"تویت"ێكی تری دۆناڵد ترامپ توركیا دەباتە لێواری رووخان

جیهان

18/08/2018‌ 14580 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ڕایگەیاند، لەپرسی ئازادكردنی قەشە ئەندرۆ، وڵاتەكەی هیچ سازشێك بۆ توركیا ناكات، ئەو لێدوانەش دووبارە ناجێگیری خستەوە نێو بازاڕی ئەو وڵاتەو لیرەی توركی دابەزی.

ئەمە نوێترین هەڵوێستی دۆناڵد ترامپ-ی سەرۆكی ئەمریكا بوو، كە لە"توێت"ێك لەتۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویكردەوەو لەبارەی توركیا‌و ئازادكردنی قەشە ئەندرۆ برۆنسۆن نووسی "لەپێناو ئازادكردنی قەشە ئەندرۆ هیچ شتێك پێشكەشی توركیا ناكەین".

هەر لەو تویتەدا سەرۆكی ئەمریكا هەڕەشەی ئەوەشی لەتوركیا كرد، گەر بێتوو قەشە ئەمریكییەكە ئازاد نەكات كە بەوتەی ئەو "قەشەیەكی مەزنی بێتاوانە" ئەوا توركیا لە سزاكاندا "دەخنكێنن".

بەهۆی لێدوانە نوێیەكانی ترەمپ لەبارەی توركیاوە، دووبارە لیرەی توركی بەهای خۆی لەدەستدایەوە، ئەوەش پاش بەرزبوونەوەی بەهاكەی لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا، كە ئێستا جیهان چاوەڕێی "تویت"ێكی تری سەرۆكی ئەمریكا لەبارەی توركیاوە دەكەن.

بەپێی سەرچاوەكان، ئەگەر بێت‌و سەرۆكی ئەمریكا تویتێكی تر لەسەر توركیا بڵاوبكاتەوەو تێدا سزای نوێ‌ بەسەر ئەو وڵاتە بسەپێنێت، ئەوە بەهای لیرەی توركی زیاتر دادەبەزێت‌و توركیا دەباتە لێواری رووخان، بەتایبەتی لەرووی ئابوورییەوە.

هەر بەپێی سەرچاوەكان، لەوانە كەناڵی فۆكس نیوز، ئەگەر توركیا بەزوویی كاردانەوەی بۆ داواكارییەكانی ترامپ‌و ئەمریكا نەبێت، دوور نییە واشنتۆن چەند سزایەكی تر بەسەر ئەنقەرەدا بسەپێنێت.

رۆژی هەینی نرخی یەك دۆلاری ئەمریكی بەرانبەر بوو، بەنزیكەی 6.25 لیرەی توركی، كە پەیوەندی بەهەڵوێستەكانی ئەمریكاوە لەدژی توركیا هەیە، كە ماوەیەكە پەیوەندییەكان بەهۆی ئەو قەشەوە بەتەواوی تێكچووە.

هـ ـ ح