نەوتی كەركوك بە ئاگاداری بەغدا دەفرۆشرێت، بەڵام "نازانرێت داهاتی ئەو نەوتە بۆ كێ‌ دەبێت"

کوردستان

14/08/2018‌ 750 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و سامانە سروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، بە هۆی گەمارۆكانی ئەمریكا لەسەر ئێران و توندبوونەوەی ململانێیەكانی نێوان هەردوولاوە، عێراق ناچار دەبێت تەنها لە رێگەی توركیاوە نەوت هەناردەی دەرەوە بكات.

شێركۆ جەودەت بە ئاژانسی ئانادۆڵ-ی رایگەیاندووە، "ئەو ململانێیەی لە نێوان ئەمریكا و ئێران هەیە مەترسیدارە و كاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر نرخی نەوت لە جیهاندا، دەمێنێتەوە لەسەر ئەوەی عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە لەم نێوەندەدا چۆن بەرەوڕووی ئەو گرفتە دەبێتەوە، چونكە مامەڵەكردن لەگەڵ ئێراندا بەتایبەتی لە كاڵا ستراتیجییەكاندا لەوانەش نەوت و غازی سرووشتی لە لایەن ئەمریكاوە قەدەغەیە ئێستا، هەروەها مامەڵەكردن بە دراوی قورسەوە قەدەغە كراوە، ئەمەش كاردانەوەی دەبێت لە لایەن ئێرانەوە بەرامبەر عێراق و ئەو وڵاتانەی كە جێگای پڕ دەكەنەوە لە ئۆپیك بۆ بەرهەمهێنانی نەوت، بەو هۆیەشەوە ململانێیەكی مەترسیدار دەبێت".

ئاماژەی بەوەشكرد، "پێویستە عێراق ئامادەكاری خۆی بكات بۆ ئەوەی كەمترین زیان بكات لەو پریشكی ململانێیەی نێوان ئەمریكا و ئێران، بە نموونە ئەو هەڵمەتەی كە وەبەرهێنەری ئێرانی رووبەڕووی عێراقی دەكاتەوە، بە هۆی ئەوەی دابەزینی بەهای تمەنی ئێرانییەوە هەڵئاوسان و گرانی لە وڵاتەكەدا سەرهەڵدەدات و رێژەی بێكاری بەرز دەكاتەوە، هەروەها وەبەرهێنەرێكی زۆر لە ئێرانەوە بە دوای بازاڕی گەرمدا دەگەڕێن بە هۆی كزبوونی بازاڕی ئێرانییەوە، دەرەنجام چاوەڕوانی هاوبەشی و پێكەوە كاركردنن لەگەڵ وەبەرهێنەرە عێراقییەكان بە هەرێمی كوردستانیشەوە".

شێركۆ جەودەت وتیشی، "پێویستە بە زوویی رێوشوێن بەرامبەر ئەوانە بگیرێتە بەر تاوەكو دەستی كاری خۆماڵی كاری لە پێشینە بێت و بازاڕەكان بپارێزرێت لەو تەوژمە كە ئەگەر وریا نەبین رێژەی بێكاری و گرانی لە هەرێمی كوردستان زیاتر بەرز دەكاتەوە".

شێركۆ جەودەت راشیگەیاند، "لە دوای سزاكانی ئەمریكا لەسەر ئێران و لە ئەگەری زیاتر ئاڵۆزبوونی دۆخەكە، عێراق نابێت مامەڵەی نەوت و غاز لەگەڵ ئێران بكات، هەروەها گەرووی هورمز یەكێكە لەو تەنگاوانەی كە زۆر هەستیارە و ئێران لەوێوە گوشاری گەورە دەكات لەسەر هاتوچۆی نەوتی وڵاتانی كەنداو، دەرەنجام ئەوەش كاریگەری راستەوخۆی لەسەر ئێران دەبێت، لەهەمانكاتدا عێراق ناچار دەكات تەنها لە رێگەی توركیاوە بتوانێت نەوت هەناردەی دەرەوە بكات، ئەمەش رێگا خۆش دەكات بۆ ئەوەی نەوتی كەركووكیش لە رێگەی هەرێمی كوردستانەوە بەرەو توركیا بڕوات".

سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و سامانە سروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان رونیشیكردەوە، لەئێستادا نەوتی كەركووك بە ئاگاداری حكوومەتی عێراق و لە رێگای تەنكەرەوە رەوانەی ئێران دەكرێت، بەڵام نازانرێت داهاتی ئەو نەوتە بۆ كێ‌ دەبێت.

هەروەها دەڵێت، "حكوومەتی عێراق ئاگادارە لەوەی نەوتی كەركووك بڕێكی لە رێگای تەنكەرەوە دەنێردرێت بۆ ئێران، بەڵام بە هۆی سزاكانی ئەمریكاوە كە قەدەغەی مامەڵەی نەوت و غاز دەكات لەگەڵ ئێران دەبێت ئەوەش بوەستێت، هیچ لایەنێكی چاودێریش تا ئێستا ئەوەی دڵنیا نەكردووەتەوە كە داهاتی ئەو نەوتەی بە تانكەر رەوانەی ئێران دەكرێت بۆ كێیە، لەكاتێكدا پێویستە ئەو داهاتە بۆ حكوومەتی عێراقی بێت، بێگومان تەمومژ و رێكاری گەندەڵیش زۆرە كە لەم بوارەدا هەستی پێكراوە و پێویستی بە سەلماندنی یاسایی هەیە".
ه.م