دادگای توركیا جارێكی دیكە داوای ئازادكردنی قەشە برونسنی رەتكردەوە

جیهان

17/08/2018‌ 717 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سێیەمین دادگای سزا قورسەكانی ئیزمیر، ئەو تانەیەی رەتكردەوە كە بۆ هەڵگرتنی سزای زیندانی لە ماڵ و قەدەغەی چوونە دەرەوەی لە وڵات خراوەتە سەر قەشە ئەندرو برونسن كە زیاتر لە 21 مانگە دەستگیركراوە.

ئەمڕۆ هەینی سێیەمین دادگای سزا قورسەكانی ئیزمیر، جارێكی دیكە داوای ئازادكردنی قەشە ئەمەریكییەكە (ئەندرو برونسن)ی رەتكردەوە، كە بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوان بەناوی فەتۆ و پەكەكە و سیخوڕیكردن دەستگیركراوە.

ئەندرو برونسن، قەشەیەكی ئەمەریكییەو ماوەی زیاتر لە 21 مانگە لە توركیا لە زینداندایە، هەفتەی رابردوو بە هۆكاری "كێشەی تەندروستی" زیندانیەكەی گۆڕدرا بۆ زیندانیكردنی لە ماڵ و لە ئێستا لە ماڵەكەی خۆی لە ژێر چاودێری پۆلیسی توركیادایە.

دەستگیركردنی ئەو قەشە ئەمەریكییە پەیوەندییەكانی ئەمەریكا و توركیا ئاڵۆزكردووەو ئەمەریكا سزای ئابووری بەسەر توركیادا سەپاندووە، لە بەرامبەر توركیا باجی لەسەر هەندێك كەلوپەلی ئەمەریكی زیاكردووە.

سزا ئابووریەكانی واشنتۆن بەسەر ئەنقەرەوە وایكردووە، بەهای لیرەی توركیا بەرامبەر بە دۆلاری ئەمەریكی بەرادەیەكی زۆر دابەزین تۆماربكات، ئەوەش گەورەترین دابەزینە لە مێژووی ئەو دراوەدا بەرامبەر بە دۆلار.
ه.م