پەنجەرەیەكی نوێ‌ بەڕووی پارتی‌و یەكێتی دەكەنەوە
چوار حیزبەكە دەچنە بەغداو پرۆژەیەكی هاوبەشیش ئامادەدەكەن

عیراق

13/08/2018‌ 5165 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرپرسانی چوار حیزبە ناڕازییەكە لەئەنجامی راگەیەنراوی هەڵبژاردن، ئەنجامی بەدەست ژماردنەوەی بەشێك لەسندووقەكانی دەنگدان رەتدەكەنەوە، بەڵام بە زمانێكی نەرمتر راگەیەندراوێكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە.

لایەنە ناڕازییەكان سەرەڕای رەتكردنەوەكە داخوازی "دیالۆگی نیشتمانی" وەك پەنجەرەیەكی نوێ بەرووی پارتی و یەكێتی و هێزە سیاسییەكانی دیكەی عێراقدا كردوویانەتەوە، بەڵام بەرپرسێكی یەكگرتووی ئیسلامی هیوادارە دوو هێزەكەی دیكە وەك دەرفەتی فڕوفێڵ و كاتكوشتن سەیری ئەو مێزی دانوستاندنە نەكەن، كە ئەوان باسیان كردووە "پارتی و یەكێتی چەند جارێك داوای گفتوگۆیان كردبوو، ئێمە رەتمانكردبووەوە، بەڵام دیالۆگی نیشتمانی لە پێناوی مافە دەستوورییەكانی خەڵك دەكەین".

هەفتەنامەی رووداو لەژمارەی ئەمڕۆ دوو شەممە بڵاویكردەوە، كە رێگەی بەغدا بۆ پارتی‌و یەكێتی ئاڵۆزە، بەڵام بۆ چوار حیزبە ناڕازییەكە ئاڵۆزترە، چونكە ئەوان بەهۆی ئەوەی ژمارەی كورسییەكانیان كەمترە، لەو نێوەندی پڕ لەكێشمەكێش و ململانێیەدا پێویستیان بە دانایی‌و كارتی بەهێزە تاوەكو لەپرۆسەی سیاسی عێراقدا گوێلێگیراو بن، بەڵام ئەوان چی دەكەن؟

رێبوار كەریم، وتەبێژی هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری دەڵێت: "ساخبووەتەوە چوار لایەنەكە دەچنە بەغدا بۆ بەشداریی لەپرۆسەی سیاسی عێراق"، كە لە راگەیەندراوی هاوبەشی چوار حیزبەكەدا هاتووە "ئێمە گفتوگۆ و دیالۆگی هاوبەشی نیشتمانی بەپێویست دەزانین لەپێناوی مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان"، بەڵام رێبوار كەریم دەشڵێت: "ئەوە بە مانای رازیبوون نییە بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن".

وتەبێژی هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری باسی درێژەكێشانی كاری هاوبەش و پێكەوەیی چوار لایەنەكە دەكات‌و دەڵێت: "پلانی هاوبەشی چوار حیزبەكە ئامادەیە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ پرۆسەی سیاسی عێراق"، بەڵام پێش چوونە بەغدا، هێشتا ئەوان پێداگیری دەكەن لەسەر ئەوەی تانە لەئەنجامی هەڵبژاردن بدەن :"قۆناغی یەكەم وتوومانە ساختەكاری هەیە و دەبێ چارەسەر بدۆزرێتەوە، قۆناغی دووەم وتوومانە دیالۆگێكی نیشتمانی پێویستە بۆ ئەو قۆناغەو بۆ دەربازكردنی خەڵكی هەرێمی كوردستان لەو قەیرانە".

رۆژی 11ی ئابی 2018، سەركردەی یەكەمی هەریەكە لەبزووتنەوەی گۆڕان، یەكگرتووی ئیسلامی، هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری و كۆمەڵی ئیسلامی، لە گردی زەرگەتەی سلێمانی كۆبوونەوە، هەرچەندە بەپێی زانیارییەكان لەو كۆبوونەوەیەدا بە چڕی باس لە دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، یان بەڕێوەچوونی لە وادەی خۆیدا كراوە و داوایان كردووە دژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن نەبن لە 30 ئەیلوولدا، دواتر باسی پرۆسەی سیاسی لەعێراق و بەشداریی لە حكومەتی داهاتووی بەغدا و راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی ژماردنەوەی دەنگەكان كراوە و بڕیار دراوە لەمەولا داخوازی پارتی و یەكێتی بۆ گفتوگۆ رەتنەكەنەوە، "بەڵام بەمەرج".

هاوكات ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان، دەڵێت: "راستە ئەوان دیالۆگی نیشتمانی بە پێویست دەزانن، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە، كە تێبینیمان لەسەر پارتی و یەكێتی نییە و ئەو ساختەكارییە لەبیر دەكەین، كە لەهەڵبژاردن كرا". 

ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، دەشڵێت: "مەبەستمان لە دیالۆگی نیشتمانی ئەوەیە لە حكومەتی داهاتووی عێراقدا مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان نەبنە قوربانی ململانێی سیاسی و كورد پەرتەوازە نەبێ، بۆ ئەوەی پارتی و یەكێتی بەناوی نوێنەرایەتی خەڵكی هەرێمی كوردستان، لەپێناو پۆست و داخوازی حیزبی خۆیان پرۆژە ئامادە نەكەن و وەك ساڵانی رابردوو تەنیا بیر لە پۆست و دەستكەوتی حیزبی بكەنەوە، لەبەر ئەوە گفتوگۆیان لەگەڵ دەكەین".

لەدوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراق، چەند جارێك پارتی و یەكێتی داوای دروستكردنی شاندی هاوبەشیان كردووە، تەنانەت چەند جارێكیش بزووتنەوەی گۆڕان داخوازی یەكێتی رەتكردووەتەوە بۆ دانیشتنی دووقۆڵی و داوای ئەوەی لەیەكێتی كردووە پێش داوای كۆبوونەوە، داوای لێبووردن بكات بەهۆی رووداوەكەی ئێوارەی 12ی ئایار، كە تەقە لە ئۆفیسی سەرەكی بزووتنەوەكە لە سلێمانی كرا.

هەروەها عوسمان كاروانی، ئەندامی ئەنجوومەنی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی دەڵێت: "هیوادارین ئەو مێزی گفتوگۆیەی ئێمە باسی دەكەین، پارتی و یەكێتی وا سەیری نەكەن، كە بیانەوێت ئەوەی لە بەرەكانی شەڕ و فێڵكردن بەدەستیان نەهێناوە لەسەر ئەو مێزە بەدەستی بهێنن، چونكە ئێمە باسی گفتوگۆی راستەقینە و نییەتی باشمان كردووە". 

ئەو وتیشی: "هەرچەندە من وەك خۆم هەرگیز چاوەڕێی ئەو دانوستاندنە راستەقینەیە ناكەم لەو دوو حیزبە".

عوسمان كاروانی، پێیوایە زووە بۆ ئەوەی بوترێت دەچنە بەغدا، لەبەر ئەوەی هێشتا دۆخی عێراق تەمومژاوییە و ئەو سەری تونێلەكە لەكەسەوە دیار نییە "جارێ باسی چوونە بەغدا نەكراوە، بەڵام ئەگەر قسە لەسەر چوونە بەغدا بێتە پێشەوە، ئەو چوار لایەنە میكانیزم و بەرنامەی هاوبەش‌و داڕێژراوی خۆیان هەیە و پێكەوە دەچنە بەغدا".

لەوەتەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان راگەیەندراوە، بەغدا بووەتە پایتەختی ناڕەزایەتییەكانی خەڵك لە حیزبەكان و پرۆسەی سیاسی و نەبوونی خزمەتگوزاری. لەولاشەوە، پارت و قەوارە‌و هاوپەیمانییەتییەكان بەردەوامن لە دانوستاندنی ناڕوون‌و نهێنی، بەجۆرێك هاوپەیمانییە پێكهێنراوەكان لە ماوەی هەفتەیەكدا وەك بەفری بەرهەتاو دەتوێنەوە و سەرلەنوێ دەموچاوی دیكە هاوپەیمانی رادەگەیەنن، سەرباری هەموو ئەوانەش، هێشتا چاوەڕوانی دادگای فیدراڵی بۆ راگەیاندنی كۆتایی ئەنجامەكان، نەیهێشتووە پەردە لەسەر گفتوگۆكان لابچێت.

بەرپرسێكی باڵای چوار حیزبەكە، دەڵێت ئەوا،ن كە دەڵێن دیالۆگی نیشتمانی، مەبەستیان ئەوەیە "پرۆژەیەك ئامادە دەكەین بۆ بەشداریی لەپرۆسەی سیاسی عێراق و دەبێ لەگەڵ پارتی و یەكێتی گفتوگۆ بكرێت بۆ ئەوەی پرۆژەیەكی هاوبەشی كوردستانی ئامادە بكرێ و ئەو پرۆژەیە بنەمای دانوستاندن بێت لەگەڵ بەغدا".

وتیشی: "لەو پرۆژەیەدا مەرجی ئێمە ئەوەیە نابێ بەهیچ شێوەیەك پۆستەكانی بەغدا پرسی گرنگ بن و دەبێ تەنیا داكۆكی لە جێبەجێكردنی مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان بكرێت. بابزانین وەڵامی پارتی و یەكێتی چی دەبێت بۆ راگەیێندراوەكەی ئێمە". 

ئەو بەرپرسە، كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، رەتیدەكاتەوە مەبەستیان دروستكردنی شاندی هاوبەش بێت لەگەڵ پارتی و یەكێتی و دەڵێت: "ئێمە هەرچەندە تێبینی زۆرمان لەسەر پارتی و یەكێتی هەیە، بەڵام كاتێك دەڵێین مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان، دەزانین ئەو پرۆژە هاوبەشە كوردستانییە بەبێ دیالۆگ لەگەڵ پارتی و یەكێتی ناكرێت".

هـ ـ ح