تەكنیكی‌ كۆكردنەوەی‌ دەنگ
حیزبەكان پەرلەمان دەدەنە دەست میدیاكار‌و گەنجان

sharpress.net

1741 جار خوێندراوه‌ته‌وه

10/08/2018‌

شارپرێس: نیقاش
لیستی‌ یحزبەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان بۆ خولی‌ داهاتووی‌ پەرلەمان پڕە لەمیدیاكار، سیمای‌ لیستەكان ئەوە دەنوێنێت، چوار ساڵی‌ داهاتوو بڕیاری‌ كۆتایی‌ هەر لای‌ حیزبەكان بمێنێتەوەو لای‌ پەرلەمان نەبێت.

بڕیارە 30ی‌ ئەیلولی‌ داهاتوو هەڵبژاردنی‌ خولی‌ پێنجەمی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان بەڕێوەبچێت، رۆژی‌ یەكشەممە 20ی‌ تەمموز، سەرجەم حزبە بەشداربووەكان، لیستی‌ كاندیدەكانیان پێشكەشی‌ كۆمسیۆنی‌ هەڵبژاردن‌و راپرسی‌ هەرێمی‌ كوردستان كرد.

بەچاوخشاندنەوەیەك بەلیستی‌ ناوی‌ كاندیدی‌ قەوارەكان، چەندین میدیاكار دەردەكەون، بەهۆی‌ نەبونی‌ كەسانی‌ پلە باڵای‌ حزبەكانیش لەناو لیستەكاندا سەرنجەكان زیاتر دەچنەوە سەر ئەوان.

لەبەر ئەوەی‌ دەنگدان بۆ پەرلەمانی‌ كوردستان بەپێی‌ لیستی‌ كراوەیەو كاندیدەكان دەنگ بۆ قەوارەكان كۆدەكەنەوە، بۆیە سەرجەم لیستەكان بەدوای‌ ئەو رووخسارانەدا دەگەڕێن كە دیارن‌و خەڵكێكی‌ زۆر دەیانناسن، باشترین بژاردەش لەو رووەوە پێشكەشكاری‌ كەناڵە تەلەفزیۆنییەكانن.

پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان، 100 كاندیدی‌ پێشكەشكردووە، لەگەڵ ئەوەی‌ گەنجترین ئەندامی‌ سەركردایەتی‌ حیزبەكەی‌ كردووەتە سەرۆكی‌ لیستەكەی‌ لەهەمان كاتدا، لەسەدا پێنجی‌ كاندیدەكانی‌ راگەیەندكارن‌و لەسەدا 35 تا 40 گەنجن.

خەسرەۆ گۆران، بەرپرسی‌ مەكتەبی‌ هەڵبژاردنی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان، وتی‌ "جارێ‌ ئەو كلتورە لە كوردستان باو نییە كە كەسانی‌ یەكەمی‌ حزبەكان بچنە پەرلەمان، پێویستە وابێت، لە دونیادا سەركردەی‌ حزب لەپەرلەمان دەبن‌و چونكە شەڕەكە لەپەرلەمان دەبێت، ئەم كەلتورە جارێ‌ نەگەیشتوەتە كوردستان".

گۆران بۆ "نیقاش"ی‌ وت "من لەسوید خوێندنم تەواو كردوە هەموو سەركردایەتی‌ حزبی‌ سۆسیال دیموكرات بەئەمیندارەكەیانەوە كاندیددەكران بۆ پەرلەمان حزبەكانی‌ دیكەش بەهەمانشێوە".

بزووتنەوەی‌ گۆڕان 100 كاندیدی‌ هەیە، دیارترینیان بێژەرەكانی‌ تەلەفزیۆنی ‌ KNNن، _زمانحاڵی‌ بزوتنەوە_كەن چوار بێژەر‌و كارمەندێك‌و سەرۆكی‌ لیستەكەشی‌، كە عەلی‌ حەمەساڵح_ە پێشتر رۆژنامەنووس بووە‌و لەسەدا 50ی‌ كاندیدەكانیش گەنجن.

زمناكۆ جەلال، رێكخەری‌ ژوری‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان، وتی‌ "مەسەلەی‌ گەنج ناسنامەی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕانە ئەوە هەر لەهەموو هەڵبژاردنەكان لیستەكانی‌ رێژەیەكی‌ زۆر گەنجیان تێدایە‌و رۆژنامەنوسەكانیش لەپەنجەكانی‌ دەست تێپەڕناكەن‌و لەسەرەتای‌ دروستبونی‌ بزوتنەوەكەوە لە تەلەفزیۆنی‌ knn بوون‌و ئەو تەلەفزیۆنەش ئۆرگانێكی‌ گرنگی‌ بزوتنەوەیەكە".

بزوتنەوەی‌ گۆڕان یەكێكە لەو هێزانەی‌ پێداگری‌ لەسەر سیستەمی‌ پەرلەمانی‌ دەكات، بەڵام لەلیستەكەدا هیچ ئەندامێكی‌ خانەی‌ راپەڕاندن_ئۆرگانی‌ باڵا_ی‌ بزوتنەوەكەی‌ تێدا نییە، لەوبارەیەوە زمناكۆ جەلال دەڵێت "بۆ ئێمە فراكسیۆنەكان بونەتە شوێنی‌ پێگەیاندنی‌ چەندین كادیر، پێكهاتەی‌ گۆڕان ئاسۆییە‌و هەمیشە سەرۆكی‌ فراكسیۆن دەبێتە یەكێك لەسەركردەكانی‌ بزوتنەوەكە".

یەكگرتووی‌ ئیسلامی‌ كوردستانیش لیستێكی‌ 60 كەسی‌ كاندیدكردووە‌و لەسەدا 9یان میدیاكارن‌و لە سەدا 19شیان گەنجن، ئەوە جگە لەوەی‌ سەرۆكی‌ لیستەكەی‌ پێشتر لەبواری‌ راگەیاندندا كاری‌ كردوە.

قاسم گەڵاڵی‌، بەرپرسی‌ دەزگای‌ هەڵبژاردنی‌ یەكگرتووی‌ ئیسلامی‌، باس لەوەدەكات كاندیدەكانیان لەسەر لەسەر ئاستی‌ تەمەن‌و پسپۆڕیەتی‌‌و ڕەگەز دابەشكراون.

قاسم گەڵاڵی‌، لەبارەی‌ كاندیدكردنی‌ رۆژنامەنوس‌و گەنجەكانەوە، وتی‌ "خەڵك كاندیدەكان هەڵدەبژێرێت، تەنانەت ئەو ریزبەندییەی‌ حزب دەیكات بەو شێوەیە دەرناچێت‌و دەنگدەران ریزبەندییەكە هەڵدەوەشێننەوە‌و ڕەنگە كەسی‌ یەكەمی‌ حزبیش خۆی‌ كاندید بكات دەرنەچێت".

كۆمەڵی‌ ئیسلامی‌، 40 كاندیدی‌ هەیە‌و یەكێكی‌ دیكەیە لەو هێزانەی‌ لەناو لیستەكەیدا جێگەی‌ دیاری‌ بۆ میدیاكاران تەرخانكردوە، چوار كارمەندی‌ تەلەفزیۆنی‌ پەیام_زمانحاڵی‌ كۆمەڵ_ كاندیدكردوە‌و سەرۆكی‌ لیستەكەش كە سۆران عومەرە پێشتر رۆژنامەنوس بووە‌و كاندیدێكی‌ دیكەشی‌ پێشتر میدیاكار بووە.

هاوپەیمانی‌ بۆ دیموكراسی‌‌و دادپەروەری بەسەرۆكایەتی‌ بەرهەم ساڵح جێگری‌ پێشووی‌ سكرتێری‌ یەكێتی‌ نیشتمانی‌، 100 كاندیدی‌ هەیە‌و كە یەكەمجارە بەشداری‌ هەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان دەكات 3 میدیاكاری‌ كاندید كردوە‌و لەسەدا 50 زیاتری‌ كاندیدەكانی‌ گەنجن.

غەمگین كۆساری‌، میدیاكار‌و كاندیدی‌ هاوپەیمانی‌، پێیوایە ڕۆژنامەنوسان‌و میدیاكاران چانسێكی "زۆر باشیان" هەیە لەكۆكردنەوەی‌ فراوانی دەنگدەران.

كۆساری‌ بە"نیقاش"ی‌ وت "حیزب پێویستی بەوە نییە ئەم دەموچاوانە بە خەڵك بناسێنێت، بەڵكو خۆیان ئەستێرەو زۆرجار خۆشەویستن لەناو خەڵكدا".

زیاتر وتی‌ "خاڵێكی تر هێندەی ڕۆژنامەنوس‌و میدیاكار لەناو ڕووداوە سیاسیەكاندایەو سەروكاری لەگەڵ چاودێری بابەتە ئاڵۆزەكاندا دەكات كەسێكی تر ئەو تایبەتمەندیەی تێدانییە، پەرلەمانیش بۆخۆی ئەركەكانی هەرئەوەیە كەبریتین لە چاودێری دامودەزگاكانی حكومەت‌و شەن‌و كەوكردنی شیكارە سیاسیەكان‌و ئیشكردن لەسەر پڕۆژەیاساو پێشنیاری چاكسازی‌و لێپرسینەوەی ئۆرگانەكانی تری نێو دەسەڵاتە سیادیەكان كە ئەمانە بە میدیاكاران دەكرێن".

پێشەوا هەورامانی‌، پێشكەشكاری‌ كەناڵی‌ ڕووداو‌و كاندیدی‌ پارتی‌، هۆكاری كاندیدكردنی راگەیاندنكاران بۆ "ناسراویان" لەلایەن خەڵكەوە دەگەڕێنێتەوە.

هەورامانی‌ بە"نیقاش"ی‌ وت "بەشێكی دیكەش ئەوەیە حزبەكان زۆرجار شەڕو ململانێكانییان لەڕاگەیاندنەكانەوە یەكلایی دەكەنەوە، بۆ ئەمەش راگەیاندنكارەكان لە قسەكردن‌و بەرنامەو گفتوگۆكاندا بەهێزترن".

لەخولی‌ چوارەمی‌ پەرلەماندا بەشێكی‌ زۆر لەگفتوگۆ توندەكان لەنێوان ئەو پەرلەمانتارانەدا بوون كە پێشینەیەكی‌ كاری‌ میدیاییان هەبوو زۆرجار چارەسەری‌ پرسە سیاسیەكانیان زیاتر ئاڵۆز دەكرد.

بەڵام پێشەوا هەورامانی‌، دەڵێت "راگەیاندنكاران بەسروشتی كارەكەیان چەقی خەمەكانی خەڵكن‌و هەمیشە ئاگاییان هەیە لە دۆخی خەڵكە، پێموانییە ڕاگەیاندنكارەكان ململانێكەیان دروست نەكردووە حزبەكان لە كۆتایدا راگەیاندن ئاراستە دەكەن".

ئەگەرچی‌ لەم هەڵبژاردنەدا ئەستێرەی‌ بەختی رۆژنامەنوسان‌و گەنجان كراوەتەوە، بەڵام ڕەنگە ئەمە هیچ لەو راستیە نەگۆڕێت كە ئەوەی‌ بڕیاری‌ كۆتایی‌ لەسەر مەسەلەكان دەدات ئەو كەسانەن لە دەرەوەی‌ پەرلەمانن‌و لەناو بارەگا حزبیەكان دادەنیشن.

ئەوانەی‌ لەئاستی‌ مەكتەبی‌ سیاسی‌‌و سەركردایەتی‌ حزبەكاندان بە هەموو لیستەكانەوە ژمارەیان لەپەنجەكانی‌ دەست تێپەڕ ناكات، ئەمەش وادەكات میدیاكار‌و گەنجەكان بۆ دوا بڕیار بگەڕێنەوە بۆ لای‌ بەرپرسە باڵاكانی‌ حزبەكانیان كە لەپشتەوە یارییەكە بەڕێوەدەبەن.

چوار ساڵی‌ رابردو بەڵگەیە لەسەر ئەوەی‌ كە پەرلەمانی‌ كوردستان بۆ دەركردنی‌ یاسا گرنگ‌و حەساسەكان دەگەڕایەوە بۆ لای‌ حزبەكان، وەك یاسای‌ سەرۆكایەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان كە هۆكاری‌ یەكەمی‌ ململانێی‌ توندی‌ هێزە سیاسیەكان لەسەر ئەم پرسە بوو، پەرلەمان نەك پرسەكەی‌ یەكلانەكردەوە بەڵكو خۆشی‌ بووە قوربانی‌‌و ماوەی‌ دوو ساڵ داخرا.

بەبڕوای‌ هۆگر چەتۆ، رێكخەری‌ تۆڕی‌ شەمس بۆ چاودێری‌ هەڵبژاردن، كاندیدكردنی‌ میدیاكار‌و گەنجان دوو دیوی‌ هەیە، وتی‌ "لەلایەك ڕەخساندنی‌ دەرفەت بۆ هەموو چین‌و توێژەكان كارێكی‌ باشە، بەڵام لەلاكەی‌ دیكەوە خاڵی‌ بوونی‌ لیستەكان لەكەسانی‌ پلەی‌ باڵای‌ حزبەكان دامەزراوەكان لاواز دەكات‌و ئەمە كێشەیەكی‌ بنەڕەتییە‌و دووبارە دەبێتەوە‌و كێشەی‌ دروستكردوە".

بەبڕوای‌ هۆگر، هەندێجكار پێویستە لیستی‌ داخراو هەبێت بۆئەوەی‌ سەركردەی‌ یەكەمی‌ حزبەكان خۆیان بچنە پەرلەمان، "ئەوەی‌ هەیە لەلیستی‌ نیمچە كراوەدا كاندیدەكان لەلایەن دەنگدەرانەوە ریزبەندییەكە رێكدەخرێتەوە‌و ئەوە مەترسی‌ دروستدەكات كە كەسە ناودار‌و بەرپرسەكان خۆیان هەڵبژێرن دەرنەچن، لەم مۆدێلە كە كەسە كاریزما‌و ناودارەكان لەدەرەوەی‌ پەرلەمانن دواجار دەبێت پەرلەمانیش بگەرێتەوە بۆ لای‌ ئەوان".

هەر بەتەنیا كاندیدكردنی‌ گەنجان‌و رۆژنامەنوسان نییە، بەپێی‌ لیستی‌ كاندیدی‌ حزبەكان، لەكۆی‌ حەوت لیستی‌ دیاری‌ هەڵبژاردنی‌ داهاتووی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان سەرۆكی‌ چواریان پێشتر میدیاكاربوون، كە ئەوانیش سەرۆكی‌ لیستی‌ گۆڕان‌و لیستی‌ یەكگرتووی‌ ئیسلامی‌‌و كۆمەڵی‌ ئیسلامی‌‌و لیستی‌ نەوەی‌ نوێیە، كە ئەمەی‌ دواییان ئامادەنەبوون رێژەی‌ گەنج‌و میدیاكارەكانیان بۆ "نیقاش" ئاشكرا بكەن.






ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved