ئەمریكا بێدەنگ دەبێت؟
چارەنووسی كوردانی رۆژئاوا لەرێككەوتنە چوارقۆڵییەكەی روسیاو فەرەنساو ئەڵمانیاو توركیا لەسوریا

sharpress.net

6703 جار خوێندراوه‌ته‌وه

23/08/2018‌

شارپرێس: تایبەت
ئامادەكردن: حلمی رەسوڵ رەزا
كۆبوونەوەی رۆژی شەممەی رابردوو، لەنێوان سەرۆكی روسیا "ڤلادێمیر پوتین" و راوێژكاری ئەڵمانیا "ئەنگێلا مێركل"، ئەوەی دەرخست بەرلین گرنگی زۆر بەئاوارە سورییەكان‌و هێنانەكایەی پرۆسەی ئاشتی لەو وڵاتە دەدات. 

لەو چوارچێوەیەدا، مێركل وتی: "پێش هەموو شتێك پێوستە لەسەرمان خۆمان لەئاڵۆزییەكان بەدور بگرین و چارەسەرێك بدۆزینەوە بۆ ئەوەی كارەساتی ئینسانی لێنەكەوێتەوە"، بۆیە شارەزایان وای بۆ دەچن ئەم لێدوانەی مێركڵ ئامادەی ئەوە بێت لەپرۆسەی رێككەوتنەكاندا بەشدار بێت.

لە ماوەكانی پێشوودا، فەرەنسا هەڵوێستێكی لەم جۆرەی هەبوو، بۆیە لەگەڵ روسیا رێكەوت بەناردنی هاوكاری مرۆیی بۆ سوریا، لەم چوارچێوەیەدا وتەبێژی سەرۆكایەتی روسیا "دیمیتری بیسكۆف" رایگەیاند لەكۆبوونەوەی نێوان پۆتین و مێركڵ باس لەوە كراوە كۆبوونەوەیەك ریكبخرێت بۆ هەریەك لە ئەڵمانیا و فەرەنساو توركیا و روسیا بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر كێشەی سوریاو ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد تاكو ئێستا كاتێكی دیاریكراو دانەنراوە بۆ بەستنی ئەو لوتكەیە، بەڵام پێدەچی لەداهاتوویەكی نزیكدا كۆببنەوە.

لەكاتی گەیشتنی سەرۆكی روسیا بۆ ئەڵمانیا، مێركل دووپاتیكردەوە بەوە ئەم كۆبوونەوەیە زۆر گرنگە و دەبێ خۆمانی بۆ ئامادەبكەین و كار بكەین بۆ ئەوەی راوێژكارەكان ئامادەكاری بۆ بكەن. 

هاوكات بە ئەنجامدانی پەیوەندی تەلەفۆنی لە نێوان سەرۆكی روسیا و سەرۆكی فەرەنسا لە 10 ی ئابی ئەمساڵ‌و كۆشكی ئەلیزێ رایگەیاند پێدەچێ كۆبوونەوەیەكی دوو قوڵی لە نێوان سەرۆكی هەردوو وڵاتدا لە مانگی ئەیلول ببەسترێ. 

هەروەها پاریس جەختی لەوە كردەوە گرنگە دانوستان لەگەڵ مۆسكۆ بكرێت دەربارەی سوریا بۆ هێنانە كایەی دۆخێك، كە ئاوارە سورییەكان بە ئارەزوی خۆیان بگەرێنەوە وڵاتەكەیان لەگەڵ بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری بەردەوام لەو وڵاتەدا.

دەربارەی كۆبوونەوە چوارقوڵیەكە، سەرۆكی توركیا جەختی لەوە كردەوە لوتكەكە بە بەشداری روسیاو فەرەنساو ئەڵمانیاو توركیا دەبێت و پێدەچێ لە 7ی ئەیلول لەشاری ئەستەنبول ئەنجام بدرێ. 

لەلای خۆیەوە، وەزارەتی بەرگری روسیا رۆڵی بەشداری كردنی فەرەنسای لەچارەسەكردنی كێشە مرۆییەكانی سوریا بەرز نرخاند، لەو روەوە سەركردەی ناوەندی ئاشتەوایی روسی جەنەرال "ئەلێكسی تسیگانگۆف" ئاماژەی بەوەی كرد فەرەنسا 44 تۆن دەرمان و خێوەت و جل و بەرگی لەمانگی تەموزی ئەمساڵدا ناردوە و فرۆكەیەكی روسیش تێچووی دابەش كردنەكەی گرتووەتە ئەستۆ.

ئەم هەنگاوانە دژی هەڵوێستی ئەمەریكان، بەتایبەتیش دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەو وڵاتە، كە باسی لەوە كرد " 230 ملیۆن دۆلاری بۆ ئاوەدان كردنەوەی سوریا راگرتووە، لە بەرانبەردا سعودیە و دەوڵەتانی تر لە رۆژهەڵاتی ناوەراست ئەو تێچووە لە ئەستۆ دەگرن و ئێمە دەمانەوێ وڵاتەكەمان پەرە پێ بدەین و توانای سەربازیمان پێش بخەین"، پاش ئەوەش وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا خوێندنەوەی  جیاوازی بۆ ئەو بڕیارە كرد.

لەگەڵ ئەمەشدا، كۆشكی سپی رایگەیاند واشنتن پاڵپشتی دوبارە ئاوەدان كردنەوەی سوریا ناكات مەگەر لە پرۆسەیەكی سیاسی راستگۆیانەدا بێت لە ژێر چاودێری نەتەوە یەكگرتوەكان. 

ئەوەی گومانی نەهێشتووەتەوە، ئەوەیە كە كۆبوونەوەكانی ئاشتی دەربارەی چارەسەری كێشەی سوریا لە چوارچێوەی دانوستانەكانی جنیف تا رادەیەك وەستاوە، بەڵام دانوستانەكانی "ئەستانە" ی رێكخراو لەلایەن روسیاوە بەردەوامی هەیە.

بە پاڵپشتی هاوبەشەكانی روسیا، گەیشتوونەتە رێگاچارەیەك بۆ گەرانەوەی ئاوارەكان بۆ شوێنی خۆیان و هەندێ رێكارگیراونەتە بەر بۆ پێشكەشكردنی پاڵپشتی مرۆیی بۆ دانیشتونەكان و توانای زیاتر بگێرێتە بەر بۆ چارەسەرێكی سیاسی و پێدەچێ هەریەك لە فەرەنساو ئەڵمانیا بخزێنە پرۆسەی چارەسەركردنی سیاسیەوە لەسوریا.

واشتنتن رایگەیاند، هێزەكانیان لە سوریا دەمێننەوە تاكو لەناوبردنی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی، لە ماوەكانی پێشودا ترەمپ ئەم قسەیەی لە بەرانبەر پۆتین كرد و یاردەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكاش بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی نزیك "دیڤید ساترفیلد" دووپاتی ئەم هەلوێستەی  كردەوە. 

بە پێی زانیارەكانی پەنتاگۆن، پەخشی دەنگی ئەمەریكا بڵاویكردەوە، چەكدارەكانی داعش تاكو ئێستا 5% ی خاكی سوریایان بە دەستەوەیە، بەتایبەتی لە ناوچەی دۆلی فورات، بۆ زاڵبون بەسەر ئەم تیپانەدا، ویلایەتە یەكگرتوەكان و هاوپەیمانەكانی پرۆسەی سەربازی لەم ناوچەیە جیبەجێ دەكات.

روونە ئەمەریكییەكان پشت بەو سیاسەتانە نابەستن بۆ بەدەستهێنانی ئامانجی سەربازی بەتەنیا و بە پێی هەندێ زانیاری لە سەرچاوە سوریەكانەوە، وا پێدەچێت ئەمەریكا رێگر بێت لە دەست بەسەراگرتنی ئەو ناوچانەی سەر بەهەژمونی ئەون. 

لەلایەكی ترەوە، چەكدارە كوردیەكانی سەربەهێزی سوریای دیموكراتی، كە لە لایەن ئەمەریكاوە پاڵپشتی دەكرێن دەچنەوە ریزی هێزە حكومییەكان و سەركردەكانی ئەو كۆمەلانە لەدانوستاندان لەگەڵ دیمەشق بۆ پێكهێنانی ناوچەی خۆبەڕێوەبەری. 

بەپاڵپشتی مۆسكو، دیمەشق هەندی تەنازولی كردوە لە بەرانبەر كوردەكان، ئەمەش خزمەتی بەرژەوەندی توركیا و ئەمەریكا ناكات.

لە كۆتایی هەفتەی رابردودا، سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند سوپاكەی هەڵدەستیت بەپاككردنەوەی سنوری باكوری سوریای نزیك لەسنوری توركیا لە سەرجەم تیرۆریستان، دیارە ئەردۆگان تەنیا مەبەستی لە داعش و لقەكانی نییە ، بەڵكو كۆمەڵە كوردیەكانیش دەگرێتەوە، و ئەوەی دووپاتكردەوە "سوپای توركیا پرۆسەی سەربازی وەك ئەوەی عفرین ئەنجام دەدات لەبەشەكانی تری سوریا تاكو سنوری عێراقی". 

بە گوێرەی قسەكانی ئەردۆگان هەموو ئەو ناوچانەی لە ژێر دەسەڵاتی ئەمەریكاو هێزەكانی سوریای دیموكراتیدایە لەداهاتودا دەكەوێتە ژێر دەستی ئەنقەرە.

پێدەچێ ئەم پلانەی ئەردۆگان بە یارمەتی ئەمەریكا سەربگرێ، لەم روەوە ، وەزیری بەرگری توركیا "خلوسی ئاكار" رایگەیاند پەنتاگۆن و ئەنقەرە نەخشە رێگایەكیان داناوە بەوەی دەوریاتی هاوبەشیان هەبێا لەو ناوچانەی كە لە پێشدا لە ژێر دەستی هێزە كوردیەكاندا بونە. بە پێی راگەیاندنی ماڵپەری وەزارەتی بەرگری توركیا بێت دەربارەی ئەو دەوریاتە هاوبەشانە، لە داهاتویەكی نزیكدا راهێنانی هاوبەش بە بەشداری سەبازانی توركیاو ئەمەریكا دەست پێدەكات.

لەكاتی سەردانی بۆ مۆسكۆ، وەزیری بەرگری توركیا چاوی بە هاوتا روسیەكەی "سێرگی شویغۆ" كەوت، و هەندێ لە دەزگاكانی راگەیاندنی توركیا باسی ئەوەیان كرد، لەو چاوپێكەوتنەدا گفتوگۆی ورد كراوە دەربارەی پرۆسەی سەربازیی داهاتوی نێوان هێزە سوری و روسیەكان لە ئەدلب، هەروەها ئەو سەرچاوانە رایانگەیاند سەرۆكی دەزگای هەواڵگری توركی " هاكان فیدان" لە كۆبونەوەكە ئامادە بوە، بەوەی سەرپەرشتی ئیدارەی چەكدارەكانی سەر بە توركیا دەكات لە سوریا.

بەوەی توركیا نارازی بو بەرانبەر سەرجەم پرۆسە سەربازیەكانی دیمەشق دژی چەكدارەكان لە ئەدلب و باسی ئەنجامی دانوستانەكانی هەردوولا نەكراوە، بەڵام پێناچێ ئەنقەرە رێگا بدات رژێمی سوریا دەست بەسەر ئەو ناوچانەدا بگرێتەوە كە ئێستا لە ژێر دەسەڵاتێتی.

لەسەر بنەمای ئەم زانیاریانە، شارەزایەكی بواری سەربازی " شامیل گاریف" بڕوای وایە روسیا قسە لەسەر كارەكانی توركیا ناكات و دەیەوێ بەردەوامی بە پەیوەندیەكانی بدات لەگەڵیدا بۆ چارەسەركردنی كێشەی سوریا، لەو بێدەنگیەی روسیاشدا توركیا توانی شاری عەفرین داگیر بكات و بە پێی ئەو رێككەوتنەی كە لەگەڵ مۆسكۆ هەیبوو، ئەنقەرە توانی دەست بەسەر 12 ناوچەدا بگرێت.

هەر بە گوێرەی بۆچونی شارەزایەكی سەربازی، سەختە لە دۆخی پەرەسەندنەكانی سوریا و پێشبینی بكرێت بۆ رووداوەكان لە كاتی بریادانی دیمەشق بۆ چونە ناو ئەدلب، بەڵام هیچ دوور نیە سوپا و هێزەكانی سەربە توركیا راستەوخۆ لەگەل هێزەكانی بەشار ئەسەد روبەروی یەكتری ببنەوە بۆ بەرگری كردن لەو ناوچانەی كە ئێستا لە ژێر دەسەڵاتیدایە.






ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved