پارە تیرۆر سەركوتكردن.. دیدگای بەریتانیاو ئەڵمانیا دەربارەی سعودیە

جیهان

16/08/2018‌ 2065 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: تایبەت
ئامادەكردن: حلمی رەسول رەزا
فیلمی دۆكیۆمێنتاری " نهێنی سعودیە" بەرهەمێكی هاوبەشی  تۆڕی "zdf" تەلەفزیۆنی نیمچە فەرمی ئەڵمانیایە‌، لەگەڵ تۆڕی "bbc" ی بریتانی، لە سێ بەشی سەرەكی پێك هاتووەو ماوەی دوو كاتژمێرە. تیایدا باسی سێ كێشەی سەربەخۆ دەكات و بە شێوەیەكی ورد باس لە سعودیە دەكات، بەتایبەتی پێكدادانی ئایدۆلۆجی و دارایی ماڵباتی دەسەڵاتدار.

دیمەنەكانی فلیمەكە وێنەیەكی سەرسوڕهێنەر دەربارەی شانشین پیشان دەدات وەك كیانێكی تێكدەری دەوڵەمەند، و بۆ ماوەیەكی زۆر سامانی نەوت بەكاردەهێنێ بۆ رەواج دان بە بەشێكی ئیسلام كە توندرەویە، هەروەها پاڵپشتی كردنی تیرۆر لە ئاستی هەرێمایەتی و نێو دەوڵەتی.

بەشی یەكەمی فیلمەكە ناونیشانی "هەنگاوەكانی تیرۆر" ە، و بە گرنگترین بەشەكانی دادەنرێت، و فۆكەس دەخاتە سەر پەیوەندیەكانی ماڵباتی دەسەڵاتدار لەگەڵ پاڵپشتیكەرانی رێرەوی توندڕەو لە ئیسلام و ئەو پاڵپشتیە داراییانەی كە پێشكەشی توندرەوەكانی دەكەن، ئەمەش لە پێناو دابین كردنی بەردەوام بوون لەسەر كورسی دەسەڵات.

نمونەیەكی توندڕەو:
ئەم بەشە باسی ئەو پارانە دەكات كە سعودیە لە نەوەدەكانی سەدەی رابردوو پێشكەشی كردوە بۆ بڵاكردنەوەی "نمونەی توندڕەوی ئیسلامی" و ناردنی بۆ كۆمەڵە جیهادیەكان، هەر لە دەست پێكردنی جەنگی بۆسنە تاكو هێرشەكانی سێپتەمبەری 2001، سەرەتا بە سوریا پاشان هیندو فەلەستین و تا دەگاتە یەمەن. پاشان دێتە سەر ئەو پارانەی كە لە بەلقان خەرجی كردوە و وای دادەنێت كە دروست كردنی 150 مزگەوت و بوونی ئەكادیمیای الملك فهد لە بۆسنە سروشتی ناسراوی پێكەوە ژیانی ئیسلامی لەم ناوچەیە گۆڕیوە، و پەیوەندی كردنی ژمارەیەك گەنج لە فیلمەكەدا بە رێكخستنی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامیەوە لە سوریا وەكو كاریگەری سعودیە پیشان دەدات لە بەلقان، وەهاش دەبینرێ كە ئەمە پەرەسەندنێكە بۆ توندڕەوی لە ئەوروپا.

هەروەها ئاماژەش بۆ ئەوە كراوە بوونی 15 سعودی لە نێوان 19 هێرشبەرەكەی سەر باڵەخانەكانی نیویۆرك لە سیپتەمبەری 2001، سعودیەی خستە ژێر فشاری زۆری رۆژئاوا و لەهەمان كاتدا بوە دوژمنی رێكخراوی قاعیدە، واشی لە ریاز كرد كارێكی گەورە بخاتە سەر ئەستۆی خۆی بە هاوكاری كردنی رۆژئاوا لە دژایەتی كردنی تیرۆر.

پاشان لە دیمەنێكی تردا و لە گفتوگۆی نێوان شارەزایانی ئاسایشی رۆژئاواو توركەكان، دێتە سەر ئەوەی سعودیە هەستاوە بە پێشكەش كردنی پارە بەسەر دام و دەزگا خێرخوازیەكانی خۆی بە 73 ملیار یۆرۆ لە ماوەی هێرشەكانی سەر ئەمەریكا تاوەكو ئێستا، ئەمەش بۆ چالاكی ئیسلامی بوە لە دەرەوەی سنوری خۆی، و جەختیش لەسەر ئەوە دەكاتەوە ئەم پارانە لە رێگەی ئەمیرەكان و كەسایەتیە رەسمیەكانەوە نەبوە. 

بەڵام "بروس ریدل" ی راوێژكار كە بۆ ماوەی سی ساڵ لە هەواڵگری مەركەزی ئەمەریكا كاری كردوە، لە فیلمەكەدا قسە دەكات و باس لە رۆڵی گەورەی " شا سەلمان" دەكات، كە لە چەند دەیەی رابردوودا پارەی كۆكردۆتەوە لەناو خێزانی دەسەڵاتداردا بۆ "مجاهدین". هەروەها " مێشیل شتیفنز"، شارەزا لە پەیمانگەی پاشایەتی بریتانی بۆ لێكۆڵینەوە ئەمنیەكان باس لەوە دەكات : سعودیە پارەی بە كۆمەڵە چەكدارە ئیسلامیەكان داوە لە سوریا و زیاتر لەسەر ئەم مەسەلەیە دەڕواو دەڵێ رێكخراوی " جیش الاسلام" كە سعودیە پاڵپشتی لێكردوە وەكو رێكخستنێكی سعودی بوە نەك سوری، دەربارەی ئەوەشی كە سعودیە رەتی دەكاتەوە كە یارمەتی داعشی دابێت، باسی دۆزینەوەی ئەو زرێپۆشانە دەكات كە سعودیە لە بولگاریای كڕیوەو بە داعشی داوە.

پەیمانەكانی " محمدی كوڕس سەلمان"
فیلمەكە گفتوگۆ لەگەل شارەزایانی بواری ئەمنی و سەربازی دەكات دەربارەی چالاككردنی ماڵباتی دەسەڵاتدار بۆ جێبەجێكردنی پەیمانەكانی بۆ گەڕانەوە بۆ ئیسلامی میانڕەو لە دەرەوەی سنوری شانشین، و وشك كردنی سەرچاوە داراییەكان بۆ توندڕەوەكان لە دەرەوە، پاشان قسە لە "دیفد پاتریۆس" دەگوازێتەوە كە بەرێوەبەری دەزگای هەوالگری بوە بەوەی پەیمانی شازادەی جێنشین پەرەسەندێكی پۆزەتیڤە، بەڵام پرسیارێك دەكات ئایا پەیمانەكەی كوڕی سەلمان لە قۆناغێكی دیاریكراودا جێبەجێ دەكرێت یاخود لە شێوەی شۆڕشێكدا دەبێت.

لەبەشی دووەمدا گفتوگۆ دەربارەی "هەنگاوەكانی پارە" و توانینی زاڵ بوون بەسەر گەندەڵی بە شێوەیەكی راستەقینە دەكات لەگەڵ هاتنە پێشەوەی كوڕی سەلمان بۆ جێنشینی باوكی، هەروەها باسی دۆخی ناوخۆی سعودیە و رێ و شوێنەكانی شازادە دەكات دژی گەندەڵی لە تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو كە تیایدا 500 ئەمیرو گەورە بازرگان و دەوڵەمەندەكانی خستە زیندانەوەو لەهەمان كاتدا رواڵەتی دەوڵەمەندی " دەسەڵاتداری فعلی شانشین" ‌ پیشان دەدات كە دوو یەختی بە نرخی 400 ملیۆن یۆرۆ كڕیوە.

بەشی سێیەمی فیلمەكە پرسیار دەكات لە "چونە سەردەسەڵات و سەركوتكردن"، دەربارەی بەردەوام بوونی بۆچونی رۆژئاوا سەبارەت بە سعودیە وەك وێستگەیەك بۆ سەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەراست لە ژێر سەركردایەتی محمدی كوڕی سەلمان، ئینجا گفتوگۆ دێتە سەر ئەو ئاماژانەی شازادەی جێنشین كە پێچەوانەی قسەكانێتی دەربارەی چاكسازی، بەوەی سیستەمەكەی بەردەوامە لە سەركوتكردنی نەیارەكانی بەوپەڕی توندوتیژی و بێ رەحمیەوە.

لە كۆتاییدا فیلمەكە بەشێك لە جەنگی یەمەن نمایش دەكات، و ئاماژە بۆ قسەی شارەزایەكی ئەمنی بریتانی بەناوی " شتیفنز" دەكات كە دەڵێت " سیاسەتی ئێستای سعودیە دوژمنكاریانە و هیچ كەسێك ئامانجەكانی نازانێت و كاریگەری لەسەر سەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نابێت، بە وەسفێكی جەنەراڵ "پاتریۆس" بۆ بنەماڵەی ئالـ سعود كۆتایی پێ دێنێت كە دەڵێت " هاوڕێن بە هەڵەكانەوە"، و هۆشداری ئەوەش دەدات كە شازادەی جێنشین كەم تەمەنەو شارەزایی كەمە، هەر ئاژاوەو ناهەمواریەك لە شانشین بێتە ئاراوە، دەبێتە كارەساتێكی گەورە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان.