ئاینی بەهائی.. گەنجێك بانگەشەی هاتنی نێردەیەكی تری لەلایەن خوداوە دەكرد

جیهان

17/08/2018‌ 3286 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: تایبەت
ئامادەكردنی: حلمی رەسول رەزا
بەهائیەت یەكێكە لە ئاینەكانی جیهان، گەنجێكی ئێرانی بانگەوازی بۆ ئەم ئاینە كرد بەناوی " علی محمد الشیرازی"، نازناوی "باب"ی بۆ خۆی دانا لە ساڵی 1844، مژدەی هاتنی نێردەیەكی تری لەلایەن خوداوە راگەیاند، دووپاتی ئەوەشی كردەوە پەیامەكانی خودا بەردەوامیی دەبێت، خۆشی یەكێكە لەو زنجیرە نێردانەی لە پاش محمد و موسی و عیسی هاتوونە.

لە ساڵی 1852، یەكێك لە شوێنكەوتوانی باب رایگەیاند، لە زیندانا خەوێكی بینیوە و ئەو نێردەیەی كە باب مژدەی هاتنی دابو " منم"، نازناوی خۆشی نا "بها‌والله" و ساڵی 1817 بەناوی ئەوەوە ناونرا "میرزا حسین" لە ئێران، و لە ساڵی 1863 ئەم ئاینەی دامەزراند. میرزا حسین چەندین جار روبەروی دوورخستنەوە بوەوە، لەماوەی دورخستنەوەیدا "كتاب الاقدس"ی نوسی، گرنگترین كتێبە لەلای شوێنكەوتوانی ئەم ئاینەو ساڵی 1892 كۆچی دوایی كرد. پاش خۆی عبد البها‌و شوێنی گرتەوەو دەستی بە بڵاوكردنەوەی زانینەكانی بەهائی كرد و بانگەواز و مژدەی ئەم ئاینەی دەگەیاند لە جیهان و ساڵی 1921 كۆچی دوایی كرد. پاش ئەمیش نەوەكەی جێگای گرتەوە "شوقی ئەفەندی" و بەردەوامی بەم ئاینەدا و گۆرستانی بەهائیەكانی لە ئیسرائیل دامەزراندو فراوانی كرد.

بیروباوەڕەكانیان:
بها‌و الله دەڵێ" ئاینەكەی سەرجەم ئاینەكانی تری قبوڵ كردوە، وەك ئیسلام مەسیحی، یەهودی، زەردەشتی، و هیندۆسی". بەهائیەكان پێیان وایە هەموو ئەو ئاینانە نمایندەی قۆناغێك لە قۆناغەكانی دەرخستنی خودایین، بڕوایان وایە خودا یەكە و دروستكەری جیهانەو لە هەر ئاینێكدا بەناوێكی جیاواز دەناسرێت. هەروەها بڕوایان بە خۆدەرخستنی خودا هەیە بۆ نمایندەكانی لە كاتە جیاوازەكاندا، و بڕوایان بەوەیە سەرچاوەی سەرهەڵدانی ئاینەكان یەكەو پێویستە خەڵكی هاوكاری یەكتری بكەن لە پێناوی مرۆڤایەتیدا.

هەروەها بڕویان وایە، نوری خودا لە ئادەم و ئیبراهیم و موسی و زەردەشت و بوزاو مەسیح و محمد و باب و بها‌و الله دا دەرخراوە، و مرۆڤ ناتوانێ بە شێوەیەكی راستەوخۆ بزانێ خودا چیە بەڵكو لە رێگەی فێربوون و ژیانی نێردراوە گەورەكانەوە دەیناسێت.

بەهائیەكان سەردانی (حج) ناوەندی جیهانییان دەكەن لە نێوان هەردوو شاری "عەكا" و " حەیفا" لە باكوری ئیسرائیل، گۆرستانی یەكەم گۆڕی "بها‌و الله" و دووەمیان گۆڕی " محمد رەزا الشیرازی" لێیە. جێگای باسە، سێ نوێژی سەرەكییان هەیە، گەورەو بچوك و ناوەند، هەرنوێژێكیش یەكتری تەواو دەكات. ئەوانەشی بڕوایان بەم ئاینە هێناوە لە ئێستادا نزیكەی 6 ملیۆن كەس دەبن لەسەرتا سەری جیهاندا.

جەژنەكانیان:
1.جەژنی "بەرز" ، رۆژەكانی بەرۆژو بون كە نۆزدە رۆژە، و لە 2ی ئازاری هەموو ساڵێك دەست پێدەكات.
2.جەژنی نەورۆز لە 21ی ئازار.
3.جەژنی "رەزوان"، لە 21ی مانگی نیسان تاكو 2ی ئایار.
4.راگەیاندنی "باب" بۆ بانگەواز، لە رۆژانی "22 و 23"ی ئایار.
5.بەرز بونەوەی " باب"، لە 29ی ئایار.
6.شەهید بوونی "باب" لە 9ی تەموز.
7.لەدایك بوونی "باب" لە 20ی تشرینی یەكەم.