كورد بەدوو بەرەی جیاواز دەچێتەوە بەغدا
پێكهێنانی حكومەتی عێراق كێشەی نێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێم زیاتر دەكات

عیراق

13/08/2018‌ 1786 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق كێشەی نێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێم زیاتر دەكات، بەتایبەتی ئەو حیزبانەی لەدەسەڵات‌و ئەوانەی لەدەرەوەی دەسەڵاتن.

سەرچاوەیەكی ئاگادار بۆ شارپرێس رایگەیاند، زیاتربوونی كێشەكانی ئەو لایەنانە پەیوەندی بەوەوە هەیە، كە پارتی دیموكرات‌و یەكێتی نیشتمانی، دەیانەوێت ئەو لایەنانە بچنە بازنەكەی ئەوان بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی عێراق‌و پێكهێنانی حكومەت.

سەرچاوەكە راشیگەیاند، كە لەبەرانبەر ئەو خواستەی پارتی‌و یەكێتی لایەنە ناڕازییەكان، كە لەبزووتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی‌و یەكگرتووی ئیسلامی‌و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و داپەروەری پێكهاتوون، نایانەوێت بچنە ناو ئەو بازنەو خۆیان دەیانەوێت بە بەرەیەكی جیاواز بچنە بەغداو گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان بكەن.

لە 12ی ئایاری رابردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەرێوەچوو، هەڵبژاردنەكە سەرەتای كێشەكانی نێوان ئەو لایەنانە بوو، بەوەی لایەنە ناڕازییەكان پارتی‌و یەكێتی-یان تۆمەتباردەكرد بەئەنجامدانی "ساختەكاری".

لەبەرانبەردا پارتی‌و یەكێتی ئەوە رەتدەكەنەوەو دەیانەوێت ئەو لایەنانە رازی بكەن بەوەی پێكەوەو بەپرۆژەیەكی هاوبەش بچنە بەغداو گفتوگۆ لەسەر پێكهێنانی حكومەت بكەن.

هـ ـ ح