كەجەكە لە بارەی شەهیدبوونی زەكی شەنگالی بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە

کوردستان

17/08/2018‌ 2232 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كەجەكه لەبارەی شەهیدبوونی ‌ زەكی شەنگالی، كە بەهۆی هێرشی ئاسمانی سوپای توركیا لە شەنگال شەهید بوو، بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوه و ڕایگەیاند، "دەوڵەتی توركیا بە كۆمەڵكوژی و هێرشەكانی زووتر كۆتایی بە خۆی دێنێت".

هاوسەرۆكایەتیی ئەنجومەنی بەڕێوەبەری كۆما جڤاكێن كوردستان  (كەجەكە) لە بارەی هێرشەكەی ئێوارەی 15ی ئابی سوپای توركیای بۆ سەر شەنگال كە لە ئەنجامدا زەكی شەنگالی ئەندامی كۆردیناسیۆنی كۆمەڵگەی ئێزدی و ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبەری كەجەكە شەهید بوو رایگەیاند، كەجەكە سەرنجی كردووەتە سەر ڕۆڵی ئەمەریكا، حكومەتی عێراق و پارتیی دیموكراتی كوردستان لەو هێرشەدا.

لە بەیاننامەكەی هاوسەرۆكایەتیی ئەنجومەنی بەڕێوەبەری كەجەكەدا هاتووە، "مامی ئێزدییەكان، مام زەكی، هاوڕێی ئێمە، میلیتان و كادری ٣٥ ساڵەی بزووتنەوەی ئازادیمان زەكی شەنگالی (ئیسماعیل ئۆزدەن) ڕۆژی ١٥ی ئاب بە هاوكاری چەند نۆكەرێكی هەرێمی، لە لایەن فڕۆكە جەنگییەكانی تورك كە بۆردومانی ئەو ئۆتۆمبێلەیان كرد كە تیایدا بوو، شەهید بوو، ئێمە بە ڕێزداری و منەتدارییەوە یادی هاوڕێی شەهیدمان كە ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبەری كەجەكەیە دەكەینەوە، بەڵێن ەدەدەین كە كوردستانی ئازاد و ئێزیدخانی ئازاد بەدیبێنین كە خەون و خەیاڵی ئەو بوو".

دەقی بەیاننامەكەی هاوسەرۆكایەتی ئەنجومەنی بەڕێوەبەری كەجەكە:

ئەو هێرشەی لە دژی هاوڕێی هێژای ئێمە، مامی ئێزدییەكان؛ مام زەكی كرا، هێرشی قڕكردنە لە دژی ئێزدییەكان. بەردەوامیی ئەو هێرشە قڕكارییەیە كە داعش لە ٣ی ئاب دژی ئێزدییەكان دەستی پێكرد. لەگەڵ ئەم هێرشەدا گەورەترین هاوبەشی تاوانی فەرمانی ٧٤ی ٣ی ئابی ٢٠١٤ خۆی ئاشكرا كردووە. جارێكی دیكە سەلمێندرا كە ئەو هێزەی لەپشت هاندان و هێرشی ٣ی ئاب بووە، دەوڵەتی توركە.

ڕۆڵی ئەمەریكا، عێراق و پارتی

بە گوێرەی زانیارییەكان كە لە شەنگالەوە دێن، هێزەكانی نزیك لە پەدەكە و عێراق هاوكاری ئەو هێرشەیان كردووە. سەرنجڕاكێشە كە لە دوای دیداری سەرۆك وەزیری عێراق حەیدەر عەبادی لە ئەنقەرە، ئەم هێرشە ئەنجامدراوە. مام زەكی شەنگالی زۆر جار وەك نوێنەری ئێزدییەكان لەگەڵ كاربەدەستانی عێراق چاوپێكەوتنی كردووە. ئەمەش حكوومەتی عێراق ناچار دەكات دەربارەی ئەم كردەوە و هێرشەی سەر شەنگال لێدوانێك بدات. حكوومەتی عێراق پێشتر ڕایگەیاندبوو كە ئەوان لە دژی هێرشن بۆ سەر شەنگال. ئایا حكوومەتی عێراق مۆری لەژێر پەیمانێك داوە و ڕێگەی بەم هێرشە داوە؟ ڕای گشتی و ئێزدییەكان چاوەڕانی لێدوانێكن لە كاربەدەستانی عێراق. ئەگەر پەیوەندیی حكوومەتی عێراق و پەدەكە بەم كۆمەڵكوژییەوە نییە، پێویستە بۆ ڕای گشتی ئاشكرا بكەن و هێرشەكە ئیدانە بكەن. ئێزدی لە هەموو شوێنێك هەستاونەتە سەرپێ و ناڕەزایەتیی خۆیان لە دژی دەوڵەتی تورك پیشان دەدەن و چاوەڕوانن كە كاربەدەستانی حكوومەتی عێراق و پەدەكە لێدوان بدەن.

پێویستە ئاسمانی شەنگال بە ڕووی فڕۆكەكانی توركیادا دابخرێت

پێشتریش فڕۆكە جەنگییەكانی تورك هێرشیان كردبوویە سەر شەنگال. لە پێشێلكردن و بەكارهێنانی ئاسمانی شەنگال؛ عێراق، ئەمەریكا و پەدەكە بەرپرسن. ئەوان ڕێگە دەدەن كە فڕۆكە جەنگییەكانی دەوڵەتی تورك هێرش بكەنە سەر شەنگال. بەهۆی ئەوەی ئەو هێزانە لە دژی نەوەستانەوە و ڕێگەیان پێدا، فڕۆكە جەنگییەكان هێرش دەكەن. ئەوانەی كە نەیانتوانی ڕێگری لە هێرشە قڕكارییەكەی داعش بگرن، بوونە هاوبەشی ئەم هێرشەی قڕكردن. ئەگەر نایانەوێت لە ئێستا بەدواوە ببنە هاوبەشی ئەم كۆمەڵكوژییەی قڕكردن، پێویستە ئاسمانی شەنگال بە ڕووی فڕۆكەكانی توركیا دابخەن.

لە دوای هێرشەكەی ٣ی ئابی داعش، تاكە ڕێگەیەك كە ئێزدییەكان لە قڕكردن بپارێزێت بەدیهێنانی خۆسەری ئێزیدخان و دان پێدانان بەم خۆسەرییەیە لە لایەن عێراق و هێزە نێونەتەوەییەكانەوە. بە فەرمانی ٧٣ لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ بەشێوەیەكی ڕوون ئاشكرا بوو كە جگە لەم ڕێیە، ئێزدی ناتوانن لە قڕكردن ڕزگاریان بێت.

هێرشی قڕكردن لە دژی ئێزدییەكان

جیهان هەموو دەزانێت كە ئەوانەی ئێزدییەكانیان لە هێرشی قڕكردنی داعش پاراست، گەریلاكانی هەپەگە-یەژا ستار، یەپەگە و یەپەژە-ن. نكۆڵیكردن لەمە لە ڕووی كۆمەڵایەتی و سیاسییەوە بێ ئەخلاقییە. دوای ئەوەی گەریلا شەنگالیان پاراست، ئێزدی هەم لە قڕكردن ڕزگاریان بوو، هەم لەو ڕۆژەوە بەدواوە ژیانی سەربەخۆیان بونیاد نا و ویستیان خۆیان لە هێرشەكان بپارێزن. لە لایەكەوە خۆیان بەشێوەیەكی سەربەخۆ ڕێكخست، لە لایەكی دیكەوە هێزەكانی خۆپاراستن (یەبەشە و یەژەشە)یان دامەزراند. هێزەكانی گەریلا لە دوای دامەزراندنی یەبەشە و یەژەشە لێدوانی «ئەگەر هێرش بكرێت، دیسان شەنگال دەپارێزین»یان دا و خۆیان لە شەنگال كشاندەوە. هێرشەكە لە دوای كشانەوەی گەریلا ڕوویدا و ئەمەش دەریدەخات كە دەوڵەتی تورك دەیەوێت ئێزدییەكان قڕ بكات. دەیەوێت قڕكردنی ئێزدییەكان كە لە باكووری كوردستان دەستی پێكرد، لە شەنگال تەواوی بكات. هێرش لە دژی خۆسەری و خۆپاراستنی ئێزدییەكان، هێرشی قڕكردنە.

حەسرەتی مام زەكی بەدیدێت

كاتێك داعش هێرشی كردە سەر شەنگال، مام زەكی ڕووی لە شەنگال كرد و لەپێناو ئەوەی كۆمەڵی ئێزدی لە شەنگال بەردەوامی بە هەبوونی خۆی بدات و خۆبەڕێوەبەری خۆی دامەزرێنێت، پێشەنگایەتی كرد. لەپێناو ڕێكخستنی ئێزدییەكان و بونیادنانی شەنگالێكی خۆسەر بە شەو و ڕۆژ خەباتی كرد. لەگەڵ ئەم خەباتەدا هەموو كۆمەڵی ئێزدی بەهایەكی گەورەیان پێدا و ئەو لەنێو كۆمەڵی ئێزدیدا بووە بە مام زەكی. كۆمەڵی ئێزدییەكان هەرگیز مام زەكی لەبیرناكەن و ئێزیدخانی خۆسەر كە حەسرەتی ئەو بوو، لە ماوەیەكی كورتدا بەدیدێنن.

هەموو كۆمەڵی ئێزدی لە بەرانبەر ئەم هێرشەدا هەستاونەتە سەرپێ، چونكە ئەم هێرشە بە واتای هێرشكردنەسەر پێشەنگایەتی گەلێكە. هەڤاڵ زەكی بە تێكۆشانی ٣٥ ساڵەی خۆی بووە بە یەكێك لە پێشەنگەكانی ئێزدی. ئێمە داوا لە هەموو كۆمەڵی ئێزدی دەكەین كە ئەم هێرشە ئیدانە بكەن و خۆسەری ئێزیدخان بپارێزن. حەسرەتی مام زەكی بووەتە ئامانجی هەموو كۆمەڵی ئێزدی. ئێمە داوا لە هەموو ئێزدییەكانی جیهان دەكەین كە بچنە نێو ڕیزەكانی یەبەشە و یەژەشە و لە دژی هێرشەكانی سەر شەنگال خۆیان بپارێزن و ئێزیدخانی خۆسەر بونیاد بنێن كە حەسرەتی ڕێبەر ئاپۆ و مام زەكییە.

جارێكی دیكە دەستنیشانی دەكەین كە دەوڵەتی تورك بە كۆمەڵكوژی و هێرشەكانی، لەناوچوونی خۆی پێشدەخات. گەلەكەمان و بزووتنەوەكەمان ئەم تێكۆشانەی خۆیان گەشتر دەكەن و تۆڵەی ئەم هێرشانە دەكەنەوە.»
ه.م