بازاڕی كڕین‌و فرۆشتنی حوشتر لەهەولێر گەرم دەبێت

کوردستان

22/08/2018‌ 2570 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ساڵانە لەگەڵ ھاتنی جەژنی قوربان، بازاڕی فرۆشتنی ئاژەڵ لە ھەرێمی كوردستان قەرەباڵغییەكی زۆر بەخۆوە دەبینێت و ماوەی سێ ساڵیشە لە شاری هەولێر لەپاڵ ئاژەڵەكانی وەك، مەڕ، پەز و مانگا، حوشتری عەرەبیش دەكرێتە قوربانی‌و بۆ ئەم جەژنەش نزیكەی ٣٠ حوشتر لە مەیدانی ئاژەڵانی هەولێر فرۆشراوە. 

حوشترەوانێك، كە ماوەی سێ ساڵە ژمارەیەكی زۆر حوشتر لە خوارووی عێراق دەهێنێتە هەولێر و دواتر بۆ شارەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان دەینێرێت، وەك خۆی دەڵێت: بەم دواییە چەند چێشتخانەیەك لە هەرێم كراونەتەوە، كە گۆشتی حوشتر بۆ میوانەكان ئامادە دەكەن و ئەم گۆشتەش خواستی لەسەرە.

حوشترەوان، تەحسین مەولود بۆ ئاژانسی ئانادۆڵ دەشڵێت: "ماوەی سێ ساڵە حوشتر لە خوارووی عێراق دەكڕین و لە هەرێم دەیفرۆشینەوە، لەم جەژنەدا تا ئێستا نزیكەی ٣٠ حوشترمان فرۆشتووە و زیاتر خەڵكی عەرەب خواستیان لەسەری هەیە، جگە لەوەش چەند چێشتخانەیەك بەم دواییە كرانەوە كە گۆشتی حوشتر بۆ میوانەكان ئامادە دەكەن".

ئەو حوشترانەی، كە فرۆشراون و هێشتا نەیانبردوون، ملوانكەیەكی رەنگدار لەملیان دەكرێت بۆ ئەوەی خاوەنەكانییان بیانناسنەوە، لەبارەی نرخ و كێشی حوشترەكانیش، تەحسین مەولود وتی: "حوشترەكان كێشییان لە نێوان ٤٠٠ بۆ ٥٠٠ كیلۆیە و هەر كیلۆی بە ٥ هەزار دینارە و گۆشتێكی بێ چەوری هەیە، لەئێستاشدا چەند دانەیەكی دیكەمان فرۆشراون و چاوەڕێ دەكەین خاوەكانییان بێن بیانبەنەوە".

بەرزی نێرەی حوشتری عەرەبی، لەنێوان مەترێك و ٨٠ سانتیمەتر تاوەكو دوو مەتر دەبێت و كێشەكەی لەنێوان ٤٠٠ بۆ ٦٠٠ كیلۆ گرام دەبێت‌و بەرزی مێیەكەیشی لەنێوان مەترێك و ٧٠ سانتیمەتر بۆ مەترێك و ٩٠ سانتیمەتر دەبێت و كێشی بەڕێژەی لەسەدا ١٠ لە كێشی نێرەی حوشتر كەمترە.

جەژنی قوربان، جەژنێكی تایبەتە بەموسڵمانان، كە چوار رۆژە و موسڵمانانی جیھان لەنێویشیاندا هەرێمی كوردستان وێڕای جەژنە پیرۆزە و گەردن ئازایی ساڵانە لەگەڵ نزیكبوونەوەی ئەو جەژنەدا ئاژەڵ دەكەنە قوربانی وەكو ئەركێكی ئایینی و بە بەجێ گەیاندنی سوننەتێكی پەیامبەر ئیبراھیم كە چیرۆكەكەی لە قورئاندا باسكراوە.

جەژنی قوربان دەكەوێتە رۆژێك دوای ٩ی زی الحجە كە حاجیان لەم رۆژەدا لەكێوی عەرەفە دەوەستن كە گرنگترین پایەی ئەنجامدانی حەجە و ھەروەھا جیاكەرەوەی نێوان حەج و عومرەیە و رۆژی ١٠ی زی الحجە دەبێتە یەكەم رۆژی جەژنی قوربان و لەدوای نوێژی جەژن قوربانیكردن دەستپێدەكات.

هـ ـ ح