كۆبوونەوە سەیرەكە.. كۆدەنگی لایەنە سوننەكان نیشانەی پرسیاری لەسەرە

عیراق

25/08/2018‌ 2979 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
ناوەندە عەشایری‌و سیاسییەكان كە تا كاتێكی نزیكی پێش ململانێی هەڵبژاردن‌و دواتریش لەجەنگێكی میدیایی سەختدا بوون، ئەمڕۆ هەوڵ دەدەن داواكارییەكی یەكگرتوویان هەبێت.

هەر كە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان دوای چاوەڕوانییەكی زۆر ئەنجامی كۆتایی ژماردن‌و جیاكردنەوەی دەستی دەنگەكانی راگەیاند پاش ئەوەی گومان لەو ئەنجامانە كرا، كە لەتەمموزی رابردوودا راگەیەندران، زۆرینەی كوتلە‌و حیزبە سیاسییەكان بە پەلە دەستیان بەئەنجامدانی كۆبوونەوەی كراوە كرد بۆ پێكهێنانی ئەو هاوپەیمانییانەی دەبنە بنەمای گەورەترین فراكسیۆن كە جڵەوی حوكم بۆ چوار ساڵی داهاتوو دەگرێتە دەست.

پارێزگای ئەنباریش (110 كم لە خۆرئاوای بەغدای پایتەخت) ئارام نەبووە‌و هێشتا لەململانێیەكدایە كە بەچارەنووسساز وەسف دەكرێت، ئەویش خۆی لەدەستنیشانكردنی كەسایەتییەكی سیاسیدا دەبینێتەوە كە لەلای هەمووان قبوڵكراو بێت‌و پشتیوانی بكرێت بۆ گرتنەدەستی پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران كە بۆ پێكهاتەی سوننە تەرخان كراوە، چونكە چەند كاندیدێك بۆ ئەو پۆستە هاتنە پێشەوە كە هەوڵی بەدەستهێنانی متمانەی سەركردەی كوتلە سیاسییەكان دەدەن بۆ بەدەستهێنانی كۆدەنگییەك بۆ گرتنەدەستی ئەو پۆستە.

محەمەد رێكان حەلبوسی پارێزگاری ئەنبار كە زۆرترین دەنگی لە هاوپەیمانی "ئەنبار ناسنامەمانە"ی بەدەستهێناوە، هەوڵی گرتنەدەستی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان دەدات لەڕێی لایەنگرانییەوە كە دەستیانكردووە بە ئەنجامدانی كۆڕ‌و كۆنگرەی جەماوەری بۆ راگەیاندنی داواكاری پشتیوانیكردنی ئەو كاندیدكردنە.

حەلبوسی لەدایكبووی 1982وە‌و لەشار كەرمە لەدایكبووە‌و دەرچووی كۆلیجی ئەندازیارییە‌و لەبواری بەڵێندەرایەتی‌و بیناسازیدا كاری كردووە لەڕێی چەندین هاوبەشی لەنێوان كۆمپانیای "بەیتولحەدید" كە باوكی خاوەندارێتی دەكات لەگەڵ چەند كۆمپانیا‌و رێكخراوێكی دیكەدا‌و ژمارەیەكی زۆر پرۆژەی لە پارێزگای ئەنبار جێبەجێ كردووە.

بۆ یەكەمین جار لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ساڵی 2014دا لە فراكسیۆنی (حەل)دا كاندید كرا كە جەمال كەربولی رێبەرایەتی دەكات‌و توانی بگاتە ئەنجومەنی نوێنەران، لە 29ی ئابی 2017یشدا ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار دەنگی لەسەر دەستنیشانكردنی دا بۆ پۆستی پارێزگار لەجێی سوهەیب راوی پارێزگاری پێشوو.

گزنگی حەلبوسی لەدوای تاریك‌و نوتەكییەك دەركەوت كە لە ساڵی 2014وە پارێزگاكەی ماندوو كردبوو كاتێك رێكخراوی داعش كۆنترۆڵی كرد‌و حەلبوسیش وەك رزگاركەر تێیدا دەركەوت‌و هەموو بارودۆخەكە‌و دەرئەنجامەكانی قۆستەوە كە یارمەتیان دا لەماوەیەكی كەمدا كە لە دوو ساڵ تێناپەڕێت، پێگەیەكی جەماوەری بنیات بنێت ركابەری نەكرێت.

سەیر نییە دەنگی پشتیوانی لەچوارچێوەی چەند چالاكییەكی جەماوەریدا بەرز ببێتەوە كە لە میدیادا بانگەشەیان بۆ دەكرێت‌و وەك داواكارییەكی جەماوەری ناسراوە، سەرەڕای بوونی رای جیاجیا كە پێچەوانەی بۆچوونی لایەنگران یان نەیارانن، بەڵام لەوەش سەیرتر ئەوەیە لەنێو ئەم جەماوەرەی یەك كۆنگرەدا كەسایەتی ببینرێت پێشتر نەیاری حەلبوسی بوون، ئەمە جگە لە ئاڕاستەكردنی چەندین تۆمەت بۆ فراكسیۆنەكەی.

بۆیە كاتێك كەسایەتییەك بەقورسایی كەسایەتی شێخ حەمید هایس دەبینیت كە بە لێدوان‌و بۆچوونەكانی سەبارەت بە سیاسییەكانی ئەنبار ناسراوە، بەدوای هۆكارێكی راستەقینەدا دەگەڕێیت وەڵامی بۆ هۆكارەكانی ئەو كۆبوونەوەیە پێبێت، كە دڵی لایەنە دژبەیەكەكانی باش كردووە‌و هەموویانی لەسەر یەك سەكۆ كۆكردووەتەوە.

هایس كە سەرۆكی ئەنجومەنی رزگاركردنی ئەنبارە، قسەی بۆ "نیقاش" كرد‌و وتی: "نەمدەزانی بانگهێشت كراوم بۆ كۆنگرەیەكی عەشایری كە تێیدا كاندیدكردنی محەمەد حەلبوسی بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان رادەگەیەندرێت، بەڵام خۆم لە تەڵەیەكدا بینییەوە كە نازانم چۆن تێیكەوتووم".

زیاتر وتیشی: "هەمووان هەڵوێستی من بەرامبەر سیاسییەكانی ئەنبار دەزانن‌و بوونیشم لە نێو لایەنگراندا لە پرەنسیپی موجامەلەكردن تێپەڕنابێت كە ناچاربووم بەرامبەر هەندێك كەسایەتی سەرپەرشتیاری كۆنگرەكە بینوێنم كە ژمارەی ئامادەبووانی لە كەسایەتییە كاریگەر‌و ناسراوەكان لە بیست كەس تێنەدەپەڕی، هەروەك كۆنگرەكە نوێنەرایەتیی هەموو عەشایری ئەنبار ناكات، سەرباری ئەوەش لە پارێزگای ئەنبار نەبەسترا، بەڵكو لە ماڵی یەكێك لە كەسایەتییەكان لە بەغدای پایتەخت بەڕێوەچوو".

ناكرێت پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران لە ویستی پارێزگایەك یاخود داواكارییەكی عەشایریدا كورت بكرێتەوە، چونكە پۆستێكی سیادییە‌و تەواوی پێكهاتەیەك ململانێی لەپێناودا دەكات بە پاڵپشتی لایەنی سیاسی هەرێمی‌و عەرەبی‌و نێودەوڵەتی‌و ناشكرێت ئەو داواكاریانە كاریگەری لەسەر ئەو ئەجێندانە دابنێن كە هەوڵی سەپاندنی هەژموون‌و باڵادەستی دەدەن لە ململانێی سیاسی عێراقدا.

شێخ عەبدولڕەحمان زەوبەعی سەرۆكی ئەنجومەنی عەشایری فەلوجەیش تووشی شۆك بوو بە ناوەرۆكی ئەو كۆنگرەیە‌و نەیدەزانی كە بۆ كاندیدكردنی حەلبوسی ئامادەبووە، هەرچەندە ستایشی ئەو سەركەوتنەی كرد كە حەلبوسی لە ئیدارەدانی پارێزگاكەدا بەدەستی هێناوە.

زەوبەعی لەوبارەیەوە قسەی بۆ "نیقاش" كرد‌و وتی: "ناكرێت پشت بەو كۆنگرەیە ببەسترێت، چونكە ئەوە نەریتێكی میللی ناوخۆییە‌و ناكرێت كاریگەری لەسەر لێكتێگەیشتنە نێودەوڵەتی‌و هەرێمایەتییەكان هەبێت، پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانیش لە چوارچێوەی ئەو پشككارییەدایە كە هەموو لایەنە سیاسییەكان لەسەری رێكدەكەون".

هەروەها وتی: "سەركەوتنی حەلبوسی لە ئیدارەدانی پارێزگای ئەنبار‌و پێشتریش نوێنەرایەتیكردنی لە ئەنجومەنی نوێنەران دەیخاتە ریزی پێشەوەی ئەو كەسانەی دەكرێت پۆستی سەركردایەتی‌و ئیداری باڵا بگرنە دەست، بەڵام پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران تەنیا بەو تایبەتمەندیانەوە ناوەستێت كە كاندیدەكە هەیەتی، بەڵكو دەبێت سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران شارەزایی‌و پەیوەندی باشی هەبێت لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆیی‌و نێودەوڵەتی".

لەچوارچێوەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانیشدا دەبێت ئەو كۆنگرە‌و هاوپەیمانیانە ویستی نێودەوڵەتییان لێ بكەوێتەوە كە خۆی لە پشتیوانیكردنی كەسایەتییەك‌و دوورخستنەوەی یەكێكی دیكەدا دەبینێتەوە، رەنگە ئەو ڤیتۆییەی سعودیە‌و قەتەر‌و توركیاش هەیانە كاریگەری زۆری لەسەر دەرئەنجامەكانی پرۆسەی سیاسی هەبێت.

عەبدولڕەحمان لویزی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پارێزگای موسڵ لە لێدوانێكی تەلەفزیۆنیدا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە "تای ململانێی نێوان سعودیە‌و قەتەر، پاڵی بە سعودیەوە نا پێش رووداوەكان بكەوێت‌و چرای سەوز بۆ هاوپەیمانی میحوەر هەڵبكات كە بەم دواییانە پێكهێنرا‌و پشتیوانی بۆ كاندیدكردنی حەلبوسی راگەیاند".

لەنێوان گوشارە سیاسییە ناوخۆیی‌و دەرەكییەكان‌و ویستی جەماوەردا كە هەوڵ دەدات نوێنەرایەتیكردنێكی سیادی هەبێت، هەندێك لە چاودێران‌و شرۆڤەكاران وای دەبینن ئەو كۆبوونەوە دەگمەنە ئاماژەیە بۆ ئەو پلانە گەورانەی رەنگە هەوڵی پەكخستنی نموونە سیاسییە سەركەوتووەكان بدەن.

ئیبراهیم موسڵیح كە یەكێكە لە كەسایەتییەكانی شاری فەلوجە (60 كم لە خۆرئاوای بەغدای پایتەخت) سەبارەت بەو بابەتە قسەی بۆ "نیقاش" كرد‌و وتی: "سووربوونی هەمووان لەسەر كاندیدكردنی حەلبوسی‌و كۆبوونەوەی لایەنە ناكۆكەكان سەبارەت بەو داواكارییە، وەك تەڵەیەك وایە مەبەست لێی خستنی پارێزگاری ئەنبارە كە بۆ هەمووان دەركەوتووە شایانی سەركردایەتیكردنە، وا دیارە ئەو سەركەوتنانەی بەدەستیهێناون‌و ئەو خێراییەی پێی گەیشتووەتە نێو دڵی هەمووان، زۆركەسی ترساندبێت".

وتیشی: "هەر كەسێك سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی وەرگرتبێت سەركەوتوو نەبووە لە خزمەتكردنی لایەنگرانی، هۆكاری ئەوەش بەدڵنیایی ئەوە بووە كە ئەو كار بۆ عێراق دەكات بەگشتی بۆیە دەیانەوێت حەلبوسیش هەروا دووربێت لە لایەنگرانی تا پشتیوانی‌و كۆبوونەوەیان لەدەوری لەدەست بدات وەك ئەوەی لەگەڵ چەند كەسایەتییەكدا روویدا كە پێشتر ئەستێرەی سیاسییان گەشایەوە‌و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانیان وەرگرت، پاشان پێگە جەماوەرییەكەیان لەدەست دا".