كۆمپانیای تۆتاڵی فەڕەنسی لە ئێران كشایەوە

جیهان

20/08/2018‌ 662 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاند، كۆمپانیای نەوتی تۆتالی فەڕەنسی بە فەرمی لە پـرۆژەیەكی چەندان ملیار دۆلاری وڵاتەكەی كشاوەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا سزاكانی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە.

میدیاكانی ئێران ئەمڕۆ دووشەممە لە زاری بێژەن زەنگەنە بڵاویانكردەوە، كە رایگەیاندووە، "تۆتال بە فەرمی لە گرێبەستی پەرەپێدانی قۆناغی 11 لە كێڵگەی نەوتی پارسی باشوری كشاوەتەوە، زیاتر لە دوو مانگەیشە ڕایگەیاندووە لە گرێبەستەكە دەكشێتەوە."

ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دوای ئەوەی لە مانگی پـێنج لە ڕێككەوتننامە ئەتۆمییەكەی ساڵی 2015 لەگەڵ تاران كشایەوە، بڕیاری دا بە دوو قۆناغ سزاكانی بەسەر ئێراندا بسەپـێنێتەوە. قۆناغی یەكەم لە 7 ی ئەم مانگەوە دەستیپـێكردەوە و قۆناغی دووەم لە 5 ی مانگی یازدە دەستپـێدەكاتەوە و كەرتی پیشەسازی نەوتی ئێران دەكاتە ئامانج.

پـێشتر تۆتال ڕایگەیاندبوو، ئەگەربێت و واشنتۆن مۆڵەتێكی تایبەتی پێنەدات ئەوا ناتوانێت درێژە بە كارەكانی لە ئێران بدات.

ئەمەریكا دەڵێت هەرچ وڵاتێك و لایەنێك و كۆمپانیایەك هەتا مانگی یازدە كۆتایی بە گرێبەستە نەوتیـیەكانی لەگەڵ تاراندا نەهێنێت، ئەوا دووچاری سزاكانی واشنتن دەبێتەوە.
ه.م