چیرۆكی ئەو "قەشە"یەی پەیوەندییەكانی ئەمریكاو توركیای شێواندووە

جیهان

22/08/2018‌ 3900 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: تایبەت
ئامادەكردن: حلمی رەسول رەزا
برانسۆن، ئەو قەشەیەی جێگای سەرەنج نەبوو، لە ساڵی 1993، لە ئەمەریكاوە هاتووە بۆ توركیا بە مەبەستی مژدە دەری بۆ كەنیسەی ئینجیلی، بەڵام بە سیخوڕی تۆمەتباركرا، پاشان كێشەكە گۆڕا بۆ كێشەی دیبلۆماسی لە نێوان واشنتن و ئەنقەرە.

كۆمەڵێكی بچووك، ژمارەیان دەیان كەس دەبێت لە هۆڵی یەكێك لە ماڵە كەنارییەكانی شاری ئەزمیری رۆژئاوای توركیا  چاویان بەیەكتری دەكەوێ، لەنێویشیاندا قەشەی ئەمەریكی "ئەندرۆ برانسۆن". ئەم قەشەیە، ئامێری گیتار دەژەنێ و نوێژیان لەگەڵ دەكات.

دۆخی ئەم كەنیسەیە لە ئەزمیر بەم شێوەیە بوو لە پێش دەستگیركردنی "برانسۆن"، وە پێش ئەوەی هەرەشەی سیاسی پەیوەست بێت بە كەسایەتیەوە، وە پێش ئەوەی هەردوو هاوپەیمانی ناتۆ، ئەمەریكا و توركیا بكەونە كێشەوە.

لەناوچەیەكی دیندارەوە بۆ توركیا
برانسۆن پێش ئەوەی لەگەڵ خێزانەكەی بێت بۆ توركیا پێشبینی ئەم دۆخەی نەكردبوو، ناوبراو لە گوندی "بلاك مونتان" لە "كارولینای باكور" دەژیا، بیروباوەڕی مەسیحی بە شێكی دانەبڕاو بوە لە رۆشنبیرییان و بەردەوام كۆماریەكانیان هەڵبژاردوە و خۆی و خێزانی ئەندام بونە لە كەنیسەی ئینجیلی، دروشمی رەسمی ئەم كەنیسەیە "یەكبون بنەمایە نەوەك ئازادی و چاكە بنەمای هەموو شتیك بێت"

برانسۆن خۆی تەرخان كرد بۆ كاری مژدەدەری لە وڵاتێكدا 99% موسڵمانە، مژدەدەری لە توركیا لە ساڵی 2003ەوە قەدەغە نییە، بەڵام كارێكی رەزا سوكیش نیە، لە ساڵی 2007 مژدەدەرێكی ئەلمانی كوژراو دوو كەسی توركیش بڕوایان بە مەسیحیەت هێنا، بەڵام برانسۆن وازی لە مژدەدەری نەهێناو  لە ساڵی 2010 كەنیسەی "قیامە"ی لە ئەزمیر دامەزراند.

زیندان لە جیاتی پێدانی فیزای مانەوە
پاش شەش سال هەموو شتەكان گۆڕان، كاتێ ویستی مۆڵەتی مانەوەكەی درێژ بكاتەوە، بەڵام لە 7ی تشرینی یەكەمی 2016 دەستگیر كرا، ئەمەش پاش تێپەڕینی سێ مانگ بو لە هەوڵی ئەو كودەتایەی بوە مایەی دەستگیركردنی هەزاران كەس لە فەرمانبەرانی دەوڵەت و دادو پۆلیس و سوپا و دەركردنیان لە كارەكانیان. لەو كاتەدا خێزانی برانسۆن دەستگیركرا بۆ ماوەی چەند رۆژێك، لە پاش 63 رۆژ لە دەستگیركردنی برانسۆن تۆمەتێكی رونی ئاراستە كرا بەوەی ئەندامە لە رێكخراوێكی تیرۆریستی چەكداردا، و كاری سیخوڕی ئەنجامداوەو بەشداری كردوە لە دانانی پلان بۆ كودەتا كردن و هاوكاری پارتی كرێكارانی كوردستانی كردوە، ئەم تۆمەتانە، لەلایەن سیاسیە ئەمەریكیەكان و چاودێرانی نێو دەوڵەتیەوە بە زیادە رۆیی لە قەلەم دەدرێ.

لە راستیدا برانسۆن جارجارە سەردانی ناوچە كوردیەكانی كردوە لە باشوری رۆژهەلاتی توركیا، بەلام بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكانی سوریا رۆیشتوە، هیچ بەڵگەیەك لەسەری نیە بەوەی بەشداری كردبیت لە پیلانی دژی توركیا و بەردەوامیش بەرگری لە خۆی كردوە بەوەی بێ بەریەو سیاسەت دورە لە كەنیسەكەیەوە.

گرنگی دەنگدەرە دینیەكان لەلای دۆناڵد ترەمپ
ئەم دۆخە لە پێشدا لەلایەن ترەمپ و ئیدارەكەیەوە پشتگوێخرا، پاشان كێشەكە لە نێوان هەردوولادا قوڵبوەبوە، و دیارە دەنگدەرە دیندارەكان بەلای كۆماریەكانەوە بۆ هەڵبژاردنەكانی گۆنگرێس لە پایزی داهاتودا زۆر گرنگن، ترەمپ و حزبی كۆماری دەیانەوێ ئەوە پیشانی دەنگدەرەكان  بدەن چ هەوڵێك دەدەن بۆ ئازاد كردنی قەشە برانسۆن. بەلای جێگری سەرۆكی ئەمەریكاشەوە "مایك بینس" وای دەبینی كێشەكە زیاتر رەهەندی كەسیی هەیە، بەوەی ئینجیلیەكی دیندارە و سوورە لەسەر ئازاد كردنی قەشەی ناوبراو.

سەرەرای هەموو ئەم پاڵنەرە سیاسی و ئاینیانە، دۆخەكە بەلای برانسۆنەوە بەرەو باشی ناڕوات و بە پێچەوانەوەیە، دۆخی جەستەیی باش نیە، بە قسەی كچەكەی بێت جەستەی  25 كیلۆ دابەزیوە بەهۆی زیندانی كردنیەوە، و لە رێگەی نامەیەكەوە كە كۆمەڵەكەی بڵاویان كردۆتەوە لە مانگی تەموزی رابردودا بۆی نوسیون بەوەی هەست بە لاوازی دەكات. لە كۆتایی مانگی تەموزدا بە كاتی ئازاد كرا و خرایە ژێر بە زۆر نیشتەجێكردنەوە تاكو 12ی تشرینی یەكەمی ئەمسال، لەو رۆژەدا دانیشتنێكی تری لێكۆلینەوەی لەگەڵدا دەكرێ، كەسیش نازانێ كەی ئازاد دەكرێ و سەرلەنوێ دەگەڕێتەوە نێو هاورێكانی.