هاوپەیمانی میحوەر رێكکەوتنی سەرەتایی لەگەڵ سائیرون و نەسر و حیكمە راگەیاند

عیراق

17/08/2018‌ 1655 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هاوپەیمانی میحوەری سونیەكان و سائیرون و نەسر و حیكمە گەیشتوونەتە رێككەوتنی سەرەتایی بۆ پێكهێنانی گەورەترین هاوپەیمانی و پێشبینی دەكرێت لە ئایندەیەكی نزیكدا گەورەترین هاوپەیمانی رابگەیەنن.

ماڵپەڕی شەفەق نیوز بڵاویكردەوە، هاوپەیمانی میحوەری سونیەكان و سائیرون و نەسر و حیكمە گەیشتوونەتە رێككەوتن بۆ پێكهێنانی گەورەترین هاوپەیمانی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق لەسەر بنەمای بەشداریكردنی سەرجەم پێكهاتەكان.

ماڵپەڕەكە راگەیەندراوێكی هاوپەیمانی میحوەری بڵاوكردووەتەوەو رایگەیاندووە، لیژنەی گفتوگۆكردن لەگەڵ هاوپەیمانی فەتح ئەمڕۆ هەینی كۆبووەتەوە، هاوكات بانگهێشتنامەیان لەلایەن سائیرون و نەسر و حیكمەوە پێگەیشتووە بەمەبەستی كۆبوونەوە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، كۆبوونەوەكە بە سەرۆكایەتی هاوپەیمانی میحوەری نیشتیمانی رۆژی یەكشەممەی داهاتوو لەگەڵ سائیرون و نەسر و حیكمەبەڕێوەدەچێت، بەمەبەستی زانینی هەڵوێستی كۆتایی لایەنەكان لەبارەی هاوپەیمانێتییەكەوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، هاوپەیمانی میحوەری نیشتیمانی بەهەموو پێكهاتەكانییەوە دەرگای كراوەیە بۆ لایەنەكان بەمەبەستی گفتوگۆكردن بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق.

هەروەها دەڵێت، دروستكردنی هاوپەیمانێتییەكە بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەتی نوێی عێراق و دیاریكردنی سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆك كۆماری عێراقە بە رەچاوكردنی بەشداریكردنی سەرجەم پێكهاتەكان.

پێشببینیش دەكرێت هەرچوار هاوپەیمانێتییەكە ژمارەی كورسییەكانیان بگاتە 170 كورسی، بەوەش دەبنە گەورەترین هاوپەیمانێتی لە پەرلەمانی عێراق.
ه.م