سلێمانی‌ چەقی‌ ململانێكەیە.. كێبڕكێی‌ هەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی كوردستان لەسەر پلەی‌ دووەم دەبێت

کوردستان

18/08/2018‌ 25981 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
راپۆرتی: هونەر حەمەرەشید
پێچەوانەی‌ هەموو كێبڕكێكانی‌ جیهان، لەهەڵبژاردنی‌ ئەمجارەی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان شەڕی‌ قورس بۆ پلەی‌ دووەمی‌ دەكرێت نەك پلەی‌ یەكەم.

ئەگەر هەموو شتێك وەك خۆی‌ بڕوات، رۆژی‌ 30ی‌ ئەیلولی‌ داهاتوو هەڵبژاردنی‌ خولی‌ پێنجەمی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان بەڕێوەدەچێت.

هەموو هێزەكان ئەگەر خۆیشیان دانی‌ پیادا نەنێن، دەزانن هەر پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان لەپلەی‌ یەكەمدا دەمێنێتەوە، بۆیە ئەمجارە سەرنج لەسەر پلەی‌ دووەمییەو یەكێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان‌و بزوتنەوەی‌ گۆڕان بەسەختی‌ بۆی‌ دەكۆشن.

لەدوا هەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان، كە لەساڵی‌ 2013 بەرێوەچوو، بزووتنەوەی‌ گۆڕان بەبردنەوەی‌ 24 كورسی‌ بۆ یەكەمجار، پلەی‌ دووەمی‌ لەیەكێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان سەند، كە ئەمەی‌ دووەمیان 18 كورسی‌ بەدەستهێنا، هەرچی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستانە بە 38 كورسی‌ لەپلەی‌ یەكەمدا مایەوە.

بۆ ئەم هەڵبژاردنە یەكێتی‌ نیشتمانی‌ بەچڕی‌ كار دەكات پلەی‌ دووەم لەگۆڕان وەربگرێتەوەو گۆڕانیش نایەوێت بەئاسانی‌ دەستبەرداری‌ ببێت.

دواین كێبڕكێی‌ هەڵبژاردن، گۆڕان‌و یەكێتی‌ چوونە ناوی‌‌و ململانێكە لەسودی‌ یەكێتی‌ نیشتمانی‌ كۆتایی هات، هەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ عێراق بوو، كە 12ی‌ ئایاری‌ رابردوو بەرێوەچوو، بەپێی‌ ئەنجامی‌ ئەو هەڵبژاردنە دەنگی‌ یەكێتی‌ لەگۆڕان زیاتر بووە، یەكێتی‌ لەسێ‌ پارێزگاكەی‌ هەرێمی‌ كوردستان 10 كورسی‌ بەدەستهێناو گۆڕانیش نیوەی‌ ئەو ژمارەیە بوو.

هەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان تەنیا لەسێ‌ پارێزگاكەی‌ هەرێمی‌ كوردستان بەرێوەدەچێت‌و بەپێی‌ ئامارەكانی‌ كۆمسیۆنی‌ سەربەخۆی‌ هەڵبژاردن‌و راپرسی‌ هەرێمی‌ كوردستان-یش نزیكەی‌ سێ‌ ملیۆن كەس مافی‌ دەنگدانیان هەیە.

ئەنجامی‌ دەنگەكانی‌ هەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ عێراق بۆ یەكێتی‌ هیوابەخش‌و بۆ گۆڕان مایەی‌ نیگەرانی‌ قووڵە.

هەرچەندە بەرپرسانی‌ بزووتنەوەی‌ گۆڕان زۆر باوەڕیان بەو ئەنجامە نییەو باس لەوە دەكەن، ئەگەر "ساختەكاری‌"یان لێنەكرایە، ئەوە دەنگی‌ بزووتنەوەكەیان زۆر لەوە زیاتر دەبوو لەوەی‌ ئێستا راگەیەنراوە.

بەڵێن ئیسماعیل ئەندامی‌ ژووری‌ هەڵبژاردنی‌ بزووتنەوەی‌ گۆڕان دەڵێت: "ئەو ئەنجامەی‌ راگەیەنراوە، دەنگی‌ راستەقینەی‌ لایەنەكان نییە، بەتایبەتی‌ گۆڕان‌و یەكێتی‌، چونكە یەكێتی‌ دەنگی‌ 4 كورسی‌ لەپارێزگای‌ سلێمانی‌ هەبووە، بەڵام هەشت كورسی‌ هێناوە، بەپێچەوانەشەوە دەنگی‌ گۆڕان هەشت كورسی‌ بووە، چوار كورسی‌ هێناوە".

بەڵێن ئیسماعیل بۆ "نیقاش" بەڵگەی‌ بەوە هێنایەوە، كە لەو ئەنجامانەی‌ بەدەستیان گەیشتووە، بۆیان ساخبووەتەوە، گۆڕان 38%ی‌ دەنگەكانی‌ هەرێمی‌ بەدەستهێناوە، لەبەرانبەردا یەكێتی‌ 21%ی‌ دەنگەكانی‌ بەدەستهێناوە.

لەبەرانبەردا یەكێتی‌ نیشتمانی‌ رەتیدەكاتەوە "ساختەكاری‌" كرابێت‌و لەو بارەوە بڕیار رەشید وتەبێژی‌ مەكتەبی‌ هەڵبژاردنی‌ ئەو حیزبە دەڵێت: "ئەژماركردنەوەی‌ دەستی‌ دەنگەكان سەلماندی‌ ئەوەی‌ لەبارەی‌ یەكێتییەوە دەوترا هیچ بنەمایەكی‌ نەبوو، چونكە جیاوازی‌ لەنێوان ئەژماری‌ ئەلیكترۆنی‌‌و دەستی‌ دەنگەكان نەبوو".

ئەنجامی‌ هەڵبژاردنی‌ 12 ئایار لەكوردستان ناكۆكی‌ قووڵی‌ لێكەوتەوە، حیزبەكانی‌ دەرەوەی‌ دەسەڵات (گۆڕان، هاوپەیمانی‌، یەكگرتوو، كۆمەڵی‌ ئیسلامی‌) بەتوندی‌ دژی‌ وەستانەوەو داوای‌ ژماردنەوەی‌ دەستی‌ دەنگەكانیان كرد، هەرچەند ئەو پرۆسەیەش هیچی‌ لەئەنجامەكە نەگۆڕی‌.

بەهۆی‌ لێدوانە دژ بەیەكەكانی‌ یەكێتی‌‌و گۆڕان لەسەر هەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ عێراق ئەوە روونە لەهەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ كوردستانیش ململانێیەكی‌ توند لەنێوان هەردوو لایەن دەبێت، ئەوەش لەسەر ئەوە دەبێت، كامیان بتوانن لەم هەڵبژاردنە دەنگی‌ زیاتر بهێنن، بۆ ئەوەی‌ دووەمبوونی‌ خۆیان لەسەر ئاستی‌ حیزبەكانی‌ هەرێم بسەلمێنن.

بڕیار رەشید لەو بارەوە دەڵێت: "یەكێتی‌ بۆ هەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان پرۆژەو بەرنامەیەكی‌ تایبەتی‌ دەبێت، زیاتر خۆی‌ لەخزمەتگوزاری‌ خەڵكی‌ هەرێم دەبینێتەوە، بۆیە لەوە دڵنیاین لەرێگەی‌ ئەو بەرنامەیەوە ململانێیەكی‌ باشی‌ بردنەوەی‌ زۆرترین دەنگ بكەین".

وتەبێژی‌ مەكتەبی‌ هەڵبژاردنی‌ یەكێتی‌ جەختی‌ لەوەش كردەوە، ئەوان لەهەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ عێراق پلەی‌ دووەمیان لەگۆڕان سەندووەتەوەو بۆ ئەم هەڵبژاردنەش كار بۆ ئەوە دەكەن، ركابەری‌ پلەی‌ یەكەم بكەن.

گۆڕانیش ئەو هێزە نییە بەئاسانی‌ خۆی‌ بدات بەدەستەوەو باس لەوە دەكات، لەم جارەدا رێگری‌ لە "ساختەكاری‌" دەكەن‌و بۆ خەڵكی‌ دەسەلمێنن، كە ئەوان ئەو هێزەن دەتوانن لەیەكێتی‌ زیاتر دەنگ بەدەست بهێنن، وەك ئەوەی‌ لەرابردوو كردویانە.

بەڵێن ئیسماعیل لەو بارەوە دەڵێت: "گۆڕان هەموو هەوڵێك دەدات، بەگرتنەبەری‌ چەند رێكارێك رێگری‌ لەو ساختەكارییە بكات لەهەڵبژاردنی‌ رابردوو لێیكرا، ئەوەش بەتاكە رێگە دەزانین بۆ ئەوەی‌ بەخەڵكی‌ بڵێن دەنگی‌ زیاتر لەلایەنەكانی‌ تر، بەتایبەتی‌ یەكێتی‌ دەهێنن".

كێشەكە ئەوە جەماوەری‌ ئەم دوو هێزە لەیەكەوە نزیكن‌و بگرە لەرابردوودا بەنزیكەیی یەك جەماوەربوون، چونكە بەشێكی‌ هەرە دیاری‌ سەركردەكانی‌ گۆڕان لەهەناوی‌ یەكێتییەوە هاتوونەتە دەر.

تەنانەت ناوچەی‌ ململانێشیان هەر یەكە، پارێزگای‌ سلێمانی‌ كە جاران بەزۆنی‌ سەوز ناودەبرا، ئێستا بووەتە زۆرنی‌ سەوزو نیلی‌ – وەك هێمایەك بۆ رەنگی‌ ئاڵای‌ ئەو دوو حیزبە -.

ئەم جارەش دەنگی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ چەكی‌ یەكلاكەرەوە دەبێت بۆ هەردوو حیزبە، بەوەی‌ هەركامیان توانیان زۆرینەی‌ دەنگی‌ ئەو پارێزگایە بەرنەوە، ئەوە بەدڵنیایی براوەی‌ هەڵبژاردنەكە دەبن.

لەسنووری پارێزگای سلێمانی ١ ملیۆن و ١٩٣ هەزار كەس مافی‌ دەنگدانی‌ هەیە، ئەگەر رێژەی‌ دەنگدان تیایدا بەرز بێت نزیكەی‌ 35 كورسی‌ پەرلەمان پێكدەهێنێت – لەكۆی‌ 111 كورسی‌-

گۆڕان ئێستا كاردەكات لەو پارێزگایە زۆرترین دەنگ بەدەستبهێنێت، بەڵێن ئیسماعیل لەو بارەوە دەڵێت: "سلێمانی‌ خاڵی‌ یەكلاكەرەوەیە بۆ دەنگەكانی‌ گۆڕان، بۆیە لەهەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان كاردەكەین زۆرترین دەنگی‌ ئەو پارێزگایە بەرینەوە، بۆ ئەوەش بەرنامەیەكی‌ تۆكمەمان داناوە"، بەبێ‌ ئەوەی‌ ئامادەبێت ناوەڕۆكی‌ بەرنامەكە بخاتەڕوو.

بەهۆی‌ بێهیوابوونی‌ خەڵكێكی‌ زۆر مەزەندە دەكرێت ئەمجارە رێژەی‌ بەشداری‌ دەنگدان، بەتایبەتی‌ لەپارێزگای‌ سلێمانی‌ لەخوارەوە بێت، ئەمەش كەمتر لەبەرژەوەندی‌ گۆڕانە.