ڕاوێژکاری وزەی هەرێم: توركیاو عێراق بۆ ناردنی نەوتی کەرکوک دەبێت لەگەڵ هەرێم ڕێکبکەون

عیراق

14/08/2018‌ 579 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕاوێژكاری كاروباری وزەی هەرێم ڕایدەگەێنێت "توركیاو عێراق بەبێ هەرێمی كوردستان ناتوانن هیچ هەنگاوێك بۆ هەناردەكردنی نەوتی كەركوك بنێن و دەبێت سەرەتا لەگەڵ هەرێم رێكبكەون".

ئەمڕۆ سێشەممە بێوار خونسی، راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بۆ كاروباری وزە بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاندوە "ئەو هەنگاوەی عێراق و توركیا بۆ باسكردن لەهەناردەكردنی نەوتی كەركوك لەئێستادا پەیوەندی بە سزاكانی ئەمریكاوە هەیە لەسەر ئێران، چونكە ئه‌مه‌ریكا هه‌وڵ ده‌دات نه‌وتی ئێران ڕابگرێت كه‌ ڕۆژانه‌ 3 ملیۆن به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ ده‌كات و ئێرانیش لەبەرامبەردا هەڕەشەی داخستنی گەروی هورمز دەكات كە عێراق و بەشێك لەوڵاتانی كەنداو لەو ڕێگەیەوە نه‌وت هەناردە دەكەن".


بێوار خنوسی ئاماژەی بەوەداوە "لەئێستادا هه‌وڵ ده‌ده‌ن جارێكی دیكه‌ نه‌وتی كه‌ركووك لهڕێگه‌ی بۆری نه‌وتی هه‌رێمەوە هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ بكه‌ن و بیكه‌نه‌ به‌دیل بۆ خۆیان، هه‌ربۆیه‌ش ئه‌مڕۆ ئه‌و گفتوگۆیه‌یان له‌گه‌ڵ توركیا كردوه‌ و پێشتر ئه‌و داواكاریه‌ییان له‌ هه‌رێمیش كردوه‌".

بەقسەی بێوار خونسی توركیاو عێراق به‌بێ هه‌رێمی كوردستان ناتوانن هیچ هه‌نگاوێك بنێن بۆ ڕه‌وانه‌كردنی نه‌وتی كه‌ركوك بۆ توركیا، بۆیه‌ پێویسته‌ سه‌ره‌تا ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن.

خنوسی ئەوەشی وتوە "لەبەرامبەر هەناردەكردنی نەوتی كەركوك بەبۆری هەرێمی كوردستاندا دەبێت دۆخی كەركوك ئاسایی بكرێتەوەو بگەڕێنرێتەوە بۆ دۆخی بەر لە 16ی ئۆكتۆبەر چونكە بەقسەی ئەو بەوشێوەیەی ئێستا “ئەستەمە” بتوانرێت نەوتی كەركوك هەناردەی دەرەوە بكرێت".

ئەو ڕاوێژکارەی وزەی ئاسایشی هەرێم وتوشیەتی "هەناردەكردنەوەی نەوتی كەركوك لە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستان و عێراقیشدا دەبێت چونكە سەرچاوەیەكی دیكەی داهات دەبێت بۆ هەرێم و عێراقیش".

ئەمەش دوای ئەوە دێت ئەمڕۆ سێ‌شەممە سەرۆك وەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی پاش كۆبونەوەی لەگەڵ ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا لەئەنكەرە، رایگەیاند باسیان لەوەكردوە كە بەزویی كاربكەن بۆ هەناردەكردنی نەوتی كەركوك لەڕێگەی توركیاوە.
هـ ـ ر