچ دەستێوەردانێكی نەكردووە.

دایكی ئوسامە باسی كاتی منداڵی خۆی دەكات لە شاری لازقەیەی سوریا و دووپاتی دەكاتەوە لەخێزانێكی عەلەویدا گەورە بووە، بەڵام لە ریاز لە ساڵی 1957 خودا ئوسامەی پی بەخشیوەو پاش سێ ساڵ لەباوكی ئوسامە جیابووەتەوە و هاوسەرگیری لەگەڵ "العتاس" دا كردووە، هەرچی باوكی ئوسامەیە، هاوسەرگیری لەگەڵ 11 ژندا كردووەو 54 چوار منداڵی هەبووە.