لەگەری ناپابەندی بەگەمارۆكانی سەر ئێران.. ئەمریكا بەسزادان هەڕەشە لەعێراق دەكات

عیراق

15/08/2018‌ 946 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هێزەر ناوەرت وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، بە سزادان هەڕەشەی لەعێراق كرد، ئەگەر بێت‌و پابەندی ئەو گەمارۆیانە نەبێت، كە واشنتۆن خستوویەتییە سەر ئێران.

ئەو هەڕەشەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دوای ئەوە هات، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، وڵاتەكەی سەرەڕای گەمارۆكانی واشنتۆن بۆ سەر تاران، لەبازرگانی لەگەڵ ئێران بەردەوام دەبێت.

هێزەر ناوەرت لەمیانی لێدوانەكەی رایگەیاند، ئەمریكا چەند گەمارۆیەكی بۆ سەر ئێران راگەیاندووە، كە ئەگەر بێت‌و لایەنێك پابەندی ئەو گەمارۆیە نەبێت، ئەوە رووبەڕووی سزا دەبێتەوە.
 
حەیدەر عەبادی پێشتر رایگەیاندبوو، كە عێراق لەگەڵ سزادانی ئێران نییە، بەڵام دژی ناوەستێتەوە، بەڵام دواتر لەو هەڵوێستەی پاشگەزبووەوەو لەدواین دەركەوتنی رایگەیاند، بەغدا لەبازرگانی لەگەڵ تاران بەردەوامدەبێت.

هـ ـ ح