كاریگەرییە باش‌و خراپەكانی بەركەوتن بەتیشكی خۆر

هەمەڕەنگ

11/08/2018‌ 452 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەگەری هەیە هەریەكێك لەئێمە ڕۆژانە چەند كاتژمێرێك پێستی بەر تیشكی خۆر بكەوێت، بەركەوتن بە تیشكی خۆر كۆمەڵێك كاریگەری خراپی هەیە بۆ پێست و تەندروستیمان، بەڵام لە هەمان كاتیشدا كۆمەڵێك كاریگەری باش‌و بەسودی هەیە بۆ پێست و تەندروستیمان ، كە ئەمانەی خوارەوە دەگرێتەوە.

كاریگەرییە باشەكانی (پۆزەتیڤەكان) تیشكی خۆر بۆ تەندروستی:
دكتۆر بلیگارد لە یەكێك لە توێژینەوەكانیدا بۆی دەركەوتووە، كە تیشكی خۆر كاریگەری زۆر باشی بۆ تەندروستی مرۆڤ هەیە، ئەو دەڵێت "ئەو ڕۆژانەی كە تیشكی خۆر بە درێژایی ڕۆژ هەیە بەگشتی خەڵك ئاسودەتر دەردەكەون‌و وزەیەكی زۆرتریان هەیە, هەروەها تیشكی خۆر دەبێتە هۆی زیادبوونی ماددەی (سەرەوتەنین ) لە مێشكدا، كە ئەمەش پەیوەندی دارە لەگەڵ باش بوونی مەزاجی مرۆڤ ، كە ئەمەش لەهاویندا بەشێوەیەكی گشتی زۆرترە".

باشتربوونی خەو، بەركەوتن بە تیشكی خۆر كاردەكاتە سەر مێلاتۆنینی مێشك و توانای بەرهەم هێنانی ئەو مادەیەی هەیە، كە ئەمەش مێشك ئاگادار دەكاتەوە لە كاتەكانی خەوتن، هەروەها بەركەوتن بە تیشكی خۆر توانای دروستكردنی ڤیتامین دی تەواوی هەیە بۆ لەش، كە زۆر گرنگە. 

دكتۆر بلیگارد لە لێكۆڵینەوەكەیدا دەڵێت: ڕۆژانە تەنیا ۱۵ خولەك تیشكی خۆر پێویستە بۆ لەشی مرۆڤ و دروستكردنی ڤیتامین دی".

كاریگەرییە خراپەكانی تیشكی خۆربۆ تەندروستی:
تیشكی خۆر زیان بە چاو دەگەیەنێت ، بەركەوتن بە تیشكی خۆر بۆ ماوەیەكی درێژخایەن و بە بێ هیچ بەرگرییەك و بەهۆی تیشكی سەرو وەنەوشەییەوە زیانی زۆر بەتۆڕەی چاو دەگەیەنێت , لێكۆڵینەوەكان دەریانخستووە، كە بەركەوتن بە تیشكی خۆر بۆ ماوەیەكی درێژ دەبێتە هۆی تووشبوون بە شێرپەنجەی پێست, بە تێپەڕبوونی كات و بێ ئاگا بوون لە بەركەوتنت بە تیشكی خۆر مەترسی زۆرتر بە تووش بوونت دەردەكەوێت.

هەروەها زۆر بەركەوتن بەتیشكی خۆر دەبێتە هۆی هیلاك بونی پێست، كە ئەمەش وشك بوونەوەی پێستی بە دواوە دێت, یەكێكی تر لە لایەنە خراپەكانی بەركەوتن بە تیشكی خۆر ئەوەیە، كە دەبێتە هۆی سوتاندنی پێست، كە بە یەكێك لە باوترین خراپیەكانی بەركەوتن بە تیشكی خۆر دادەنرێت‌و ئەم جۆرە سوتانەوەیەی پێست لەدوای 4 بۆ ۵  كاتژمێر لە بەركەوتن بەتیشكی خۆر دەردەكەوێت . 

وەرگێڕان: هێڤار عومەر