پەكین گرنگی بە رێگەی ئەنقەرە دەدات
توركیا هاوكارییە سەربازییەكانی لەگەڵ چین فراوان دەكات

جیهان

10/08/2018‌ 1361 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: تایبەت
ئامادەكردنی: حلمی رەسول رەزا
كاتێ پاشكۆی سەربازی چین لەتوركیا لەرێكەوتی 28ی تەموزی ئەمساڵدا رایگەیاند، هاوكاری نێوان هەردوو سوپا "توركیاو چین" ئەنجامی بەرهەمداری دەبێت، لەهەمان كاتدا جەنەراڵ (تشن تشینگ سونگ) بەبۆنەی یادكردنەوەی 91 ساڵەی دامەزراندنی سوپاوە لەباڵوێزخانەی چین لە ئەنقەرە وتارێكی پێشكەش كرد.

لەم چوارچێوەیەدا، پاشكۆی سەربازی چین پیرۆزبایی لەسەرۆكی توركیا كرد بەبۆنەی سەركەوتنی لەهەڵبژاردنەكانی 24ی حوزەیران، دووپاتیشیكردەوە دوو بارە هەڵبژاردنەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا بەهێزتر دەكات، لەم بۆنەیەدا ژمارەیەك دیبلۆمات‌و سیاسی ئاست بەرز و سەركردەی هێزە چەكدارەكانی توركیا ئامادەبوون.

لەم بۆنەیەدا پاشكۆی سەربازی چین ئاماژەی بەوە كرد، زیاتر لە 37 هەزار لەسوپای چینی بەشدارییان لە پرۆسە ئاشتیەكاندا كردووە لەسەرتاسەری جیهان لە ماوەی 28 ساڵی رابردووداو بەشێوەیەكی راستەقینەش بەشدارە لە چالاكییەكانی پرۆسەی ئاشتی سەر بەنەتەوە یەكگرتووەكان و زۆرترین سوربازی پێشكەش كردووەو دووەم گەورە بەشدارە لەو پرۆسەیدا لەرووی داراییەوەو بەوەی ئەندامی بەردەوامە لەئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.

لەبارەی پەیوەندی سەربازی نێوان چین‌و توركیا، جەنەراڵی ناوبراو رایگەیاند، سەرۆكی توركیا لەماوەكانی دواییدا چاوی بەسەرۆكی چین كەوتووە، ئەمەش لە پاشكۆی كۆبونەوەكانی لوتكەی "برێكس" لەشاری "جوهانسبرگ" لەباشووری ئەفریقیا و ئاماژەی بەوە دا هەردوو سەرۆك زۆرجار بەتەلەفۆن قسە دەكەن. 

هەروەها پاشكۆی سەربازی دووپاتیكردەوە، پەیوەندی سەربازی نێوان هەردوولا بەشێوەیەكی باش پەرە دەسەنێت، بەتایبەتی ستراتیجیەتی توركیای مەركەزی ئامانجی ئەوەیە ئەوروپا ببەستێتەوە بەئاسیای ناوەڕاست و ئەفغانستان و پاكستان و چین، ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ دەستپێشخەری "الحزام والتریق" ی چینی.

بە پێی لێدوانی سەرچاوە دیبلۆماتییەكان بۆ ماڵپەری "مۆنیتۆر"، بەرپرسانی هەردوولا لەئەفریقیا گفتوگۆیان دەربارەی پەرەپێدانی نێوانیان كردووەتەوە لەرووی بەرگری‌و ئاسایشەوە، هەبوونی سەردنیكردنە بەردەوامەكانی نێوانیان ویستی هەردوولا دەردەخات بۆ فراوانكردنی پەیوەندییە ئابووری و ئەمنی و بەرگریەكانیان، هەر لەم چوارچێوەیەشدا، نێردەیەكی سەربازی چینی بەسەرۆكایەتی رێپێدراوی سیاسی "لیكن تشو" لەپەیمانگەی چەنگی هاوبەشی سەر بە سوپای چین لە زلنكۆی بەرگری نیشتمانی سەردانی زانكۆی بەرگری نیشتمانی توركی كرد لە 26ی تەموزی ئەمساڵدا.

ئەو سەرچاوانە چەختیان كردەوە، بریارە كۆبوونەوەكان لە ئاستە باڵاكاندا لەنێوان هەردوو سوپا لەچەند مانگی داهاتوودا زیاتر بكرێن، گفتوگۆكان دەربارەی بەهێزكردنی هاوكاری دەبێت لەبواری فێربوونی سەربازی پیشەیی، راهێنان، پیشەسازی بەرگری، تیرۆر، زانیاری هەواڵگری، سیستەمی رۆبۆتی، زیرەكیی دەستكردو جەنگی سیبرانی. 

ئەمە جگە لەهەندێك پرۆژەی هاوبەش، كە ئەندازیارەكانی هەردوولا بۆ باشتركردنی پەیوەندی لەسەر ئاستی بەرگری، كاری تێدا دەكەن.

لە مانگی ئایاری رابردوو، ژمارەیەكی زۆر لە ئەفسەرە چینییەكان ئامادەبوون لەراهێنانی "ئەفسیس" ی سەربازی بۆ ساڵی 2018، كە لە شاری ئەزمیر رێكخرابوو وەكو چاودێرێك لەوێ بوون، هەندێك سەرچاوەش باسی ئەوەیان كردووە، كە ئەفسەرە چینییەكان گرنگییان بەو تەكنیكە سەربازییە نوێیانە داوە، كە هێزە چەكدارەكانی توركیا لە مانۆرەكانیاندا خستویانەتە روو.

بەدیدی شارەزایەكی توركی "ئاڵتای ئەتلی" پسپۆر لەناوچەی ئاسیا و زەریای ئارام و لێكۆڵەر لە ناوەندی ئەستەمبوڵ بۆ توێژنەوە سیاسییەكان لە زانكۆی "سابانچی" ، دەبێت چین بە یەكێك لە هاوبەشە ئابوورییەكانی توركیا ئەژمار بكرێت‌ ‌و بەوەی دووەم ئابووری بەهێزی جیهانە و كاردەكات بۆ دەرخستنی هێزە ئابوورییەكەی لە رێگەی دەستپێشخەری "رێگای حەریری نوێ".

لەئێستادا، چین بە گرنگترین سەرچاوەی كورتهێنانی تەرازوی بازرگانی توركیا دادەنرێت، بەڵام پێشبینییەكان بۆ داهاتوو هۆكارێكی گرنگە لەكاتی ئێستادا، بە شێوەیەك، توركیا پێشبینی دەكات چین دەبێتە سەرچاوەیەكی سەرەكی بۆ وەبەرهێنان و تەكنەلۆجیا بۆ ئابوورییە تایبەتەكەی. لەلایەكی تریشەوە، توركیا لای چین گرنگی خۆی هەیە، بەهۆی شوێنە جوگرافییەكەی لەناوەندی دەستپێشخەری "رێگای حەریری نوێ"، هەروەها ئاڵتای ئەتلی دووپاتیدەكاتەوە، ئەو پەیوەندییەی، كە چین و توركیا كۆدەكاتەوە لەسەر بەرژەوەندی هاوبەشە و لە داهاتوودا پەرەی زیاتری پێدەدەن.

لەلایەكی ترەوە، ئاتڵی پێیوایە، كە بازرگانی بە تەنیا بەس نییە بۆ زامن كردنی هاوكار بەرهەمدارو بەردەوام لە نێوان هەردوو وڵاتدا، بەڵكو پێویستە لەسەریان پەیوەندیەكانیان پتەوتر بكەن، لە پەیوەندی بازرگانیەوە بیبەن بۆ پەیوەندییە فرە رەهەندەكان. بەهۆی ئەوەشی هەردوولا ویستیان لەسەر دامەزراندنی هاوبەشایەتییەكی ستراتیجیە، بۆیە ئابووری بە تەنیا بەس نییە بۆ پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییە و دەكرێت هاوكاری ئەمنی و سەربازی و بگرە هاوكاری لەبواری بەرگریدا بكرێت، ئەمەش وا دەكات هەردوولایان لەگەڵ كێشە هاوبەشەكانی یەكتردا لەوانە "تیرۆر" چالاكتر هەڵس وكەوت بكەن و بنەماكانی پەیوەندیەكانیانی لەسەر بنیاد بنێن.

لەهەمان كاتدا، ئاتلی ئەماژە بۆ ئەوە دەكات، پەیوەندی سەربازی نێوان چین و توركیا تازە نییەو لە ساڵی 2010 هێزی ئاسمانی هەردوو وڵات راهێنانی هاوبەشیان ئەنجامدا لەژێر ناوی "مانۆری هەڵۆی ئەنادۆڵ" . 

هەماهەنگیشیان لەبورای بەرگریدا دەگەڕێتەوە نەوەدەكانی سەدەی رابردوو، هەرچەندە بە بەراورد لەگەڵ ئەو هاوكاریانەی توركیا لەگەڵ ناتۆدا هەیە كەمە. 

شارەزای ناوبراو پێشبینی دەكات هاوكاری گشتگیر لە نێوان هەردوو لا لە بوارەكانی بەرگری و ئەمن لە مانگ و ساڵەكانی داهاتوودا پەرەی زیاتری پێ بدریت.

ئەوەی گرنگە و جێگای پرسیارە، رۆژئاواییەكان چۆن لەم جۆرە پەیوەندیە دەڕوانن لە نێوان شین و توركیا، بەتایبەتی ئەمەریكاو لە كاتێكدا ئیدارەی ترەمپ كار دەكات بۆ دەستپێكردنی جەنگێكی بازرگانی لەگەڵ چین، ئەمە لە كاتێكدایە پەیوەندیەكانی توركیا لەگەڵ روسیاش بۆتە مایەی گرژی و تەنگەشە لە پایتەختەكانی رۆژئاوادا.