عەبادی دەكرێتە دەرەوەی بازنە
نوێنەری حیزبوڵڵای لوبنانی بۆ پێكهێنانی حكومەتی عێراق لەبەغدایە

عیراق

16/08/2018‌ 1325 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەپێی سەرچاوەیەكی ئاگادار، بەرپرسی مەلەفی عێراق لەناو حیزبوڵڵای لوبنانی، شێخ محەمەد كەوسەرانی سەدانی شاری بەغدای كردووەو سەردانەكەشی بۆ پرسی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووە.

هەر بەپێی سەرچاوەكە، شێخ محەمەد كەوسەرانی، رۆژی سێ‌ شەممە هاتووەتە شاری بەغداو لەكۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە شیعییەكانی عێراق بەردەوامە، كە ئامانجی كۆبوونەوەكانی بۆ پرسی پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانییە.

سەرچاوەكە ئاشكراشیكردووە، كە نوێنەرەكەی حیزبوڵڵا باسی لەوە كردووە، پێویستە لایەنە براوە شیعەكان هاوپەیمانییەكی گەورە دروست بكەن‌و لەسەر كاندیدێك بۆ سەرۆك وەزیران رێكبكەون.

هەروەها ئاشكراشیكردووە، كەوسەرانی پێیباش بووە، كە لایەنە شیعییەكان لەسەر یەكێك لەكاندیدەكان ، كە پێكهاتون لە نوری مالیكی، تارق نەجم، فالح فەیاز، هادی عامری رێككەوتن بكەن‌و ئەو كەسە بەفەرمی كاندید بكەن بۆ سەرۆك وەزیرانی داهاتوو.

ئەمە لەكاتێكدایە لەپێشنیازەكەی بۆ كاندیدەكان، كەوسەرانی باسی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراقی نەكردووە، كە یەكێكە لەو سەركردە شیعانەی چاوی وەرگرتنەوەی پۆستەكەیە.

هەروەها كەوسەرانی پێشنیازی بۆ موقتەدا سەدر سەرۆكی لیستی سائیروون كردووە، كە بەشداری پێكهێنانی حكوەتی داهاتوو نەكات‌و لایەنەكەی بكاتە ئۆپۆزسیۆنێكی چاودرێر بەسەر حكومەتی داهاتووەوە.

هـ ـ ح