فیلمی "ئەیلانی كوردی" لەتونس نمایش دەكرێت

هەمەڕەنگ

12/08/2018‌ 357 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
فیلمی (ئەیلان)ی كوردی دەرهێنەر جوبرائیل ئەبوبەكر كە بەسپۆنسەری زانكۆی نۆلج بەرهەمهێنراوە، لەفێستیڤاڵێكی سینەمایی نێونەتەوەیی لەوڵاتی تونس بەشداری دەكات و كێبڕكێی بردنەوەی خەڵات دەكات. 

دەرهێنەر جوبرائیل ئەبوبەكر لەبارەی بەشداریكردنی فیلمەكەی لەو فێستیڤاڵە وتی " فیلمی (ئەیلان) لە فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی قیلیبییە بەشداری دەكات كە لەوڵاتی تونس بەڕێوە دەچێت و كێبڕكێی بردنەوەی خەڵاتی فێستیڤاڵەكە دەكات". 

وتیشی "فێستیڤاڵەكە ئەمڕۆ (یەكشەممە) دەستپێدەكات و هەتا 18ی ئابی 2018 بەردەوام دەبێت". 

لەبارەی چیرۆكی فیلمەكەوە دەرهێنەر جوبرائیل ئەبوبەكر وتی "چیرۆكی فیلمەكە باس لە ئەیلان كوردی دەكات كە لەسوریا شەڕ دەستپێدەكات لەگەڵ خێزانەكەی رێگەی تاراوگە دەگرنە بەر و بەرەو توركیا بەڕێدەكەون، بەڵام لەوێ‌ بەر لەوەی بگەن بەكەناری ئارامی شەپۆلەكانی دەریا دەیكاتە قوربانی". 

فیلمی سینەمایی (ئەیلان) لەلایەن جوبرائیل ئەبوبەكر كاری دەرهێنانی بۆ كراوە و ئومێد رۆژ كاری مۆسیقای فیلمەكەی جێبەجێكردووە و هەروەها ئالان رۆژبەیانی كاری گرافیك و دیزاینی فیلمەكەی جێبەجێ‌ كردوە. 
 
دواهەمین فیلمی سینەمایی دەرهێنەر جوبرائیل ئەبوبەكر  فیلمێك بوو بەناوی (بێدەنگی ئاسمان) كە لەكەمتر لە ساڵێكدا لە 54 فێستیڤاڵی سینەمایی جیهانیدا بەشداری كرد‌و چەندین خەڵاتی بەدەستهێنا.

جوبرائیل ئەبوبەكر رەحمان لەدایكبوی ساڵی 1983ی شاری هەولێرە، لەساڵی 2001ەوە دەستیداوەتە كاری سینەمایی و لەنزیكەی 40 كورتە فیلمدا یاریدەدەری وێنەگر بوە و لە 13 فیلمی سینەمایی درێژیشدا یاریدەدەری وێنەگر بوە و لەساڵی 2010ەوە كاری دەرهێنانی سینەمایی دەكات.