لقی بانكی ناوەندی عێراق لەهەرێم لەبارەی جۆرە دۆلارێك‌و پارەی ساختە روونكردنەوە دەدات

عیراق

14/08/2018‌ 2002 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەپێی بەداداچوونێكی هەفتەنامەی (باس) دەنگۆی ئەوە لە نێو خەڵك بڵاوبووەتەوە ئەو جۆری 100 دۆلاریانەی پێش 2006 چاپكراون لەعێراق‌و كوردستان كاریان پێناكرێت.

هەر بەپێی هەفتەنامەكە، كە ئەمڕۆ سێ‌ شەممە بڵاویكردووەتەوە، نیگەرانییەكە دوای ئەوە سەریهەڵدا كاتێك بەشێك لەنووسینگەكانی گۆڕینەوەی دراو رەتیانكردەوە ‌مامەڵە بەو جۆرە‌ 100 دۆلارییانەوە بكەن لەپێش ساڵی 2006 چاپكراون.

هاوكات زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، تائێستا بانكی ناوەندی عێراق ئەو جۆرە دراوەی نەكێشاوەتەوەو كاری پێدەكرێت.

لەو بارەوە عابد ساڵح، بەڕێوەبەری گشتی بانكی ناوەندی عێراق لەهەرێمی كوردستان رایگەیاند "هیچ جۆرە دراوێكی دۆلار لەعێراق و هەرێمی كوردستان رەتنەكراوەتەوە".

عابد ساڵح "ئەو دەنگۆیانە راست نین، كە بڵاوبووەتەوە گوایە دراوی 100 دۆلاری، كە پێش 2006 چاپكرابێت كاری پێناكرێت، هەموو دراوە یاساییەكان مامەڵەیان پێوە دەكرێت".

ئەو ئەوەشی راگەیاند، ئەگەر دراوێك لە بازاڕ هەڵبگرێتەوە یان كاری پێنەكرێت، بانكی ناوەندی هیچ قسەیەك ناكات پارەكە لە بازاڕ وەردەگرێـت‌و جارێكی تر نایخاتەوە نێو بازاڕ"و روونیكردەوە ئەگەر بانكی ناوەندی عێراق مەبەستی بێت هەر جۆرە دراوێكی بیانی، یان ناوخۆیی  رابگرێت، كۆی دەكاتەوەو جارێكی تر نایخاتەوە بازار.

هەروەها مەحمود داغر، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی دارایی لەبانكی ناوەندی عێراق بە(باس)ی راگەیاند "بانكی ناوەندی عێراق مامەڵە بەهەموو جۆرە چاپەكانی دۆلارەوە دەكات، تەنانەت ئەو جۆرە 100 دۆلارییانەش ، كە لەپێش ساڵی 2006 چاپكراون".

جەختیكردەوە ،بانكی ناوەندی ناتوانێت هیچ جۆر و بڕێكی دۆلار دیاریبكات‌و بزانێت ساختەیە، یان نا ، بۆیە بانك هیچ جۆرێكی دۆلاری رەتنەكردووەتەوە و ئەو دەنگۆیانەشی بوونی هەیە تەنیا لەناو بازاڕدایە نەك بانك.

ئەو باسی لەوەش كرد، لەسەرجەم بازاڕەكانی وڵاتانی دراوسێ مامەڵە بەهەموو جۆرێكی دۆلارەوە دەكەن و بەپێی بڕو جۆری چاپی دۆلارەكە بڕیارنادەن.

عابد ساڵح ، ئاشكرایكرد، پارەی دۆلاری ساختە لەبازاڕەكان هەیە، بەڵام دووپاتیكردەوە پەیوەندی بەبانكی ناوەندییەوە نییە، رایگەیاند "ئەگەری هەیە دۆلاری ساختە لەشوێنێك چاپ كرابێت، ئەو دۆلارانە هیچ مواسەفاتێكیان تێدا نییە و بانكی ناوەندیش لە هەبوونیان بەرپرس نییە.
 
عابد ساڵح، روونیشیكردەوە دراوی عێراقیش لە بازاڕی ساختەكراوی هەیەو ئەوەشی راگەیاند "چەند جۆرێكی دراو ساختەكراون، بۆ نموونە 10 هەزار دیناری ساختە هەیە تاوەكو دەستی لێنەدەی نازانین ساختەیە، ئەو جۆرە دراوانە لەبانكەكان و بازاڕی دراو لەرێگەی ئامێرێك ئاشكرا دەبێت، ئاسایشیش كۆنترۆلی كردووە، بۆیە دراوی ساختە زۆرتر لە بازاڕەكان ساخ كراوەتەوە".

هـ ـ ح