دۆحە بە 15 ملیار دۆلارەوە دەچێتە ئەنقەرە
میرە دەوڵەمەندەكەی قەتەر فریای تەنگەتاوییەكەی ئەردۆغان دەكەوێت؟

جیهان

16/08/2018‌ 5220 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
تەمیم بن محەمەد ئالسانی میری قەتەر رایگەیاند، كە وڵاتەكەی بە بەهای 15 ملیار دۆلار كاری وەبەرهێنانی راستەوخۆ لەتوركیا دەكات.

تەمیم بن محەمەد دوای ئەنجامدانی گفتوگۆیەكی تەلەفۆنی لەگەڵ رەجەب تەیب بن ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا ئەو بڕیارە ئابوورییەی داوە، كە بەو بڕە زۆرە لەپارە وەبەرهێنان لەتوركیا دەكات.

میری قەتەرەو سەرۆك كۆماری توركیا لەو پەیوەندییە جەختیان لەوەش كردووەتەوە، كە پەیوەندییە بازرگانییەكانی نێوانیان درێژە پێدەدەن‌و هەوڵی زیاتریش دەدەن بۆ ئەوەی فراوانی بكەن.

ئەم هەڵوێستەی میرە دەوڵەمەندەكەی قەتەر لەكاتێكدایە، ماوەیەكە پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكاو توركیا گرژی تێكەوتووەو بەو هۆیەشەوە، باری ئابووری ئەنقەرە خراپ بووە، دوای ئەوەی واشنتۆن كۆمەڵێك سزای لەدژی ئەو وڵاتە راگەیاند.

سزاكانی ئەمریكا دژی توركیا بەهای لیرەی توركی بەتەواوی بەرانبەر دۆلاری ئەمریكی دابەزاندووەو بەو هۆیەشەوە رەجەب تەیب ئەردۆغان، كە لەلوتكەی دەسەڵاتی ئەنقەرەیە، تووشی تەنگەتاوی بێت‌و هەوڵی تەواو بدات، بۆ چارەسەری ئەو كێشەیە.

یەكەم هەوڵی ئەردۆغان پەنابردنی بوو بۆ تەمیم بن محەمەد، ئێستا پرسیارەكە ئەوەیە، كە ئایا میرە دەوڵەمەندەكەی قەتەر دەتوانێت بەدەوڵەمەندییەكەی فریای توركیا بكەوێت، كە لەژێر سزای ئەمریكادایە؟

هـ ـ ح