ئەمڕۆ ٣٤ ساڵ بەسەر دەستپێکردنی شۆڕشی چەکداری پەکەکە تێپەڕ دەبێت

کوردستان

14/08/2018‌ 870 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
٣٤ ساڵ بەسەر دەستپێکردنی شۆڕشی چەکداری پارتی دیموکراتی کوردستان پەکەکە تێپەڕ دەبێت.

ئەمڕۆ ١٥ی ئابی ٢٠١٨  لە ٣٤مین ساڵیادی هەنگاوی ١٥ ئابی ١٩٨٤ و پیدەنێتە ساڵی ٣٥وە، واتە دەستپێکردنی خەباتی چەکداریی پەکەکە لەدژی فاشیزم، لەوبارەیەوە کۆمیتەی بەڕێوبەریی پەکەکە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

کۆمیتەی بەڕێوبەریی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ڕایگەیاندوە "لە ٣٤-ەمین ساڵیادی ١٥ی ئاب، واتە لە ساڵڕۆژی لەدایکبوونی گەلی کوردداین، پێ دەنێینە ٣٥-ەمین ساڵی ئەو هەنگاوە گەورەیەوە، ٣٤ ساڵ وەک گەل و بزوتنەوەکەمان، لەسەر هێڵی ڕووناکی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان، بەبێوەستان شەڕ و تێکۆشانی ئازادیمان کردووە، لە سەرەتای ٣٥-ەمین ساڵیشدا ئیرادە و باوەڕمان لە هەمیشە بەهێزترە، لەسەر ئەو بنەمایە جەژنی ژیانەوەی گەلەکەمان لە ڕێبەر ئاپۆ و هەموو هاوڕێیان، بەتایبەتی لە هێزی گەریلا، لە گەلە وڵاتپارێزەکەمان و هەموو مرۆڤایەتی پیرۆزدەکەین".

کۆمیتەی بەڕێوبەریی پارتی کرێکارانی کوردستان ئاماژەی بەوەداوە "پێش هەموو شتێک دەمانەوێت جارێکی دیکە ڕاستییەکان دیاری بکەینەوە، لە مێژوودا کەم بینراوە لەسەر ڕێبازێکی گەریلایی ماوەی ٣٤ ساڵ تێکۆشانێک بەردەوامیی هەبووبێت، بەڵام گەلە وڵاتپارێزەکەمان بە ورە و فیداکاریی ئەو ڕێبازە تا کۆتایی و سەرکەوتن دەبەن، لە ماوەی ٣٤ ساڵی ڕابردوودا هەموو دەستکەوتەکانی گەلی کورد لە ژێر سێبەری تێکۆشانێک بووە کە گەریلا دەستیپێکردوە، سوپای گەریلا لە هنگاوی ١٥ی ئاب بەولاوە بەرگریی لە کوردستان کرد، لە شەشەمین ساڵیدا شۆڕشی نەتەوەیی گەلی کوردی پیشاندا، لە سەر ئەو بنەمایەش دەستی بە شۆڕشی ئازادی ژن کرد و نەتەوەی دیموکراتیی سەرلەنوێ خولقاند، ئێتسا بووەتە هێزێک کە مرۆڤایەتی لەبەرامبەر هەڕەشەی داعش و ئاکەپە و مەهەپە دەپارێزێت، بەو شێوەیە هێزی خولقێنەری گەریلا خۆی دەرخست".

کۆمیتەی پەکەکە ئەوەشی وتوە "بەدڵنیاییەوە ئەوانە لەسەر بنەمای هزری ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالانەوە پێکهات، ڕێبەر ئۆجالان فەلسەفەی مۆدێرنەی دیموکراتیی خوڵقاند، بەو شێوەیە ڕێگای ئازادی و ڕزگاریی ئاراستەی هەمو گەلانی ژێردەست کرد، وەکچۆن ڕێبەر ئۆجالان دەڵێت 'هەنگاوی ١٥ی ئاب هەنگاوی پێداگری، باوەڕی و ئیرادەیە'، گەلێک کە لە سەختترین دۆخەکان بڕیاری بەرخۆدانی دابێت لە هەموو دۆخێکی دیکەدا بەردەوام دەبێت لەو تێکۆشانە، ١٥ی ئابی ڕۆحییەتی شۆڕشگێڕییەتییە، کورد ئەمڕۆ زیاتر لە هەمیشە پێویستی بەوە ڕۆحییەتەیە".

پەکەکە وتوشیەتی "دوژمنمان بەراورد بە ٣٤ ساڵ پێش ئێستا زۆر نەگۆڕاوە، شەڕی تایبەتی دوژمن بۆ لەناوبردنی گەلی کورد لە چوار پارچەی کوردستان دا بڵاوبووەتەوە، بۆیە پێویستە وەک ٣٤ ساڵ پێش ئێستا هەنگاوێکی شۆڕشگێڕانەی نوێ دەستپێبکەین، بۆ ئەوەش پێویستە هەموو بەشەکانی کۆمەڵگا، لە ژنانەوە تا گەنجان و لە بزوتنەوە دیموکراسیخوازەکانەوە تا هێزی گەریلا لەدژی فاشیزم هەڵوێست بگرن، لەو نێوانەدا هێزی گەریلا دەبێت باش بزانێت کە ئەرکی سەرەکی لەسەر شانی ئەوانە".

لە کۆتاییدا پەکەکە ڕایگەیاندووە "لەسەر بنەمای لەناوبردنی فاشیزم تێکۆشانمان بەرفراوان دەکەینەوە و کوردستان و ڕێبەر ئاپۆ ئازاد دەکەین و بەو شێوەیە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوون دەکەینەوە، یادی شەهیدانمان دەکەینەوە و بانگەوازی گەلی کورد و دۆستانمان دەکەین، کە لەدژی ڕژێمی فاشیستیدا، دیموکراسی بەهێز بکەنەوە".


هـ ـ ر